سەرەکی » ئابووری » ئێران دوو دەروازەی سنووریی لەگەڵ عیراق داخست

ئێران دوو دەروازەی سنووریی لەگەڵ عیراق داخست

عەلائەدین قەیسی بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان لە دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عیراق، لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، كە دەروازەی سنووری شەلامجە لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران داخراوە.
بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان لە دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عیراق راشیگەیاندووە، بەهەمان شێوە دەروازەی (شیب)ی سنووری بۆ جوڵەی گەشتیاران لە عیراقەوە بەرەو ئێران داخراوە، بەڵام بۆ كاروباری بازرگانی كراوە دەبێت.
ئاماژەی بەوەشكردووە، داخستنی دەروازەكە لەسەر داوای لایەنی ئێرانی بووە بەهۆی خۆپیشاندانەكان، كە لە زۆربەی شارەكانی ئەو وڵاتە سەریهەڵداوە.
عەلائەدین قەیسی تەئكیدیشیكردۆتەوە، ئەو گەشتیارە عیراقیانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەكەیان، ئەوا بەشێوەیەكی سروشتی و بەبێ ‌هیچ گرفتێك دەتوانن بگەڕێنەوە.

حكومەت پاشگەز نابێتەوە
هاوكات لەچوارچێوەی خۆپیشاندانی هاووڵاتیانی ئێران لە دژی گرانكردنی نرخی بەنزین،عەلی خامنەیی رێبەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، پێویستە پلانی بەرزكردنەوەی نرخی بەنزین وەك خۆی جێبەجێبكرێت.
تەلەفزیۆنی رەسمی ئێران لە زاری عەلی خامنەییەوە بڵاویكردۆتەوە، كە زیادكردنی نرخی بەنزین لەسەر راوبۆچوونی شارەزایان بووە‌و پشتگیری راو بۆچوونی ئەنجومەنی باڵای ئابووری دەكەم، كە نوێنەری هەرسێ‌ سەرۆكایەتی یاسادانان‌و جێبەجێكردن‌و دادوەری تێدایە.
راشیگەیاندووە، گومانی تێدا نییە كە بەشێك لە خەڵكی نیگەرانن بەرامبەر بە بریاری زیادكردنی نرخی بەنزین‌و لەوانەیە لەبەرژەوەندی هەندێكیشدا نەبێت، بەڵام بریاری سەرۆكی هەرسێ‌ سەرۆكایەتیەكە دوای لێكۆڵینەوەیەكی ورد بووە، بۆیە پێویستە وەك خۆی جێبەجێبكرێت.
عەلی خامنەیی هەمو كارێكی تێكدەرانەشی خستە ئەستۆی نەیارانی شۆڕش و دوژمانانی ئێران.

60 ملیۆن هاوڵاتی ئێران سوودمەند دەبێت
پێشتریش سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین موحەمەد باقر نەوبەخت سەرۆكی دامەزراوەی بەرنامەو بودجەی ئێران رایگەیاندبوو، بڕیاری زیادكردنی نرخی بەنزین بە رەزامەندی هەر سێ‌ سەرۆكایەتیەكەی وڵات بووە‌و لەماوەی چەند ساڵی رابردووشدا تێبینی ئەوەمان كردووە بەكارهێنانی بەنزین زۆر زیادیكردووە‌و هیوادارین لەڕێگەی بەرزكردنەوەی نرخەكەیەوە كۆنترۆڵی بكەین، جگەلەوەش ئەو بڕیارە 60 ملیۆن هاوڵاتی ئێران لێی سوودمەند دەبێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*