سەرەکی » وەرزش » *قورعە بۆ هەڵبژاردەكان كراو وادە و شوێنی یارییەكان دیاریی كران

یۆرۆی 2020

*قورعە بۆ هەڵبژاردەكان كراو وادە و شوێنی یارییەكان دیاریی كران

*ئیتالیا و توركیا یاریی دەستپێك دەكەن

شەوی شەممەی رابردوو لە بوخارستی پایتەختی رۆمانیا، قورعە بۆ یۆرۆی 2020 كراو هەڵبژاردە بەشدارەكانی دوا یارییەكانی ئەم پاڵەوانێتییە كە 24 هەڵبژاردەن بەسەر 6 گروپی 4 هەڵبژاردەییدا دابەشكران.
لەم پاڵەوانێتییەدا ناكۆكییە سیاسییەكانیش لەبەر چاو گیراون، ئەوەتا بەهۆی ناكۆی سیاسی نێوان چەند وڵاتێكی ئەوروپاوە، یۆفا خۆی بەدوورگرتووە لە بەریەككەوتنی چەند هەڵبژاردەیەك بۆ نموونە: (بۆسنە×كۆسۆڤۆ) (سربیا،كۆسۆڤۆ) (روسیا×كۆسۆڤۆ) (ئۆكرانیا×روسیا).
هەڵبژاردە بەشەدارەكان 24 هەڵبژاردەن، بەپێی چەند پێوەرێكی تایبەت بەخۆیان بەسەر چوار ئاستدا دابەشكراون.

پێوەرەكان
*پلەی هەر هەڵبژاردەیەك لە یارییەكانی پاشكۆی پاڵاوتندا.
*ئەو خاڵانەی لە یارییەكانی پاڵاوتندا كۆیان كردۆتەوە.
*ئەو گۆڵانەی لە یارییەكانی پاڵاوتندا لەدەرەوەی یاریگای خۆیان تۆماریانكردوون.
*ژمارەی بردنەوەكانیان لە یارییەكانی پاڵاوتندا بەدرێژایی یارییەكانی پاڵاوتن.
*ژمارەی بردنەوەكانیان لەدەرەوەی یاریگای خۆیاندا لە یارییەكانی پاڵاوتندا.
*پلەی هەڵبژاردەكە لە پۆلێنی گشتی نەیشنس لیگدا.
دیارە تائێستا 20 هەڵبژاردەی سەركەوتوو بۆ دوا یارییەكان دەركەوتوون، یارییەكانی پاشكۆی پاڵاوتنیش ماون بۆ ئەوەی لەو پاڵاوتنەوە دوا چوار هەڵبژاردەی سەركەوتوو بۆ دوا یارییەكان دیاریی بكرێن، دیارە ئەمانیش لە نەیشنس لیگەوە دەبێت و لە هەرچوار ئاست یان خولە جۆراو جۆرەكانی ئەم خولەوەیە، كام چوار هەڵبژاردەیەش بۆ دوا یارییەكان سەربكەون لەئاستی چوارەمدا دادەنرێن.

ئاستەكان
*ئاستی یەكەم (بەلجیكا، ئیتالیا، ئینگلتەرا، ئەڵمانیا، ئیسپانیا، ئۆكرانا).
*ئاستی دووەم (فەرەنسا، پۆڵەندا، سویسرا، كرواتیا، هۆڵەندا، روسیا).
*ئاستی سێیەم (پورتوگال، توركیا، دانیمارك، نەمسا، سوید، شیك).
*ئاستی چوارەم (وێڵز، فنلەندا، ئەو چوار هەڵبژاردەیەی لە پاشكۆی پاڵاوتنەوە سەردەكەون.

ئەنجامی قورعەكە
سەرەتا قورعەكە لەلایەن كۆمەڵێك یاریزانی دێرین و ناوداری وڵاتانی ئەوروپاوە ئەنجامدرا، قورعەكەش بەشێوەیەك بوو رەچاوی زۆر شت كرابوو، لەوانەش گرنگتر ئەوەبوو لەگەڵ ئەوەی ئاستەكان دیارییكرابوون، بەڵام شوێنی هەر هەڵبژاردەیەكیش لە گروپەكەدا بە قورعەبوو، واتە مەرج نەبوو ئەوەی لە ئاستی یەكەمدا بوو ببێتە هەڵبژاردەی یەكەمی گروپەكەی، هەروەك بینرا ئیتالیا لە گروپی یەكەمدا چوو دووەم خانەی گروپەكەی و ئەڵمانیا چووە خانەی چوارەمی گروپەكەی و ئۆكرانیا چووە خانەی دووەمی گروپی سێیەم، ئەمەش بۆ سەرجەم هەڵبژارەكان لە سەرجەم ئاستەكاندا هەر وابوو، واتە شوێنی سەرجەم هەڵبژاردەكانیش لە گروپەكانیاندا هەر بەقورعە بوو، ئەنجامی قورعەكەش بەمشێوەیە دەرچوو
گ1/ توركیا، ئیتالیا، وێڵز، سویسرا،یارییەکان لە رۆما و باکۆ دەکرێن.
گ2/ دانیمارك، فینلەندا، بەلجیكا، روسیا، یارییەکان لە سان پترسبۆرگ و کۆپنهاگن دەکرێن.
گ3/ هۆڵەندا، ئۆكرانیا، نەمسا، پاڵەوانی پلەی ئۆفی ئاستی چوارەم، یارییەکان لە ئەمستردام و بوخارست دەکرێن.
گ4/ ئینگلتەرا، كرواتیا، پاڵەوانی پلەی ئۆفی سێیەم، چیك، یارییەکان لە لەندەن و گلاسکۆ دەکرێن.
گ5/ ئیسپانیا، سوید، پۆڵەندا، پاڵەوانی پلەی ئۆفی ئاستی دووەم، یارییەکان لە بلباو و دبلن دەکرێن.
گ6/ پاڵەوانی پلەی ئۆفی یەكەم، پورتوگال، فەرەنسا، ئەڵمانیا، یارییەکان لە میونشن و بۆدابست دەکرێن.
ئەم یۆرۆیە بەپێچەوانەی سەرجەم یۆرۆكانی رابردووەوە لە یەك وڵات بەڕێوە ناچێت، بەڵكو بۆ هاندانی یارییەكەو بۆ ئەوەی یارییەكانی سەرجەم یان زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا لەبینینی یارییەكانی بێبەش نەبن، لە 12 شاری وڵاتە جیاجیاكانی ئەوروپا بەڕێوەدەچن.
بەپێی سیستم و بەرنامەی دانراو بۆ دوایارییەكان، یاریی گروپەكان و قۆناغی 16 هەڵبژاردە و 8 هەڵبژاردەو چوارگۆشەی زێڕین و یاریی كۆتایی لە 13 شار بەمشێوەیە دەكرێن:
*بروكسل-بەلجیكا(قۆناغی گروپەكان و 16 هەڵبژاردە).
*كۆپنهاگن-دانیمارك(قۆناغی گروپەكان و 16 هەڵبژاردە).
*بۆدابست-هەنگاریا (قۆناغی گروپەكان و 16 هەڵبژاردە).
*دبلن-كۆماری ئایرلەندا (قۆناغی گروپەكان و 16 هەڵبژاردە).
*ئەمستردام-هۆڵەندا (قۆناغی گروپەكان و 16 هەڵبژاردە).
*بوخارست-رۆمانیا(قۆناغی گروپەكان و 16 هەڵبژاردە).
*گلاسكۆ-سكۆتلەندا(قۆناغی گروپەكان و 16 هەڵبژاردە).
*بیلباو-ئیسپانیا(قۆناغی گروپەكان و 16 هەڵبژاردە).
*باكۆ-ئازەربیجان(قۆناغی گروپەكان و 8 هەڵبژاردە)..
*میونشن-ئەڵمانیا(قۆناغی گروپەكان و 8 هەڵبژاردە).
*رۆما-ئیتالیا (قۆناغی گروپەكان و 8 هەڵبژاردە).
*سانت پترسبۆرگ-روسیا (قۆناغی گروپەكان و 8 هەڵبژاردە).
*لەندەن-ئینگلتەرا(قۆناغی گروپەکان و 4هەڵبژاردە و یاریی كۆتایی).

وادەی یارییەكان
بەپێی بەرنامەی دانراو بۆ یارییەكان:
* 12/6/2020 یاریی دەستپێك لە یاریگای ئۆڵۆمپیكۆ لە رۆما دەكرێت.
* دواتر یارییەكان درێژەیان دەبێت تا رۆژی 24/6/2020 بەردەوام دەبن.
*یەكەم و دووەمی سەرجەم گروپەكان كە 12 هەڵبژاردە دەبن لەگەڵ باشترین چوار سێیەمی گروپەكان بۆ قۆناغی دووەمی یارییەكان سەردەكەون كە دەكاتە 16 هەڵبژاردە.
*یاریگای ویمبڵی ناودار لەلەندەن یارییەكانی قۆناغی چوارگۆشەی زێڕین و یاریی كۆتایی لەئامێز دەگرێت كە یاریی كۆتایی 17/7/2020 دەكرێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*