سەرەکی » ئاراستە » شه‌هید جه‌مال سكتانی‌ فه‌رمانده‌ی‌ كه‌رتی‌ 3ی تیپی‌ 91ی‌ سه‌فین

شه‌هید جه‌مال سكتانی‌ فه‌رمانده‌ی‌ كه‌رتی‌ 3ی تیپی‌ 91ی‌ سه‌فین

حەیدەر مەنتك

شه‌هید جه‌مال سكتانی‌ فه‌رمانده‌یه‌كی‌ جوامێر و كه‌سایه‌تییه‌كی‌ جه‌ماوه‌ری‌ و پێشمه‌رگه‌یه‌ك لێوان لێواو له‌ دڵسۆزی‌ بۆ خاك و نه‌ته‌وه‌، پێشمه‌رگه‌یه‌ك تا سه‌رئێسقان خۆشه‌ویست و خۆنه‌ویست.
هه‌ڤاڵ رێبوار كونه‌فلوسه‌یی پێشمه‌رگه‌ی‌ دێرین له‌ تیپی‌ 91ی‌ سه‌فین، ده‌رباره‌ی‌ شه‌هید جه‌مال وتی‌: سه‌ره‌تا سه‌ری‌ رێزو نه‌وازش بۆ شه‌هید جه‌مال سكتانی‌ و سه‌رجه‌م شه‌هیدان داده‌نه‌وێنم، له‌ راستیدا له‌گه‌ڵ شه‌هید ته‌مه‌نی‌ هاوڕێیه‌تی‌ و هاوسه‌نگه‌ریمان نزیكه‌ی‌ ساڵێكی‌ خایاند، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ به‌درێژایی ژیانم له‌ بیری‌ ناكه‌م بوێری‌ و قاره‌مانی‌ و قسه‌ خۆشی‌ و لایه‌نی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ ئه‌و هه‌ڵۆ به‌رزه‌ فڕه‌یه‌.
باسكردن له‌ هه‌ر لایه‌نێكی‌ ژیانی‌ ئه‌و شه‌هیده‌ به‌چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌ك ته‌عبیر ناكرێت، چونكه‌ ئازایه‌تی‌ ئه‌و پیاوه‌ به‌ڕاستی‌ جێگای‌ سه‌رسوڕمان بوو بۆ هه‌موومان.
شه‌هید جه‌مال جیهانێك بوو له‌پاكی‌، ئاسمانێك بوو پڕ له‌ هیوا و خوێندكارێكی‌ زیره‌ك و به‌ سه‌لیقه‌ و به‌هره‌مه‌ندی‌ رێبازه‌كه‌ی‌ مامی‌ گه‌وره‌مان بوو، پیاوێكی‌ رووخۆش و ئه‌دایه‌كی‌ جوانی‌ هه‌بوو له‌ قسه‌كردن، وره‌یه‌كی‌ پۆڵاین بوو بۆ پێشمه‌رگه‌ و هاوڕێكانی‌، خۆشه‌ویستی‌ و هه‌ستی‌ بۆ نیشتمانه‌كه‌ی‌ وای‌ لێكردبوو كه‌ هه‌میشه‌ له‌ پێشی‌ پێشه‌وه‌ی‌ شه‌ڕه‌كان بێت و گورزی‌ جه‌رگبڕ له‌ فاشیه‌كان بووه‌شێنێت.
شه‌هید سكتانی‌ له‌رووی‌ جه‌ماوه‌ریه‌وه‌ پێاوێكی‌ كراوه‌وخاكی‌ بوو هه‌میشه‌ به‌ره‌وشته‌ به‌رزه‌كه‌ی‌ خۆی‌ وا لێكردبوو گوندنشینه‌كان رێزی‌ زیاتری‌ ئێمه‌ش و ته‌واوی پێشمه‌رگه‌ بگرن به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌.
به‌ڵام داخی‌ گرانم زۆربه‌ی‌ ئه‌وانه‌ی‌ فه‌رمانده‌ی‌ ئازاو دلێر بوون ته‌مه‌نیان كورت بوو، هه‌روه‌ك ئه‌ویش له‌ رێكه‌وتی‌ 5/1/1986 گه‌یشته‌ كاروانی‌ نه‌مران له‌ چیای‌ ئاوه‌ گرد.

ژیاننامه‌كه‌ی
شه‌هید جه‌مال ئیبراهیم مسته‌فا حه‌مه‌د ناسراو به‌ جه‌مال سكتانی‌، له‌دایكبووی ساڵی‌ 1949ی گوندی‌ (سكتان)ی ناحیه‌ی‌ سكتان له‌ قه‌زای‌ كۆیه‌.
ساڵی 1970 بۆته‌ پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی‌ ئه‌یلول تا نسكۆی‌ 1975ی شۆڕش، ساڵی 1979 په‌یوه‌ندیكردووه‌ به‌ رێكخستنه‌كانی‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی كوردستانه‌وه‌ و ساڵی 1980 بووه‌ به‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌ی‌ خۆشناوه‌تی‌، دواتر له‌ تیپی‌ 91ی‌ سه‌فین درێژه‌ی‌ به‌ پێشمه‌رگایه‌تی‌ داوه‌ و بۆته‌ فه‌رمانده‌ی‌ كه‌رتی‌ 3ی ئه‌و تیپه‌.
له‌ ژیانی‌ پێشمه‌رگایه‌تییدا به‌شداریی‌ ده‌یان داستان و نه‌به‌ردی‌ و شه‌ڕی‌ كردووه‌، له‌وانه‌: سه‌ركه‌ند و زێبار، شه‌ڕی‌ قه‌راسنج، لێدانی‌ ره‌بایه‌كانی‌ كۆرێ‌ حوجران و كۆیه‌ و لێدانی‌ ره‌بایه‌كانی‌ هیزۆپ و كانیماران، شه‌ڕی‌ بالیسان و لێدانی‌ ره‌بایه‌كانی‌ هیرا ن و شه‌قڵاوه‌ و مه‌سیف.
به‌داخه‌وه‌، رۆژی 5 /1/ 1986 له‌ هێرشێكی سوپای به‌عس بۆ چیای‌ (ئاوه‌گرد)ی سنووری مه‌ڵبه‌ندی‌ 3ی هه‌ولێر، شه‌هید كراو بووه‌ یانزه‌یه‌مین شه‌هیدی بنه‌ماڵه‌كه‌ی.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*