سەرەکی » راپۆرت » رۆڵی روسیا لە دۆسێی كورد و دیمەشق دا چی دەبێت؟

شرۆڤەی رۆژ

رۆڵی روسیا لە دۆسێی كورد و دیمەشق دا چی دەبێت؟

هەواڵ و بەدواداچوون

دۆخی سوریا بەرەو گۆڕانكاریی گەورە هەنگاو دەنێت، وێڕای رێكەوتنی روسیا-توركیا، هێشتا توركیا لەبەرنامەیدایە درێژە بە هێرشەكانی بدات بۆ سەر رۆژئاڤا، لەلایەكی دیكەشەوە روسیا لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا لە رێی تیمی وەزارەتی دەرەوە جەخت لەسەر یەكگرتنی بەپەلەی هێزەكانی سوریای دیموكرات لەگەڵ سوپای سوریا دەكاتەوە.

وەزیری دەرەوەی روسیا هۆشداریی دەدات
سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا، رۆژی سێشەممە هۆشداری بە سوریای دیموكرات دا بۆ ئەوەی بەر لە كشانەوەی ئەمریكا لە سوریا، كورد بڕیاری خۆی لە دانوستان و گفتوگۆی فراوان لەگەڵ حكومەتی دیمەشق بدات.
لەسەر ئەو لێدوانانەی لاڤرۆڤ، دوو شت پێویستیان بە روونكردنەوە هەیە، یەكەم: روون نییە كە ئەمریكا كەی دەیەوێت لە سوریا و بە دیاریكراویش لە رۆژئاڤا بكشێتەوە؟، یەكێك لە ژەنەڕاڵەكانی هێزەكانی ناوەندی ئەمریكا دەڵێت، «كاتێكی دیاریكراو بۆ كشانەوەی ئەمریكا لە سوریا نییە». بەمەش ئەگەر روسیا دەیەوێت هۆشداریی بدات و كورد ئاگادار بكاتەوە لە پرسی دەستپێكردنی دانوستان و گفتوگۆی فراوان، ئەوا دەبێت بەشی ئەوەش ئاگاداری خواست و داواكارییەكانی كوردیش بێت بۆ پرسی دانوستانەكان.
دووەم، روسیا زۆر جەخت لەوەدەكاتەوە رۆڵی نێوەندگیریی لە نێوان كورد و حكومەتی دیمەشق دەگێڕێت، بەڵام رۆڵی روسیا دەكرێت لەوە زیاتر بێت، كە ئەویش رۆڵگێڕانی مێژوویی مۆسكۆیە لەنێوان هەردوو لایەن، واتە روسیا دەتوانێت دۆستێكی عەیارە 24ی سوریا بێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەكرێت رۆڵی پێویست بگێڕێت بۆ جێبەجێكردنی خواست و مافەكانی كورد لە رۆژئاڤا.

״دیمەشق مافەكانی كورد دەستەبەر بكات״
بۆیە دەكرێت ئەو هۆشدارییەی روسیا بۆ كورد لە گەرمەی ئەو دۆخەی كە لە ناوچەكەدا دەگوزەرێت، گرنگ بێت و لە جێی خۆی بێت بۆ ئەوەی كورد دەست بە گفتوگۆی هەمەلایەن و فراوان بكات لەگەڵ دیمەشق، بەڵام نابێت ئەوەش لە بیر بكەین كە كورد چاوی لە دانوستانێك نییە كە هەم قەوارە سیاسییە سەربەخۆكەی، هەم هێز و جوگرافیا پڕ بەرهەمەكەی بخاتەوە بەردەستی سوریا كە خۆی هیچ رۆڵێكی تێیدا نەبێت.
رۆژئاڤا دەوڵەمەندە لەڕووی نەوت و زەوی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوەوە، بۆیە كاتێك روسیا داوای دانوستانی فراوان و بە پەلەی كورد لەگەڵ دیمەشق دەكات، پێویستە روسیا لەو گفتوگۆیانەدا هانی دیمەشق-یش بدات بۆ دەستەبەركردنی مافەكانی كورد.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*