سەرەکی » وتار » بەتەمەنەكانی ئۆكیناوا

لە پەناپەسێوەوە

بەتەمەنەكانی ئۆكیناوا

فەیسەڵ عەلی

6

تەمەندرێژی بە تەندروستییەكی زۆر باش، ئەمە خەونی هەموو كەسێكە كە لەسەر گۆی زەویدایە، لەبەرئەوەی بەردەوام بەدوای ئەو هۆكار و ئامرازانەدا وێڵین كە یارمەتیدەری تەندروستییەكی باش و تەمەندرێژیمان بدات، ئەویش پەیڕەوكردنی هەموو ئەوەی زاناكان لەم بارەوە پێمانی دەڵێن، هەرچەندە لەم بارەوە زاناكان خۆیان چەند ئاراستە و بۆچوونێكی جیاوازیان هەیە، بەڵام بە گشتی زۆرێكیان كۆكن لەسەر ئەوەی كە نهێنییەكە لە بوونی سیستمێكی خۆراكی پڕ لە پڕۆتین و كەمكردنەوەی كاربۆهیدرات و وەرزشكردندایە. بەڵام چارەسەری راستەقینە، دەشێ لە شوێنێكی ترەوە بێت، ئەو شوێنەش ئەوپەڕی خۆرهەڵاتە، دورگەكانی ئوكیناوا لە ژاپۆن، كە بەسەر دەریای چیندا دەڕوانێت، كە دانیشتووانەكەی نەك هەر تەمەن درێژییەكەیان پێشبینی نەكراوە بۆ خەڵكی سەر ئەرز، بەكو بە درێژایی تەمەنیشیان تەندروستییەكی زۆرباشیان هەیە، كە تەمەنیان100ساڵ تێدەپەڕێنێت.
زانایان چەندین دەیە لە هەوڵی ئەوەدا بوون كە نهێنی تەمەندرێژی و تەندروست باشی دانیشتووانی ئۆكیناوا بدۆزنەوە، توێژینەوەیان لەسەر جینات و شێوازی ژیانیان كرد، لە دواییدا نهێنییەكەیان لە سیستمی خۆراكیان دۆزییەوە، دەشێ هەموو ئەوەی زانایان بەو هەموو ساڵە دوور و درێژەی پێی گەیشتبوون هەڵبوەشێنێتەوە، چونكە دانیشتووانی ئۆكیناوا پشتیان بە كاربۆهیدرات زیاتر لە پڕۆتینات بەستبوو، ئەمەش پێچەوانەی هەموو ئەو تیۆرییە زانستیانەیە كە پێداگیرییان لەسەر یەك لەسەر دە كاربۆهیدرات بۆ پڕۆتین بوو، زانایان نهێنی تەمەندرێژی و تەندروست باشی دانیشتووانی ئۆكیناوایان لەمەدا بۆ دەركەوت.
ئەوەی سەیرە سیستمی خۆراكیان زیاتر سەوزەوات و كەمێك گۆشتی لەگەڵە، كە پێچەوانەی زۆربەی دەوڵەتانی خۆرهەڵاتی ئاسیا و زۆربەی دەوڵەتانی جیهانە، كە پشت بە پەتاتەی شیرین لەبری برنج دەبەستن، كە لە سەرەتای سەدەی حەڤدەیەم لە رێی بازرگانە هۆڵەندییەكانەوە بۆ یەكەم جار گەیشتۆتە ئوكیناوا. كەواتە سیستمی خۆراكیان دەوڵەمەندە بە ڤیتامینات و كانزا و دژە ئۆكسید و نزمی سعرەی گەرمی. ئەمە بڕی ئەو وزەیەی بەكاریدەبەن سنووردار دەكات، ئاماژەكانی وزەی خانە دەگۆڕێن لەشی مرۆڤ هەوڵی تەرخانكردنی وزەیەكی زیاتر دەدات تاوەكو ترشی ناوكی بپارێزی و چاكسازیی تێدا بكات، لەبری ئەوەی گەشە بكات یان زیاد بكات، لەبەر ئەوە دەبینی ئەوان كورتە باڵان، هەروەها بەرهەمە لاوەكییەكان كە دەرئەنجامی سووتانی ناو لەش كەم دەبنەوە و زیان بە خانەكان دەگەیەنێت، وێڕای ئەوەی سروشتی كارەكانیان چالاكییەكی ناوازە بە لەشیان دەدات، دابڕانیان بۆ چەند دەیەیەك، وایكردووە جیناتەكانیان دەگمەن بێت و كۆمەڵگەیەكی یەكگرتووی لێ دروست كردوون، ژیانی كۆمەڵایەتی و پەیوەندیی بەردەوامیان هەڵوێستە قورسەكانی سەرشانی مرۆڤەكان سووك دەكات و دەكەونە رەوشێكی لەبار و ئارام و پاشان بەهۆیانەوە تەمەنیان درێژ دەبێت، ئەوەی لەسەر تۆیە هۆكارێك بدۆزیتەوە تاوەكو بە بە تەمەنەكانی ئۆكیناوا بگەیت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*