سەرەکی » دۆسێ » چەند ناوێك بۆ جێگرەوەی عەبدولمەهدی بڵاودەكرێنەوە

حكومەت دەبێتە كاربەڕێكەر

چەند ناوێك بۆ جێگرەوەی عەبدولمەهدی بڵاودەكرێنەوە

لە دوای دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراق، حكومەت بۆ ماوەی مانگێك دەبێتە كاربەڕێكەر، تا ئەو كاتەی ناوێك بۆ جێگرەوەی سەرۆكی حكومەت بۆ سەرۆك كۆمار بەرزدەكرێتەوە.
میدیاكانی عیراق ناوی شەش سیاسەتمەداری عیراقیان بڵاوكردووەتەوە كە ئەگەری هەیە یەكێك لەوانە ببێتە سەرۆك وەزیرانی عیراق، ئەمەش دوای دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی.
بەپێی زانیارییە رۆژنامەوانییەكان هەر یەك لە «عەلی عەلاوی وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی لە ساڵی 2005، قوسەی سوهەیل وەزیری خوێندنی باڵای عیراق، عەلی شوكری ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عیراق و راوێژكاری سەرۆك كۆمار، فایەق زەیدان سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عیراق، محەمەد شیاع السودانی وەزیری پێشووی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و ئەندامی پەرلەمان، ئەسعەد عێدانی پارێزگاری بەسرە»، ناوییان هاتووە، تا لە جێگەی عەبدولمەهدی سەرۆكایەتی حكومەتی عیراق بگرنەدەست.
ئەمەش لەكاتێكدایە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەیرانی عیراق لە 29ی تشرینی دووەمی 2019، خواستی خۆی بۆ دەستلەكاركێشانەوە خستەڕوو، بەو پێیەی نەیاتوانی چارەسەری تەوژمەكانی خۆپیشاندان و نارەزایەتییەكان بكەن كە لە مانگی تشرینی یەكەمی رابردووەوە بەغدا و پارێزگەكانی ناوەڕاست و باشووری عیراقییان گرتووەتەوە.
دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ناوی ئەو كەسێتیانەی كە بە گوتەی راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان كاندیدن بۆ جێگرەوەی عەبدولمەهدی، محەمەد شیاع سودانی، ئەندامی فراكسیۆنی دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عیراق لەبارەی كاندیدبونی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاندبوو، ئەو «كاندیدی هیچ لایەنێكی سیاسی نییە و دەنگی خۆی دەخاتە پاڵ ئەو كەسەی گەل هەڵیدەبژێرێت».
محەمەد شیاع سودانی، لەڕێی ئەكاونتی تایبەتی خۆی لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسیبوی «من كاندیدی هیچ لایەنێكی سیاسی نیم، دەنگ و پشتیوانی تەواوم بۆ ئەو كاندیدە دەبێت كە خەڵكی لەسەری رازیی دەبن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران، چاوەڕوانیش دەكرێت ئەو سەرۆك وەزیرانە بتوانێت هیوا بۆ نیشتیمان بگەڕێنێتەوە».
لەوتاری هەینی 29ی تشرینی دووەم، مەرجەعیەتی باڵای ئاینی لە عیراق ، داوای گرتنەبەری رێوشوێنی نوێی بۆ وەڵامدانەوەی خۆپیشاندەران كردبوو، لە وەڵامیشدا عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق لە هەمان رۆژدا نامەی دەستلەكاركێشانەوەی بڵاوكردەوە و لە رۆژی دواتردا پێشكەشی پەرلەمانی عێراقی كرد.
دەستلەكاركێشانەوەی عەبدولمەهدی بەهۆی گوشاری خۆپیشاندەرانی شارەكانی عیراقەوە بوو كە لە تشرینی دووەمی ئەمساڵەوە بۆ ئەنجامدانی چاكسازی و بنبڕكردنی گەندەڵی ناوەڕاست و باشووری وڵاتیان گرتەوە.
عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە 29ی تشرینی دووەمی 2019، لە نامەی دەستلەكاركێشانەوەكەیدا رایگەیاندبوو»دەستلەكاركێشانەوەم لە پۆستی سەرۆك وەزیران رادەگەیەنم، وەك بەدەنگەوەچوونی بانگهێشتنامەی مەرجەععیەتی ئاینی و داواكاریی گەل، چی دی ناتوانم لەگەڵ گروپێك لە دز و ئەوانە كلر بكەم كە سامانی گشتی دەدزن».
لە دوای دەستلەكاركێشانەوەكە، حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران، بۆ ماوەی مانگێك كە شیاوی درێژكردنتەوە نییە، دەبێتە حكومەتی كاربەڕێكەر.
عەلی تەمیمی، پسپۆڕی یاسایی لە 3ی تشرینی دووەمی 2019، رایگەیاندبوو”هەموو ئەندامانی كابینە وەزارەییەكەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران، بەپێی دەستور دەستلەكاركێشانەوەكە دەیانگرێتەوە”.
بە گوتەی تەمیمی”بەپێی دەستور، هەموو وەزیرەكان بەدەستلەكاركێشانەوەی سەرۆك وەزیران لە پۆستەكەی، بەبێ‌ بەدەركردنی هیچ كەسێك، دەستلەكاركێشانەوەكە دەیانگرێتەوە”.
ئەو پسپۆڕە یاساییە دەڵێت،”حكومەتەكەی عەبدولمەهدی دەبێتە حكومەتی كاربەڕێكەر بۆ ماوەی تەنیا یەك مانگ كە شیاوی درێژكردنەوەی نییە، سەرۆك كۆماریش دەبێت پابەند بێت بە ڕاسپاردنی فراكسیۆنی دووەم بۆ كاندیدكردنی سەرۆكی حكومەت”.
عەلی تەمیمی ئاماژە بە سەرۆكایەتیكردنی حكومەت كردبوو لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە “بە دەسەڵاتەكانی حكومەتی كاربەڕێكەر، گەر ماوەی مانگەكە تەواو بوو، بەبێ‌ ئەوەی كاندیدێكی جێگرەوە بۆ عەبدولمەهدی دیاریی بكرێت”.
بەر لەوەش تارق حەرب سپۆڕی یاسایی باس لە قۆناغی دوای دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆك وەزیرانی عیراقی كرد و رایگەیاندبوو، «دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆكی حكومەت پێویست بە ڕەزامەندی پەرلەمان ناكات».
تارق حەرب، پسپۆڕی یاسایی عیراقی، لە لێدوانێكیدا بۆ میدیاكانی عیراق، رایگەیاندبوو”دەستلەكاركێشانەوەكەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆكی حكومەت پێویستی بە وەرگرتنی رەزامەندی پەرلەمان نییە، چونكە لە رێكەوتی ڕاگەیاندنییەوە كارپێكراوە”.
بە گوتەی حەرب”حكومەتی ئێستا بەشێوەیەكی فەرمی بووە حكومەتی كاربەڕێكەر، ناوی كاندیدی نوێش بۆ سەرۆكایەتی حكومەت، لەماوەی 15 رۆژدا لە وادەی كاندیدكردنەكەوە، لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە رادەسپێردرێت”.
لە 29ی تشرینی دووەمی 2019، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراق، لە دوای نزیكەی دوو مانگ لە خۆپیشاندانی فراوان لە بەغدا و شارەكانی تری عیراق كە تێیدا زیاتر لە 400 كەس كوژران و نزیكەی 17 هەزار كەسی تر برینداربوون، خواستی خۆی بۆ دەستلەكاركێشانەوە لە پۆستەكەی راگەیاند.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*