سەرەکی » ئابووری » گەشەپێدانی پیشەسازیی خۆراكی،كشتوكاڵی هەرێم قۆناغێكی تردەباتە پێشەوە

گەشەپێدانی پیشەسازیی خۆراكی،كشتوكاڵی هەرێم قۆناغێكی تردەباتە پێشەوە

بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ‌و سەرچاوەكانی ئاو رایگەیاند، بەرهەمی ناوخۆیی هەرێم بەتایبەت لە وەرزی هاوین‌و پایزدا لە پێویستی بازاڕی كوردستان زیاترە، بۆیە جووتیاران قازانجی پێویست ناكەن بە جۆرێك كە ببێتە هاندەر بۆ ئەوەی خەڵكی زیاتر روو لە كەرتی كشتوكاڵ بكەن.
وتیشی: «بوونی ژمارەیەك كارگەی لەقتونان‌و پیشەسازیی خۆراكی بەشێكی زۆری ئەو كێشەیە چارەسەر دەكات‌و دەبێتە هاندەرێكی گرنگ بۆ جووتیاران‌و ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان‌و قۆناغێكی تر كەرتی كشتوكاڵ دەباتە پێشەوە. ئەمەش وایكردووە پەرەپێدانی پیشەسازیی خۆراك لەكارە هەرە لەپێشینەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ بێت‌و بۆ ئەو مەبەستە وەزارەت ئەوپەڕی كارئاسانی بۆ دامەزراندنی كارگەی لەقتونانی خۆراك‌و هەر كارگەیەكی تری پیشەسازیی خۆراكی دەكات.

پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ
لەمیانی پێشوازیكردنی لە ئیشتڤان ئیمری، كونسوڵی گشتی هەنگاریا لەكوردستان‌و وەفدێكی یاوەری، وەزیری كشتوكاڵ‌و سەرچاوەكانی ئاو سیاسەتی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی بۆ پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ روونكردەوەو ئاماژەی بۆ ئەو كارئاسانییانە كرد كە حكومەت پێشكەشی ئەو كۆمپانیاو دامەزراوە ئابوورییانەی دەكات كە بەشداریی دەكەن لە وەبەرهێنانی كشتوكاڵیدا.
كونسوڵی گشتی هەنگاریا هۆكاری سەردانەكەیانی بۆ وەزارەتی كشتوكاڵ روونكردەوەو رایگەیاند، ژمارەیەك كۆمپانیاو وەبەرهێنی وڵاتەكەی خوازیارن لەهەرێمی كوردستاندا كار بكەن بەتایبەتیش لە كەرتی كشتوكاڵدا. بۆ ئەو مەبەستەش داوایكرد وەزیری كشتوكاڵ بەرچاو روونیان پێبدات لەو بوارانەی كۆمپانیا هەنگارییەكان خۆیان بە تەنیا یان لەگەڵ كۆمپانیاكانی كوردستان بە هاوبەشی كاری تێدا بكەن.

هاتنی بانكەكانی هەنگاریا بۆ هەرێم
وەزیری كشتوكاڵ سەرجەم ئەو دەرفەتانەی بۆ باسكردن كە لەئارادان بۆ كاركردن‌و وەبەرهێنان لەكەرتی كشتوكاڵدا. هەروەك روونیكردەوە، هاتنی بانكەكانی هەنگاریا بۆ هەرێمی كوردستان دەرگایەكی زۆر گەورە ئاوەڵا دەكات بۆ بەشداریی سەرمایەدار و كۆمپانیاكانی وڵاتەكەیان لە وەبەرهێنان‌و فرۆشتنی ئامێر و تەكنەلۆژیای كشتوكاڵی، چونكە بوونی بانكەكانیان دەتوانن كارئاسانی بۆ جووتیار و خاوەن پڕۆژە كشتوكاڵییەكانی كوردستان بكەن لە كڕینی ئامێر و پیداویستی كشتوكاڵی بەقەرزی دریژخایەن لە كۆمپانیا هەنگارییەكان لەڕێگای بانكەوە.
هەردوولا بڕیاریاندا لەداهاتوودا درێژە بە گفتوگۆكان بدەن‌و كار بكرێت بۆ دۆزینەوەی كاری هاوبەشی وەبەرهێنان لەنێوان وەبەرهێنەرانی هەرێم‌و هەنگاریا.

print

 15 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*