سەرەکی » هەواڵ » وەرزی دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆك وەزیران

شرۆڤەی رۆژ

وەرزی دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆك وەزیران

هەواڵ و بەدواداچوون

دروشمی خۆپیشاندەرانی لوبنان كە سەرەتا (روخانی حكومەت) بوو، دواجار گۆڕا بۆ(كل)، جا بۆ جەختكردنەوەیان لەسەر وشەی (كل)، ئەوجارە وتیان (كل یعنی كل)، واتە هەمووی بەیەكەوە بڕوات، دوای ئەو جەختكردنەوەیە، سەعد حەریری دەستلەكاركێشانەوەی خۆی راگەیاند.

بەپێی مادەی 76ی دەستوور
لە عیراق دروشمەكان هاوشێوە بوون، سەرەتا پۆستەرەكانی گۆڕەپانی تەحریر ئاماژەبوون بۆ هەڵوەشانەوەی حكومەت، دواجار گۆڕا بۆ (شلع قلع)، واتە لە رەگ و ریشەوە، ئەو دروشمە سەری كێشا بۆ ئاڵۆزیی زیاتر لە بەغدا و ناوچەكانی تر، بەڵام بە قوڵبوونەوەی خۆپیشاندانەكان بە تایبەت لە شاری نەجەف و هاتنە سەر خەتی مەرجەعی باڵای شیعەكان بۆ گرتنەبەری رێكاری پێویست بۆ ئەو دۆخەی عیراق، عادل عەبدولمەهدی دەستلەكاركێشانەوەی خۆی پێشكەش بە ئەنجومەنی نوێنەران كرد و دوای دوو رۆژ ئەنجومەنی نوێنەران دەستلەكاركێشانەوەكەی قبووڵ كرد و تۆپەكەی بەپێی مادەی 76ی دەستوور، خستە ساحەی سەرۆك كۆمارەوە.
دەستووری عیراق لە مادەی 76دا كە لە پێنج بڕگە پێكدێت، باس لە پێكهێنانی حكومەت و راسپاردنی سەرۆك وەزیران دەكات بە حاڵەتی ئاسایی دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، واتە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و دواتریش راسپاردنی سەرۆك وەزیران لە ماوەی 15 رۆژدا.

چەند پرسیارێك سەرنج رادەكێشن
لە دوای پەسەندكردنی دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، چەند پرسیارێك سەرنج رادەكێشن، لەوانە كام كوتلە لە ئەنجومەنی نوێنەران گەورەترین كوتلەیە، موقتەدا سەدر كە خاوەنی 54 كورسی پەرلەمانییە، شەوی شەممە رایگەیاند «بۆ رێگریكردن لە شەڕ و ئاشوب لە عیراق لە ئەنجومەنی نوێنەران دەكشێتەوە». دووەم، بەم گەڕانەوەیە بۆ مادەی 76، ئەنجومەنی نوێنەران فەشەل بە هەڵبژاردنی پێشوەختە دەهێنێت و لە مادەكەش وا هاتووە، كە هەڵبژاردن كراوە.
ئێستا لە عیراق قسە لەسەر دۆخی سیاسییە دوای پەسەندكردنی دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی، واتا وەرزی كێشمەكێش و ململانێی دەرەكی و ناوخۆی عیراق لەنێو لایەنە سیاسییەكاندا دەستپێدەكاتەوە، بەمەش عیراق و حزبە سیاسییەكان دەكەونە بەردەم ئەزموونێكی نوێی وەك لوبنان، كە هێشتا رێكەوتن لەسەر سەرۆك وەزیرانێك نەكراوە كە دڵخوازی خەڵك و لایەنە سیاسییەكان بێت.
هەموو ئاماژەكان بەو ئاڕاستەیەن دۆخی عیراق لە لوبنان قورستر دەبێت، بەتایبەت ئێران لە بەغدا خۆی بە خاوەن ماڵ دەزانێت، ئەمریكاش نایەوێت خواستی تاران لە عیراق بێتە دی. جگە لەوە نێوماڵی شیعی بە جۆرێك نییە كە هەموو ئێواران وەك یەك خانەوادە لە دەوری سفرەی شام كۆببنەوە و بێ كێشە بن.
بەمەش ئەستەمە سەرۆك وەزیرانی نوێ لە ماوەی 15 رۆژی داهاتوودا لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە دیاری بكرێت، بەڵام ئەوەی وەك پرسیار دەمێنێتەوە، دروشمی خۆپیشاندەرانی عیراق تەنها بە دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی كۆتایی دێت، یان نا؟.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*