سەرەکی » مانشێت » لە رۆژژمێری ساڵدا، رۆژ نییە یادی شەهیدبوون و سەروەری و ئازایەتی رۆڵەیەكی یەكێتی تیانەبێت

مەكتەبی سیاسی:

لە رۆژژمێری ساڵدا، رۆژ نییە یادی شەهیدبوون و سەروەری و ئازایەتی رۆڵەیەكی یەكێتی تیانەبێت

بەیاننامەی مەكتەبی سیاسی بۆ رۆژی شەهیدی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

جەماوەری خۆڕاگری كوردستان!
كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان!
رۆژی (21/11/1976)، كە هێشتا زۆر نەبوو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دامەزرابوو، شۆڕشی نوێ‌ لە سەرەتای هەڵگیرساندا بوو، رژێمی لەناوچووی بەعس، شەهیدانی سەركردە (شیهابی شێخ نوری، جەعفەر عەبدولواحید، ئەنوەر زۆراب)ی لەسێدارە دا. شەهیدەكان وانەی «كەم ژیان، كەڵ ژیان»یان داهێنا و جەلادەكانی بەعسیان تووشی شۆك و زیندانەكانیشیان كردە سەنگەرێكی تری بەرگریی كردن لە گەلی كوردستان و وزە و تینی زیاتریان دایەوە بە شۆڕش. یەكێتی، وەك هێزێكی پشوودرێژ و رچەشكێنی كوردایەتی، لە هەلومەرجێكی دژوار و سەختدا، كە نائومێدی باڵی كێشابوو بەسەر دەروونی هەموو كوردێكی دڵسۆزدا، جاڕی هەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێی دا و لە (44) ساڵ خەباتدا، زیاتر لە (20) هەزار رۆڵەی قارەمان و جوامێری لە سەنگەر و زیندانەكاندا گیانیان كردە قوربانی رزگاری ‌و ئازادی كورد و كوردستان، لە رۆژژمێری ساڵدا، رۆژ نییە یادی شەهیدبوون و سەروەری و ئازایەتی رۆڵەیەكی یەكێتی تیانەبێت، گۆڕستان نییە بە دەیان كێلی بەرز و پیرۆزی پێشمەرگە و تێكۆشەری یەكێتی تیانەبێت.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هێزی راپەڕاندنی ئەركە سەختەكان بووە، هێزی رۆژی تەنگانەیە، بۆیە هەمیشە رۆڵەكانی لە پێشەوەی سەنگەری قوربانیدان بوون بۆ كوردستان، لەهەر دۆخێكدا، كوردستان پێویستی بە قوربانیدان بووبێت، سەركردە و پێشمەرگە و كادیر و تێكۆشەرانی یەكێتی گیانیان لەسەر دەستیان بووە و پێشكەشی كوردستانیان كردووە. بۆیە بە پیرۆزییەوە لە یاد و بیرەوەری شەهیدانی یەكێتی و هەموو شەهیدانی كوردستان دەڕوانین، لە ئاست كێلی بەرزی گۆڕەكانیاندا سەری رێز و وەفا دادەنەوێنین.
شەهیدان لەپێناوی گەلێك ئامانجی پیرۆز و رەوادا، گیانیان بەخشی، بەشێكیان وەك مافی دەستووری لە عیراقدا بەدیهاتوون و بەشێكی تریان هێشتا بەدینەهاتوون، كە پێویستیان بە خەباتی هەمەلایەنەی هەموو هێزە تێكۆشەرەكانی كوردستانە، دەستكەوتە بەدیهاتووەكانیش لەبەردەم مەترسیدان و بەرپرسیارێتی لایەنە كوردستانییەكانە، بەیەكهەڵوێستی بیانپارێزن.
لە رۆژی «شەهیدی یەكێتی»دا، رایدەگەیەنین، ئەركەكانمان سەختن، راپەڕاندنیان هیممەتی كوردانە و دڵسۆزانەی دەوێت. لە ئاستی عیراقدا دۆخێكی ئاڵۆز لە ئارادایە، هێشتا روون نییە چۆن یەكلایی دەبێتەوە، مەترسییەكانیش لەسەر مافە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان و ناوچە كوردستانییە دابڕێنراوەكان كەم نین، نابێ‌ نادیدەی بگرین.
لە ئاستی ناوخۆی كوردستانیشدا، لەم رۆژە پیرۆزەدا، بە پێویستی دەزانین بە بیری هەموولایەكی بێنینەوە، بەتایبەتی كاربەدەستان لە پەرلەمان و حكومەت، كە هەموولایەك قەرزارباری لەدەستدانی ژیانی هاوڕێ ‌‌و هاوسەنگەرە شەهیدەكانمان و كەسوكار و خێزانەكانیانین، قەرزارباری ئەو گەلە تێكۆشەرەیان، كە ماڵوێرانی و ئازاری زۆریان چەشتووە بۆ بەدیهێنانی دەستكەوتەكانی ئێستا، بۆیە شایستەی باشتركردنی گوزەران و خزمەتگوزارییەكان و دابینكردنی ژیانێكی شایستەترن.
لە ئاستی یەكێتی دا، وەفاداری بۆ شەهیدان، درێژەپێدانی خەباتەكەیانە، پابەندبوونە بە رێبازی مام جەلال و بەستنی چوارەمین كۆنگرەی یەكێتی ‌و سەركەوتنێتی بەگیانێكی بەرزی هەڤاڵانە و پەرۆشی بۆ ئایندەی یەكێتی، تا وەك هێزێكی رچەشكێن و قاڵبووی خەباتی كوردایەتی، تۆكمەتر و بەهێزتر، خۆی بۆ راپەڕاندنی ئەركەكانی ئێستا و داهاتوو ئامادە بكات و لە ئاستی داخوازی و چاوەڕوانی گەلی خۆڕاگری كوردستاندا بێت.
لەم ڕۆژە پیرۆزەدا، سڵاوی ئەمەك و وەفا دەنێرین بۆ رۆحی پاكی شەهیدان، بۆ كەسوكارە سەربەرزەكانیان، بەڵێن دووپات دەكەینەوە، رێبازەكەیان بەرنەدەین و هەمیشە كێلی بەرزی گۆڕەكانیان دوورنمای خەباتمان بێت.

مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان 21/11/2019

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*