سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » بلومبێرگ ركابه‌ری تره‌مپ ده‌كات

بلومبێرگ ركابه‌ری تره‌مپ ده‌كات

مانگی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی داهاتوو، له‌ ئه‌مریكا هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كرێ و له‌ ئێستاشه‌وه‌ ده‌یان كه‌س به‌نیازن خۆیان بۆ ئه‌و پۆسته‌ باڵایه‌ كاندید بكه‌ن، كه‌ ته‌نها له‌ناو دیموكراته‌كاندا 17 كاندید هه‌یه‌. یه‌كێك له‌وانه‌ «مایكڵ بلومبێرگ» گه‌وره‌ سه‌رمایه‌دار و سیاسه‌تمه‌دار و بازرگان و نووسه‌ری ئه‌مریكییه‌، كه‌ خاوه‌نی سه‌رمایه‌یه‌كی زیاتر له‌ 54 ملیار دۆلاره‌.
بلومبێرگ له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا مه‌یلی خۆی ئاشكراكرد كه‌ ده‌یه‌وێت ئه‌و پۆسته‌ له‌ تره‌مپ بستێنێ و جێ پێی له‌ق بكات.
به‌قسه‌ی خۆی، ده‌یه‌وێت ئه‌مریكا بگۆڕێ و له‌ده‌ست ئه‌و باره‌ نه‌خوازراوه‌ی كه‌ له‌ ئه‌نجامی سیاسه‌تی تره‌مپ و پارته‌كه‌ی تووشی هاتووه‌، ده‌رباز بكات.
ئه‌و سیاسه‌تمه‌دار و نووسه‌ره‌ ته‌مه‌نی 77 ساڵه‌ و یه‌كێكه‌ له‌ گه‌وره‌ترین هه‌شت زه‌نگینه‌كه‌ی سه‌ر ئاستی هه‌موو جیهان، خاوه‌ن ده‌زگایه‌كی گه‌وره‌ی میدیایی و ئابوورییه‌ به‌ناوی «ده‌زگای بلومبێرگ». پیشتریش له‌ 2002 تا 2013 پۆستی سه‌رۆكی شاره‌وانی نیویۆرك سیتی هه‌بووه‌ و سیاسه‌تمه‌داری دیموكراته‌كانه‌.

ده‌یه‌وێت له‌ تره‌مپ بباته‌وه‌
مایكڵ بلومبێرگ له‌ تویتێكیدا له‌باره‌ی هۆكاری خۆكاندید كردنییه‌وه‌، نووسیویه‌تی: «خۆم كاندید ده‌كه‌م تاكو دۆناڵد تره‌مپ تێكبشكێنم، چونكه‌ به‌رگه‌ی چوار ساڵی تری هه‌ڵه‌ و پۆخڵه‌واته‌كانی سه‌رۆكی ئێستا ناگرم». ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ «بنیادنانه‌وه‌ی ئه‌مریكا»ی كردووه‌ به‌دروشمی سه‌ره‌كیی خۆی له‌و هه‌ڵبژاردنه‌ و پێشتریش رایگه‌یاندبوو كه‌ له‌ حاڵه‌تی چوونه‌ ناو پرۆسه‌كه‌وه‌، هیچ پاره‌یه‌ك له‌هیچ ده‌وڵه‌مه‌ندێك وه‌ك یارمه‌تی وه‌رناگرێت بۆ كه‌مپینی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی و هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر پۆستی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مریكاشی به‌ده‌ستهێنا، ئه‌وا خۆبه‌خشانه‌ كاره‌كان راده‌په‌ڕێنێ و مووچه‌ وه‌رناگرێت.
به‌گوێره‌ی پێگه‌ی فۆربیس بێت، سه‌روه‌تی بلۆمبێرگ 17 ئه‌وه‌نده‌ی سه‌روه‌تی تره‌مپ زیاتره‌.

گرنگ تره‌مپ بدۆڕێت
ئه‌و كاندیده‌ له‌ ئێستاوه‌ بۆ هه‌ڵمه‌تی پڕوپاگه‌نده‌ی خۆی گرێبه‌ستێكی گه‌وره‌ی ئیمزاكرد كه‌ بایی 31 ملیۆن دۆلار ده‌بێت و گه‌وره‌ترین گرێبه‌ستی پڕوپاگه‌نده‌یه‌ بۆ ئه‌و پۆسته‌.
ئه‌وه‌شی وتووه‌ كه‌ ئاماده‌یه‌ تا 100 ملیۆن دۆلار له‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا خه‌رج بكات له‌پێناوی خستنی تره‌مپ و لێسه‌ندنه‌وه‌ی ئه‌و پۆسته‌ی.

داوای باجی زیاتر ده‌كات
له‌ماوه‌ی كاری سیاسی و میدیاییدا ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ به‌وه‌ به‌ناوبانگه‌ كه‌ ده‌یه‌وێت باجی زیاتر بخرێته‌ سه‌ر ده‌وڵه‌مه‌ند و سه‌رمایه‌دارانی وڵاته‌كه‌ی، له‌پێناوی پێشخستنی كه‌رتی ته‌ندروستی و كردنه‌ خۆڕایی بواری په‌روه‌رده‌ و خوێندن و كاری تری خزمه‌تگوزاری بۆ هاووڵاتیان. هه‌روه‌ها زۆر داكۆكی له‌پاراستنی ژینگه‌ و پاك راگرتنی ئاو و هه‌وایه‌كی خۆش ده‌كا و له‌ساڵانی رابردوودا ده‌یان ملیۆن دۆلاری پێشكه‌ش به‌و ده‌زگا و لایه‌نانه‌ كردووه‌، كه‌ كار بۆ پاراستنی ژینگه‌ ده‌كه‌ن.
مایكڵ بلومبێرگ له‌ناو پارته‌كه‌یدا هه‌میشه‌ له‌دژی توندوتیژی و هه‌ڵگرتنی چه‌كه‌ له‌لایه‌ن هاووڵاتیانه‌وه‌، بۆیه‌ داوای گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی توند ده‌كات له‌باره‌ی هه‌ڵگرتنی چه‌كه‌وه‌.

ده‌زگاكه‌ی خۆی ئاماده‌ ده‌كات
به‌و پێیه‌ی خاوه‌ندارێتی ده‌زگایBloomberg News بۆ ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، هه‌ر له‌دوای راگه‌یاندنی خۆكاندیدكردنی، وته‌بێژی ده‌زگاكه‌ ئاشكرایكرد كه‌ له‌مه‌ودوا توخنی ژیان و گوزه‌ران و كاره‌ نهێنییه‌كانی بلۆمبێرگ ناكه‌ون و هیچی له‌سه‌ر نانووسن، چونكه‌ نه‌بادا به‌ زیان بۆ پرۆسه‌كه‌ ته‌واو بێت. وتیشیان كه‌ هیچ ماده‌ و وتارێك به‌بێ ئیمزای خۆی بڵاو ناكرێته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌: شپیگل ئۆنلاین، فۆكۆس، دۆیچه‌ڤێلا

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*