سەرەکی » کەلتوور » سینەماچی؟!

سینەماچی؟!

هاوار مستەفا خان

بەشی سی و چوار

لەژێر ناوی» سینەما..چی؟!» کە لەبنەڕەتدا پەڕتۆکێکە و لەگەڵ چەند ئەڵقەیەکی دیکە کە لێرە لە کوردستانی نوێ بڵاوی دەکەینەوە، بیرەوەریی هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی زیاتر لە جارەگە سەدەیەکی خوێندنەوەو بینین و نووسین و رەخنەی سینەمایی و دروستکردنی فیلم و رۆشنبیریی سینەماییەو وابڕیارە لەماوەی داهاتوودا لە دووتوێی پەڕتۆکێکدا «رەنگە زیاتر»یش چاپ و بڵاوبکرێتەوە.
لێرەدا، هەوڵدەدەم چەند بیرەوەرییەکی تەمەنی جوانی و بەخۆڕایی بەفیڕۆچوونی ئەو سەردەمە باس بکەم کە چەند تامەزرۆی سینەما بووین و چەند هەوڵماندا بیگەینێ کەچی جەنگ و شەڕ و ئاشوبی هەشت ساڵەی عیراق ئیران و سیاسەت و ململانێی ناتەندروست و درێژخایەنی هێزەکانی گۆڕەپانی باشوری کوردستان لەشاخ و شار، دەیبردینەوە کۆڵانەکانی پشتەوەو هەر بەحەسرەتی ئەوەی دونیای جوانی و فانتازیی سینەماییمان دروست بکەین، بەردەوام بووین و کۆڵمان نەدا، بەڵام ساڵ دوای ساڵ سەخت و دژوارتر دەبوو بەدیەێنانی خەون و خولیاکانی گەنجی و جوانیمان، هەر ئەوەش وای لێکردین بەو جوانیەوە، جوانتر سینەما لەگەڵ خۆماندا پەروەردە بکەین.

ووتم؛ ئەسعەد بەچەند سەعاتی دیکە ئەگەینە ئێران؟ پێکەنی، ووتی؛ ئەدی خزما ئیستا ئەمە لەکێندەرێین؟. باشە باش پێم بڵێ زۆرمان ماوە؟ ئەو شاخه ئەبڕین و تەواو!. زیاتر لە شاخێکمان بڕی هەر تەواو نەبوو، خوا خێری ئەو دەستانە بنووسی کە ئەو ماست و نانی کوردیەی درووست کردوو لە ژێر کەپرەکەی مام حەمەدی مەڕان پێیداین وەنەبا ئێستا ئەو پرسیارانەم نەئەکردو هێندە لەخۆمڕا نەدەدیت دیسان ئەو هەموو شاخانە تێپەڕێنم.
ئەسعەد لە رێگا زوو زوو گۆرانی ئەوت، پێکەنینیشی دەهات و وا خۆی نیشان نەدەدا کە پڕبووە لە پێکەنین، دیاربوو پێکەنینەکەی زیاتر بەمن دەهات، زانیبووی جانتاکەم کتێبی تێدایە، خەنی بوو بوو ئەوەندەی پێبکەنێت. خۆم پێڕانەگیرا ووتم؛ ئەرێ ئەوە تۆ گۆرانی ئەڵێی یان پێدەکەنی؟ چیتە؟.
ووتی؛ چەند مەترێکمان ماوە، ئیتر بەرەو خوارەوە شۆڕ دەبینەوەو کاروانەکەمان چیدیکە بە پێیان رێناکات.
لەگەڵ ئەسعە فایدەی نەبوو، بەر لەوەی خۆر داکەوێت، کەوتینە بەردەستی هەندێك گەنجی چەکدار، شێوەیان تەواو لە پێشمەرگە دەچوو، بەڵام دیوی ئێران و بندەستی حکومەت چلۆن دەبێت پێشمەرگەی لێبێت؟. کەوتنە پشکنینی جانتا و بەر و باخەڵمان گەڕان و بە پێکەنینەوە ووتیان: چەکتان پێنیە؟ چەقۆ؟ دەمانچە؟. من و کەریمۆکیش بە پێکەنینەوە وتمان تەنها قەڵممان پێیە؟ ئەوانیش پێکەنین و من گوێم لێنەبوو، بەڵام کەریمۆکی هاوڕێم زوو زوو دەیگێڕایەوە کە گاڵتەیان بە ئێمە هاتبوو لەدەست ئەو بارودۆخە رامان کردووە، ئەوان ووتبوویان پیاو دەبێ کەم بژی و کەڵ بژی..
تازە هانامان بۆ ئێرە هێناوەو ئەگەر پێشتر لەو شاخ و کێوانە بە ئازادیی هەوای خاك و وڵاتی خۆمانمان هەڵدەمژی، لێرە بەدوا ئەویش بە ویستی ئێمە نابێت و بەتەواوی لە ژێر کۆنتڕۆڵداین.
دوای پەیوەندیی ئەوان لەگەڵ کاربەدەستانی دەوڵەت، تێیانگەیاندین کە ئەوان بەودەم و دەستە و ئێوارەیە نایەن بەدوای ئێمەدا، بەڵکو ئێوە دەبەینە ماڵێکی ئەو گوندانەو بەیانی ئۆتۆمبێلی دەوڵەت دێت و دەتان بەن بۆ قەمتەرانێ.

فەردەی سێو و خەوی بن لێفێ
ئێمەیان کردە دوو بەش و من و کەریمۆك رادەستی ماڵێک کراین و بە حورمەتەوە وتیان ئەم شەو لێرە دەبن، لەبەر دەرگای ماڵەکە چاوم ئابڵەق بوون بە دیتنی دوو فەردە سێوی سور، یەکەمجارم بوو سێوی ئێرانی لەنزیکەوە و لەناو فەردەدا ببینم، هەر یەکسەر داڵغەم بۆ ئەوەچوو، ئەمشەو تێر سێو ئەبم و دواتر بۆ کوێمان ئەبن با بمانبەن قیڕو سیا.
خوا خوامان بوو بخەوین، بەڵام پیاوی خودان ئەزموون و دونیا دیدەی ماڵەکە زوو زوو پرسیاری لێ دەکردین، سیاسیی و نەتەوەیی و دەیجولاندین داخۆ ئێمە چلۆن لەو بارودۆخەی تێدەگەین. من کەمتر بەڵام کەریمۆك سەری دەخورا بۆ پرسیاری هزرو سیاسیی، بەتایبەتی کە زانی خاڵۆی ماڵ چەپگەرەو لەنێو پارتێکی چەپی کوردستانیی ئێرانی کاری کردبوو.
ئەوان لەناو پرسیارو گەنگەشەی سیاسیی قاڵ و قوڵ بوونەوەو منیش لەناو جانتاکەم گەرامەوە بیرەوەرییەکانی نووسین و سینەماو تەلەفزیۆن.
بوکی پیاوی ماڵ پرسیاری کرد ئیوە لەوێ چ کارەبوون، منیش بە هەردوو دەستەکانم چنگێك وێنەم هێنانە دەرێ و لەناویاندا وێنەیەکم دەرهێنا هی کاتی خوێندنەوەی هەواڵەکان بوو لە ستۆدیۆی تەلەفزیۆنی زەحمەتکێشان، هەر زوو یەک دوو کچ و کوڕی مێرد منداڵ خەنی بوون و ووتیان ئەی بابە ئەوە خەبەر نیگارە؟!. منیش بەلامەوە سەیر بوو خەبەرنیگار واتای چیە؟. ووتیان لە تەلەفزیۆن کارێ دەکەن؟ زۆر کەیفیان هات و دایکی ئەو منداڵانە ووتی: ئێمەش بەزەحمەت زندەگی دەکەین و پیاوەکەمان قاچاغیێ دەکات و بڕەك ژیانمان هەڵدەسوڕێت ئەویش هەموو دەمێ دەمەترسیێدایە. وتیشی؛ کەس و نەدی لەو دیوی؟ با کاروانێکی زۆر بوون هەبوویان ئەسپسوار؟. گووتی؛ هەوبوون پیاوی مەشی تێدابووە.
سێوی چاکمان خوارد و لەنێوان دۆشەك و لێفەی ئەستوور بەزەحمەت دەمانتوانی خۆمان وەرگێرین و ئەملاو ئەولای بکەین. مخابن خەوەکە زۆر کورت بوو، تومەز هێندەماندوو و شەکەت بوو بووین هەستمان نەکرد خەوتبێتین گەرچی وەختێك خەبەرمان بوویەوە چاومان هێندە زەق و گەشاوەبوون دەتگووت نەماندوو بووین و نە سەعاتێکی خەویشمان لەکیس خۆمانداوە، تێر تێر خەوتبووین و لەوێش نان و ماستێکی کوردیانەمان خوارد و بە وزەیەکی تەواو جیاواز خواحافیزیمان لەو ماڵە جوانە کرد کە بەدڵ حەز دەکەم بیانبینمەوە و دەست و چاویان ماچ بکەم.

قەمتران خێوەتگەی پێشمەرگە و خزمان
لەماڵی براکەم گیرساینەوە و لەوێش نزیکەی هەفتەیەك ماینەوە و لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی باڵەکایەتی و هەندێکی گەرمیان وەخۆکەوتین و لەگەڵ فەرماندەی ئەو رەتڵە کەوتینە قسەو ووتمان ئێمە لێرە زۆر دورین لە هەموو شتێك دەمانەوێت بچینە قاسمەڕەش (دەمانزانی هێزەکە دەچێتە قاسمەڕەش)، ووتمان ئێمە رۆژنامەنووسین و لێرە زۆر بێ ئاگایین.
لەگەڵ لۆریەكی لەتەختە درووستکراو کە لە فیلمی هیندی زۆری وام دیتبوو خۆمان هاویشتە نێو یەکێك لەو حەوت لۆریە کە پر بوو لە پێشمەرگە.
لە رێگا قسەوباسی زۆرمان کردو زۆر پێکەنین، لە شوێنێك تەواوی لۆریەکان وەستان و یەکێك هاتە لای ئێمەو پێی ووتین؛ لەو ئاوەدانیەی دێتەبەر رێگامان دەنگتان لێوە نەیەت، چوون ماوەی پێشووتر خەڵکی هەبوون تەقەیان لە کاروانێکی هێزەکانمان کردبوو.
رۆیشتین، دەنگی جیڕەجیڕی تەختەی لۆریەکە وەکو کارتێکەری دەنگی بەجوانی دەهات و ئێمەش لە بۆشایی نێوانی تەختەی لۆریەکە سەیری دەرەوەمان دەکردو تاک و تەرا ماڵ و ئاوەدانیمان دەبینی. زۆری پێنەچوو گەیشتینە ئاوەدانیەکی گەورەتر هەندێک ووتیان سەردەشتە، من چوزانم کوێیە، بەڵام هەر لەخۆمەوە بە خەیاڵمدا هات کە مادامەکینێ وەکو مەڕ دەرکەوتووین و سەر لۆریەکە داپۆشراوە با خۆمان بەیەکجاری بکەینە مەڕ؟ هەندێك بەدڵیان بوو هەندێکیش بێدەنگ بوون، هەر ئەوەندەی من ووتم؛ باع ع ع ع ، یەکێکی تر لەو لاوە وەڵامی دامەوە و کاتێکمان زانی دەنگی مەڕو ماڵاتی لۆریەکەی ئێمە گەیشتبووە لۆریەکەی پێش و دواوەمان ئەوانیش هەروا خۆیان نیشاندا کە کاروانێکی مەڕو ماڵاتە بەو ناوەدا دەڕوات لەوانەیە ئەوانەبن کە کوێستان و گەرمیانان دەکەن.
بەسەلامەتی دەرچووین، چادری سەر سەرمان هەڵدرایەوە و رێگاکەمان هەرتەواو نەئەبوو، سەیرێکی ئاسمانم دەکرد، ئەوانیتر هەبوون هەر بەدانیشتنەوە باوەشیان لە کڵاشینکۆفەکانیان وەردابوو لەخەوی قوڵدابوون، دونیایەکی بێدەنگ هەندێكجار بە خەیاڵمدا دەهات باشە لێرە هەر هەموومان گولەباران بکرێین کێ دەزانێ بۆچی و لەبەرچی و چۆن کوژراوین، ئێ چی بکەم باوەڕم بە دوژمنی دوژمنیشم نیە تازە وا راهاتووم.

قامەڕەش، سپی دەبوویەوە لە ئۆتۆمۆبێل
لۆریەکان وەستان و ووتیان گەیشتیین، زۆرم پێخۆش بوو بە سەلامەتی دەربازمان بوو، وەکو هەر یەکێك لە پێشمەرگەکان خۆمان فڕیدایە خوارەوەو هەرزوو پەلاماری قایشی پانتۆڵ و ئەوی « دۆخین» بەنەخوێن بوو بەنەخوێنی دەکردەوە و هەبوون فریا نەئەکەوتن ئەو ناوە تەقەی تێکەوت و زوو زوو گەنجەکان هاواریان دەکرد تکایە تەقەی خۆشی رابگرررررن؟!.
تۆ وەرە لە چ دۆخێکداین و گەنجێتیمان چەندە بێ شەرم بوو لە گاڵتەو پێکەنینی خۆمان نەدەکەوتین، ئێ ئاخر بەراستیش ئەوەی لەماوەی شەش و حەوت سەعاتدا بینیمان هەر لە فیلم دەچوو.
کەمێك بەپێ رۆیشتین و گەیشتینە ریزێك دوکان، پرسیارم کرد برادەرانی زەحمەتکێشان لەکوێن؟ ووتیان لەناو ئەو دوکانانەی پیشەوەن، چەند مەترێك رۆیشتم لوتم بەلوتی مام جەوهەردا تەقی و هەردووکمان بەیەکەوە بانگی یەکترمان کرد و توند باوەشمان لەیەکدا، هاوڕێ هاوار ئەوە لێرە چ دەکەی بەو شەوە؟ چی بکەم مام جەوهەر ئێمەش وەکو ئەو عالەمی خوایە نەمانتوانی بمێنینەوەو هەڵوێستمان وەرگرت. کەریمۆکم پێناساندو هەر زوو ئێمەی ناردە بارەگاکەیان کە لەناو دوکانەکاندابوو، ووتی؛ بۆ خۆتان پشوو بدەن بەیانی قسە دەکەین.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*