سەرەکی » دۆسێ » جیهان و ڕەگوریشەی سیستەمی سیاسی لە دیدی فۆکۆیاماوە

جیهان و ڕەگوریشەی سیستەمی سیاسی لە دیدی فۆکۆیاماوە

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

بەشی دووەم

جیاوازی حوکمی دەوڵەتی مۆدێرن و دەوڵەتی خزمەگەرایی ئەوەی کە زۆر بەلامەوە گرنگ و پڕ بایەخ بوو، مەسەلەی شیکردنەوەی جیاوازی نێوان دەوڵەتی مۆدێرن و دەوڵەتی نامۆدێرن یان خزمگەرایی . لەمبارەیەوە نووسەر دەڵێت: حکومەتە مۆدێرنەکان، ستافی خۆیان لە سەر بناغەی لێوەشاوەیی و شارەزایی هەڵدەبژێرن، کارەکانیشیان لە پێناوی بەرژەوەندی گشتیدا دەبێت، دەوڵەتی خزمەگەرایی نوێ تەنها شێوەی دەرەوەی لە هی مۆدێرن دەچێت، دەستووری هەیە، سەرۆک و سەرۆک وەزیران و سیاسەتی یاسایی، هەموو ئەمانەی هەیە و خۆی وا نمایش دەکات کە نا کەسیانە کاروبارەکانی رادەپەڕێنێت، بەڵام لە ڕاستیدا، خەریکی بەخشینەوەو تەخشان و پەخشانکردنی سەروت و سامانی وڵاتە بەسەر کەسوکارو دۆستەکانی خۆیدا. 498 بەرگی دووەم.

رۆڵی یاسا لە بونیاتنانی دەوڵەتی مۆدێرن خاڵێکی گرنگی تر کە نووسەر ئاماژەی پێداوە، گرنگی رۆڵی یاسایە لە بونیاتنانی دەوڵەتدا. سەروەری یاسا رۆڵێکی ئێجگار گەورەی هەیە بۆ جیاکردنەوەی دەوڵەتێکی مۆدێرن لە دەوڵەتێکی خێڵەکی. یاسای گشتی بۆیە پێی دەگوترێت گشتی، چونکە تایبەتگەرا نییە. ل 352 بەرگی یەکەم. لەمباریەوە نووسەر دەڵێت: یەکێک لە خاسییەتە تایبەتییەکانی بونیاتنانی دەوڵەت لە ئەوروپا ئەوەبوو، هەر زوو دەوڵەت پشتی بە یاسا دەبەست، هەربەهۆی ئەمەشەوە بوو کە دامەزراوەکانی دەوڵەت گەشەیان کرد. ل 368 بەرگی دووەم . زۆرینەی خەڵكی لە هەر کۆمەڵگەیەکی ئاشتیخوازانەدا ملکەچن بۆ یاسا نەک لەبەرئەوەی لە زەینی خۆیاندا لێکدانەوەی عەقڵانیانە دەکەن لە بارەی تێچوون و قازانجەکانەوە یان لە سزا دەترسن، ئەوانە گوێڕایەڵی دەکەن، چونکە باوەڕیان وایە کە یاسا لە بنەڕەتدا داپەروەرە، لە رووی ئاکارییەوە مەیلیان لە پێڕەوکردنیەتی، خۆ ئەگەر لەو باوەڕەدا بوونایە کە یاسا دادپەرەوە نییە، ئەوا زۆر کەمتر دەخوازن گوێڕایەڵی بن. ل 354 بەرگی دووەم

داڕمانی سیاسی پرسێکی گرنگی تر کە نووسەر لە بەرگی دووەمدا بە چڕی باسی لێوە دەکات، مەسەلەی داڕمانی سیاسییە، لەمبارەیەوە نووسەر دەڵێت: داڕمانی سیاسی بریتییە لە ناتوانایی دامەزراوەکان بۆ خۆ گونجاندن لەگەڵ بارودۆخە گۆڕاوەکاندا بەتایبەتی سەرهەڵدانی گرووپە کۆمەڵایەتییە نوێیەکان و داواکارییە سیاسییەکایان، ل 781بەرگی دووەم هەروەها گەلێک لە دامەزاروە سیاسییەکان سست بوون و ئەرکی خۆیان راناپەڕێنن، بکەرە سیاسییەکان لە شوێنی خۆیاندا چەقیون، رێگاش ناددەن وڵاتەکە چاکسازییان تێدا بکات، ئەنجامدانی چاکسازیی دامەزراوەیی کارێکی هەتا بڵێی سەختە، هیچ زامنێک نییە بۆئەوەی کە ئەنجام بدرێت بێ ئەوەی سیستەمە سیاسیەکە بخرێتە لەرزە. ل 788 بەرگی دووەم. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا مەرج نییە هەموو داڕمانێکی سیاسی خراپ بێت، بگرە هەندێکجار کارێکی باشە، تاوەکو دووبارە چرۆی سیستەمێکی سیاسی نوێ لەدایک بێت. لەمبارەیەوە نووسەر دەڵێت: داڕمانی سیاسی لە زۆر رووەوە مەرجێکە بۆ گەشەکردنی سیاسی، پێویستە کۆن هەرەس بهێنێت و جێگا بۆ تازە چۆڵ بکات، بەڵام لەوانەبێت ئەم گوێزانەوەیە پڕبێت لە پشێویی و توندوتیژی، هیچ زامنێک نییە بۆئەوەی کە دامەزراوە سیاسییەکان بە شێوەیەکی ئاشتیانە و خۆبەخۆ باروودۆخە تازەکان قبووڵ بکەن. ل 781 بەرگی دووەم

هەموو سیستەمێکی سیاسی دەروخێت زۆرجار وا دەزانین کە سیستەمە سیاسییەکان ماوەیەکی زۆر جێگیر بوون ئیتر ترسی رووخانیان نییە، بەڵام نووسەر دژی ئەم بۆچوونەیە و دەڵێت: هەموو سیستەمێکی سیاسی « رابردوو و ئێستاش» هەموویان قابیلی داڕمانن . سیستەمێک هەرئەوندەی سەرکەوتوو بوو، دیموکراسییەکی لیبراڵی سەرکەوتووی هەبوو، ئیتر مانای ئەوە نییە کە هەتا هەتایە هەروا دەمێنێتەوە. ل 766 بەرگی دووەم

دیموکراسی لەماوەی پێشوودا قسەوباسی زۆر لە بارەی دیموکراسییەوە دەکرێت بەتایبەتی نەک لە وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقا، بگرە لە ئێستادا لە رۆژئاواش ترسی داڕمانی سیستەمی دیموکراسی هەیە. نووسەریش پانتایی زۆری لە کتێبەکەیدا بۆ پرسی دیموکراسی داناوە، بەتایبەتی ئایندەی دیموکراسی لە رۆژئاوادا لەمبارەیەوە نووسەر: ئایندەی دیموکراسی لە وڵاتانی پێشکەوتوو پشتدەبەستێت بە توانای ئەوان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ گرفتی لەناوچوونی چینی ناوەڕاستدا، دوای قەیرانە ئابووریەکە گرووپە پۆپۆلیستەکان لە ئەمریکا و ئەوروپا سەریهەڵدا. دەشێت دیموکراسی خۆی ببێتە سەرچاوەیەکی هەرەسهێنان و پووکانەوە ل 780 بەرگی دووەم.

بەهێزبوونی هێزە پۆپۆلیستەکان بەهێزبوونی هێزە پۆپۆلیستەکان، کێشەیەکی گەورەیە کە ئەمڕۆ لە رۆژئاوادا بۆتە پرسێکی گەرم و گرنگ. نووسەریش خۆی بەم کێشەیەوە خەریکردووە، بە شێوەیەکی ئەکادیمیانە لە هۆکار و سیما و ئامانجەکانی ئەم رەوتە پۆپۆلیستانەی کۆڵیوەتەوە. لەمبارەیەوە دەڵێت: ئەوەی هەموویانی یەکخستووە باوەڕبوونە بەوەی دەستەبژێڕانی وڵاتەکانیان خیانەتیان لێکردوون، لە زۆر رووشەوە لەسەر هەقن، ئەو دەستەبژێرانەی کە کەشووهەوای هزری کولتووری وڵاتە پێشکەوتووەکانیان خستۆتە سەرپێ، خۆیان لە کاریگەرییەکانی داڕمانی چینی ناوەڕاست بەدوورن، هەوڵیكیش ناددەن بۆ گێڕانەوەی دەوڵەتی خۆشگوزەرانی. 765 بەرگی دووەم.

تاکە چارەسەر چییە؟ پاشان باسی چارەسەرەکان دەکات بۆ ئەم کێشەیە و دەڵێت: تاکە چارەسەر بۆ مەودای دوور سیستەمێکی پەروەردەیی وەهایە بتوانێت زۆرینەی هاوڵاتیان بەرەو ئاستە بەرزەکانی خوێندن و پسپۆریی و شارەزایی ببات. یارمەتی هاوڵاتیان بدات تا نەرم بن و خۆیان لەگەڵ باروودۆخە گۆڕاوەکانی کارکردندا بسازێنن، هەروەها دەبێت دەوڵەت و دامەزراوە تایبەتییەکانیشی بەهەمانشێوە نەرمیان تێدا بێت. خاسیەتی دیموکراتی پێشکەوتوو ئەوەیە، بە تێپەڕینی کات کۆمەڵێک چەقبەستن و بەستەڵەکی لەخۆی کەڵەکە کردووە کە هەوڵدان و گونجاندن و راهێنانی دامەزراوەییان هەتا بێت قوورستر دەبێت . 766 بەرگی دووەم

حکومەتی مۆدێرن چییە؟ نووسەر وەسفێکی جوانی حکومەتی مۆدێرن دەکات و دەڵێت: حکومەتی مۆدێرن و کارا، هاوسەنگی گونجاو دەدۆزێتەوە بۆ ئەوەی دەوڵەتەکەی هەم بەهێز بێت و هەم کاراش بێت، دامەزاروەکانی یاسا و بەرپرسیارێتی وەها وەگەر دەخات کە دەوڵەت سنووردار دەکەن و ناچاری دەکەن لە بەرژەوەندی هاوڵاتیاندا هەڵبسورێت. ل 853 بەرگی دووەم.

رۆلی خراپ تەکنەلۆژیا گەشەسەندنی تەکنەلۆژیا و کاریگەرییە خراپەکانی، پرسێکی گرنگە و لە ئێستادا لە تەواوی جیهاندا، نووسەرو بیرمەند و سەنتەرەکانی لێکۆڵینەوە، خۆیان پێوە خەریکردووە. نووسەریش لەم کتێبەیدا، پانتاییەکی باشی بۆ ئەم بابەتە داناوە. بەتایبەتی لایەنی نێگەتیفی تەکنەلۆژیا کە دەبێتە هۆی لە دەستدانی کاری کرێکارەکان، ئەمەش دەبیتە هۆی بەهێزبونی نا یەکسانی کۆمەڵایەتی. لەمبارەیەوە نووسەر دەڵێت: هەمیشە نا یەکسانی لە ئارادا بووە چونکە بەشێوەیەکی سروشتی جیاوازی لە نێوان بەهرەو لێهاتووەیەکانیدا هەبووە، بەڵام تەکنەلۆژیای ئەمڕۆ، ئەم جیاوازیییە زۆر گەورە دەکاتەوە، 759 بەرگی دووەم

ترسی تەکنەلۆژیا پاشان نووسەر باسی ئەو ترسە دەکات، کە تەکنەلۆژیا لەسەر کۆمەڵگە مۆدێرنەکان دروستیکردووەو دەڵێت: ئەگەر گۆڕانکارییە تەکنەلۆژییەکان نەیانتوانی قازانجی ئابووری فراوان و هاوبەش بەدیبهێنن، یاخود ئەگەر سست بوو، ئەوە کۆمەڵگا مودێرنەکان دەکەونە بەر هەڕەشەی گەڕانەوە بۆ جیهانی مالتۆسی، ئەمەش کاریگەری زۆری لەسەر مانەوەو بەردەوامبوونی دیموکراسی دەبێت، 762 بەرگی دووەم

رۆڵی چینی ناڤین لە شۆڕشەکان و دیموکراسیدا هەموو کاتێک چینی ناڤین رۆڵی گرنگی هەبووە لە ناو کۆمەڵگە مۆدێرنەکاندا، نووسەریش لەم کتێبەیدا زۆر بە قووڵی لەسەر ئەم مەسەلەیە وەستاوە، بەتایبەتی رۆڵی ئەم چینە لەناو کۆمەڵگەی مۆدێرنی ئێستادا لە هەموو جیهاندا. لەمەشدا تەنها پشتی تەنها بە دیدوبۆچوونی خۆی نەبەستووە بەڵکە هانای بۆ چەند بیرمەندێکی تر بردووە بەتایبەتی ساموێل هینگتۆن، لەمبارەیەوە دەڵێت: چینەکانی ناوەڕاست بۆ گۆڕانی سیاسی زۆر گرنگن. دەشڵێت: شۆڕشەکان هەرگیز لە لایەن هەژارترینی هەژارانەوە هەڵناگیرسێنرێن، چونکە ئەوانە نە سەرچاوەیان لەبەردەستە و نە ئەوەندەشیان خوێندووە کە بتوانن بە شێوەیەکی کارا خۆیان رێکبخەن، بە پێچەوانەوە چینەکانی ناوەڕاست گرووپی زۆر لەبارترن، زۆر بە خێرایی پێگەی کۆمەڵایەتییان زیادیکردووە و فراوان بووە، بۆیە رووبەروی ئەو نا ئومێدییە بونەتەوە، چونکە رێگای جووڵەیان لێگیراوە، بۆشایی نێوان داواکارییەکانی ئەوان و واقیع دەبێتە هۆی ناسەقامگیریی سیاسی. ل 732 بەرگی دووەم

گرنگی چینی ناڤین پاشان گرنگی و رۆڵی چینی ناڤین لە کۆمەڵگە مۆدێرنەکان باس دەکات و دەڵێت: بوونی چینی ناوەڕاستی فراوان نە بەسە بۆ هێنانە کایەی دیموکراسی و لیبراڵی، نە مەرجێکیی پێویستیشە بۆی، بەڵام یاریدەدەرێکی زۆرباشە بۆ هێشتنەوەی و پاراستنی، ل 756 بەرگی دووەم.

رۆڵیان لە بەهاری عەرەبی بە بۆچوونی نووسەریش چینی ناوەڕاست رۆڵی سەرەکی هەبووە لە شۆڕشەکانی عەرەبی کەبە بەهاری عەرەبی ناسراوە، ئەوەی جێگەی سەرنجە نووسەر هاتووە لێکچوونێکی لە نێوان بەهاری عەرەبی ساڵی 2011و بەهاری ئەوروپی ساڵی 1848 کردووە، پێی وایە تاکە خاڵی هاوبەش نێوانیان بەشداربوونی رۆڵی ئەکتیفی چینی ناوەڕاستە. ل 732 بەرگی دووەم

مەرج نییە چینی ناڤین پشتگیری شۆڕش بکەن لە لایەکی ترەوە نووسەر باسی خاڵێکی گرنگی تری کردووە، کە ئەویش ئەوەیە، مەرج نییە هەمووکاتێک چینی ناڤین پشتگیری شۆڕش و هێزە دیموکرات و لیبراڵەکان بکەن، نووسەر لەمبارەیەوە دەڵێت: مەرج نییە گرووپی چینی ناوەڕاست پشتیوانی لە لیبڕاڵ و دیموکراسی بکەن، دەتوانن لەگەڵ هێزە کۆنزێرڤاتیڤەکاندا ببنە هاوپەیمان نەک بۆ فراوانکردنی دیموکراسی، بەڵکو قەدەغەکردنی ئەو هێزە میللییانەی کە هەڕەشەن بۆ سەر بەرژەوەندییەکانیان، ئەمەش لە ساڵانی شەست و حەفتاکان و هەشتاکان لە ئەمریکای لاتین پێڕەویان کرد، هەروەها تورکەکانیش لە نەوەتەکان وایانکرد. ل 735 بەرگی دووەم

دەسەڵاتی ناوەند لە کاتێکدا نووسەر لە زۆر شوێندا گرنگی بە بوونی دەسەڵاتی ناوەند دەدات، بەڵام لەهەمانکاتیشدا هەرخۆی بۆمان روون دەکاتەوە بەهێزبوونی ئەم دەسەڵاتی ناوەندە زەرەریشی هەیە. وەکو نووسەریش دەڵێت: بەهێزبوونی دەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەندی فەرەنسا لە سەدەی هەژدەدا بووەهۆی پێشێلکردنی مافی تاکەکان، سەرەتا و پێش هەموو شتێکیش مافەکانی موڵکایەتی.

ترس لە نەبوونی دەوڵەتی ناوەندی لەلایەکی ترەوە نووسەر درێژە بە لێکۆڵینەوەکانی دەدات لە سیستەمە ئەوروپییەکان و هەنگاریا بە نموونە دەهێنێتەوە، لێرەشەوە سێ باسی گرنگی وروژاندووە ئەویش ئازادیی و یەکسانی کۆمەڵایەتی و شۆڕش. هەروەها ترسی نایەکسانی کۆمەڵایەتی کە دەبێتە هەڕەشەیەکی گەورە بۆسەر هەرەسهێنانی دەوڵەت و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەو گەلانەی خاوەنی دەوڵەتێکی بەهێزنین، ببنە پاروویەکی ئاسان بۆ هێزە بێگانەکان و وڵاتەکانیان داگیربکەن، لەمەشدا نموونەی هەنگاریا دەهێنێتەوە. نووسەر لەبارەی هۆکاری لەناوچوونی دەوڵەتی مۆدێرنە لە هەنگاریا وە دەڵێت:ئازادی بۆ یەک چین، بە واتایەکی تر، نەبوونی ئازادی بۆ هەموو کەسێکی دیکە، بووە هۆی لاوازکردنی دەوڵەتەکە لەناو کۆمەڵێک دەوڵەتی بەهێزدا. ل 502 بەرگی یەکەم

شار و ئازادی خاڵێکی گرنگی تر کە نوسەر ئاماژەی پێداوە، گرنگیی بوونی شارەکانە لە پێشکەوتنی کۆمەڵگەی مەدەنی و ئازادی، لەمبارەیەوە دەڵێت: بوونی شارە ئازادەکان بووە هۆی ئەوەی سیستەمی خاک کۆیلە « ئەو جووتیارانەی کە هەموو شتێکیان دۆڕاندووەو تەسلیمی ئاغاکان بوون» بە زەحمەت بەرێوەببرێت، ئەوانە « شارەکان» سنوری ناوخۆیی وەهابوون کە خاک کۆیلەکان دەیناتوانی بۆیان هەڵبێن و ئازادی خۆیان ببەنەوە، لێرەشەوە ئەو پەندە هاتووە « هەوا شیعر ئازاد دەکات ل 506 بەرگی یەکەم

سوود و زەرەری کۆمەڵگەی مەدەنی خاڵیکی گرنگی تر کە نووسەر باسیکردووە، بوونی کۆمەڵگەیەکی بەهێزی مەدەنییە کە بتوانێت فشار بخاتە سەر دەسەڵاتە بەهێزەکان، بەڵام لەهەمانکاتیشدا بوونی کۆمەڵگەیەکی بەهێزیش، مەرج نییە بە سوود بۆ گەلان بگەڕێتەوە، لەمەشدا نموونەی هیندستان و هەنگاریا دەهێنێتەوە، لە هیندستان کۆمەڵگەی مەدەنی زۆر لە دەوڵەتی ناوەندی بەهێزتربووە، ئەمەش وایکردووە کە دەولەتێکی بەهێزی ناوەندی دروست نەبێت، هەربۆیە زۆرجار هیندستان بەرهێرشی داگیرکەران کەوتووە. لە ئەوروپاشدا نموونەی هەنگاریای هێناوەتەوە دەڵێت: مەرج نییە کۆمەڵگەیەکی مەدەنی بەهێزی یەکانگیری باش، ئازادی سیاسی بهێنێتە دی . لە هەنگاریا پاشئەوەی دەوڵەتی ناوەندی لاوازکرا، بووە هۆی ئەوەی کە تورکەکان بتوانن وڵاتەکە داگیربکەن . ل514

ئەزموونی گەلان لە بواری حوکمڕانیدا نووسەر هەوڵیداوە مێژووی سیاسی زۆربەی وڵاتانی جیهان شیبکاتەوەو قسەی لەبارەوە بکات، بەتایبەتی مێژووی شارستانیەتە گەورەکانی وەکو « چین، هیندستان، ئیسلامی، ئەوروپی» لێرەشدا کورتەیەک لە بۆچوونانەی دەخەمە ڕوو.

چین یەکەمین شێوازی دەوڵەتی دروستکردووە چین کە یەکێکە لە شارستانییە دێرینەیکانی جیهان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، هەوڵی خۆی داوە، بەتایبەتی لە ڕووی حوکمڕانی و ئیدارەی کۆمەڵگەوە،هەتاوەکو ئێستاش تەواوی مێژوونوسان و چاودێرانی سیاسی، لێکۆڵینەوەی هەمەجۆر لەبارەی ئەم وڵاتەوە دەکەن. هەرچەندە من ماوەیەکی زۆرە خەریکی مێژووی چینم، بەڵام ئەوەندەی لەم کتێبە زانیاریم وەرگرت، لە هیچ کتێبێکی تر وەرمنەگرتووە.

مێژووی کۆنی چین نووسەر لەم کتێبەیدا گرنگییەکی زۆری بە مێژوویی چین داوەو گەڕاوەتەوە بۆ سەرەتاکانی نیشتەجێبوونی مرۆڤ لەم پارچە زەویەدا: مرۆڤە سەرەتاییەکان نزیکەی 8 هەزار پ.ز لە چین نیشتەجێبوون، نزیکەی 5 هەزار ساڵ دەبێت کە لە باکوور « هەرزه‌» و لە باشووریش « برنج» چێنراوە. کانزاکان لە قۆناغی یانگشا و « 500 بۆ 2000.پز» هەبوون. شارە شورا بەدەور دروستکراوەکان بەڵگەی روونی چینە کۆمەڵایەتییەکانە لە ماوەی لۆنگشاندا «3000 بۆ 2000 پ.ز» ئایین لە سەر بناغەی پەرستنی رۆحی باپیران بەسەرۆکایەتی ئەو شامانە دامەزرابوو کە وەک لە زۆربەی کۆمەڵگەکانی ئاستی بانددا، پسپۆر نەبوون، بەڵکو ئەندامی ئاساییی کۆمەڵگە بوون. ل 137 بەرگی یەکەم

یەکەمین دەوڵەت لە جیهاندا دەوڵەت وەکو دامەرزاوەیەکی رێکخستنی کۆمەڵگا، بۆ یەکەمجار لە چین دروست بوو، لەمبارەیەوە فۆکۆیاما دەڵێت: چین یەکەمین شارستانی جیهانە، کە دەوڵەتێکی مۆدێرنی دامەزراندووە، ینگ شینگ 259/210 پ.ز دامەزرێنەری یەکەمین دەوڵەتی یەکخراوی چینە

هۆکار و بنەماکانی دەوڵەتی چین دیارە نووسەر زۆر بە ووردی لەو هۆکارانەی کۆڵیوەتەوە کە بۆتەهۆی دروستبوونی دەوڵەت لە چین، لەهەمانکاتیشدا باسی بنەما سەرەکییەکانی کردووە؛ فۆکۆیاما پێی وایە چەند هۆکارێک وایکردووە کە دەوڵەتی مۆدیرن لە چین دروستبێت، کە ئەوانیش بریتین لە مانەی خوارەوە

جەنگ وەکو هۆکاری سەرەکی فۆکۆیاما پێی وایە، دەوڵەتی چینی لە منداڵدانی جەنگەوە لە دایک بووە، بە بەراورد لەگەڵ کۆمەڵگا سەربازییەکانی دیکەدا، دەسەڵاتی چین بەشێوەیەکی بەرچاو توندوتیژ بووە، دەوڵەتی کین توانیویەتی رێژەی 8بۆ 20 % ی سەرجەمی دانیشتوانی وەگەربخات، لەکاتێکدا کۆماری رۆمان لە 1% بووە،و یۆنانی کۆنیش 5% بووە. هەروەها قوربانییەکان وێنەی نەبووە. لە بەهارو پاییزی ساڵی 294 پ.زدا، زیاتر لە 1211 جەنگ روویداوە. یادەوەرێکی چینی دەڵێت، لە یەک شەڕدا لە ساڵی 293 پ.ز دا، 240 هەزار کەس کوژراون، ساڵی 260 پ.ز 450 هەزار کەس کوژراون، لە نێوان ساڵانی 356 بۆ 236 پ.ز دا، 1.5 ملیۆن کەس لە شەڕەکاندا کوژراون. ل 156 بەرگی یەکەم.

رێکخستنی سەربازی خاڵیکی تر کە بۆتە هۆی بەهێزبوونی دەوڵەت، رێکخستنی سەربازی بووە، فۆکۆیاما دەڵێت: شۆڕشێک لە رێکخستنی سەربازیی روویدا. یەکەمین سوپای پیادە لە سەدەی 6 پ.ز دروستکراوە، جووتیارەکان ناچارکران ببنە سەرباز، یەکەی کارگێڕی بوون و ریزبەندییەکی هەڕەمیان هەبوو، کە ژمارەی یەکەکانی جێگیربوون. وەرچەرخان لە گالیسکەوە بۆ هێزی پیادە، کرۆکی هێزی پەلاماردانی سوپای چین بوو،،ل 158 بەرگی یەکەم ئەوەی جێگەی سەرنجە چین یەکەمین شارستانی جیهانە، کە خزمەتی سەربازی بەسەر دانیشتواندا سەپاندووەو لێرەشەوە ئیتر خزمەتی سەربازی لە جیهاندا پەیدا بووە.

بیرۆکراسی خاڵێکی گرنگی تر کە بۆتە هێزێکی گەورە بۆ دەوڵەت لە چین، داهێنانی بیرۆکراسییە. یەکێک لە خاڵە سەرنجڕاکێشەکان کە لەم کتێبەدا بۆم دەرکەوت، ئەوەیە کە چین داهێنەری بیرۆکراسی دەوڵەتە، لەمبارەیەوە فۆکۆیاما دەڵێت: جێی خۆیەتی بڵێین چینییەکان بیرۆکراسی مۆدێرنیان داهێناوە، واتە کادیری کارگێری بەردەوام بە پێی لێهاتووییی نەک خزمایەتی یان میراتگریی دادەمزرێنرێت، ل 159. بەرگی یەکەم لە ساڵی 5 پ.ز کاتێک دانیشتوانی تۆمارکراوی چین شەش ملیۆن کەس بوون، نزیکەی ب130 هەزار بیرۆکرات لە پایتەخت و پارێزگاکان خزمەتیان دەکرد، چەندین قووتابخانە دامەزرێنرابوون بۆ راهێنانی لاوانی تەمەن حەڤدە ساڵ بەرەو ژوور، پاشان تاقیدەکرانەوە بۆ هەڵسەنگاندنی تواناکانی خوێندنەوەی نووسراوە جۆراوجۆرەکان، راگرتنی حیساب و کیتاب و شتی دیکە، ئینجا دەخرانە بەر خزمەت ل 188. بەرگی یەکەم واتە چینییەکان پێش هەزاران ساڵ، بیریان لە پێگەیاندن و دروستکردنی کادیری دەوڵەت کردۆتەوە بەداخەوە هێشتا ئێمە لە کوردستان ئەوەمان نەکردووە.

گەشەسەندنی تەکەنەلۆژیا لە چین خاڵێکی بەهێزی تر گەشەسەندنی تەکنەلۆژیا بووە، هەمیشە تەکنەلۆژیا رۆڵی لە بەهێزبوونی دەوڵەتان هەبووە، چینیش یەکێک بووە لەوانە، لەمبارەیە نووسەر دەڵێت: گەشەکردنی داهێنانی تەکنەلۆژیا وەکو گوێزانەوە لە برۆنزەوە بۆ ئاسن،لە وێشەوە بۆ پێشخستنی کۆمەڵێک ئامڕازی پۆڵایین و دروستکردنی گاسنی ئاژەڵ، پەرەسەندنی بەرێوبردنی زەوی زار و ئاودێریش پێشكەوت، کاری بازرگانی لە نێوان بەشە جیاوازەکانی چین زیادیکرد، هەموو دەوڵەتەکان هەستیان بە فشارێکی زۆرکرد بۆ زیادکردنی ئاستەکانی باج وەرگرن، لەبەرئەوە دەبوو بەرهەمهێنانی کشتوکاڵ زیاد بکات، هەموویان داهێنانەکانیان خواست و بەکاریانهێنا بۆ زیادکردنی دەسەڵات و پایەی خۆیان. ل 161. بەرگی یەکەم

ئایینەکان و ئایدیاکان ئەوەی جێگەی سەرنجە هەرچەندە توندتیژی و جەنگ زۆربێت، ئایدیاکانیش بەهێزتر دەبن، لەمبارەیەوە فۆکۆیاما دەڵێت: چەندین سەدەی توندوتیژی، لە کۆتاییەکانی سەردەمی بەهار و پاییز و دەوڵەتە جەنگاوەرەکاندا، گەورەترین دەرفەتی کولتووری لە مێژووی چیندا خوڵقاندووە. بەتایبەتی ئایینی کۆنفۆشیۆس، رۆڵی بەرچاوی گێڕاوە لە بەهێزبوونی دەوڵەتی چینیدا. لەمبارەیەشەوە نووسەر دەڵێت: دەتوانین لەگەلێک رووەوە وەها بڕوانینە کۆنفۆشیۆس کە ئایدۆلۆژیایەکە لەسەر بناغەی خێزان پێڕەوێکی ئاکاری بۆ دەوڵەت دادەمزرێنێت. ل 167. بەرگی یەکەم پیاوە ئاینیەکانی کۆنفۆشیوس لە زۆرکاتدا بوونەتە کۆڵەکەی سەرەکی دەوڵەتەکان بۆ نموونە لە سایەی ئیمپراتۆر «ویودا» 141 / 87 پ.ز دانایانی کۆنفۆشیوس خراونەتە ناو پۆستە کارگێڕییەکان و کۆلیژی کۆنفۆشیوس بە 5 بەشەوە دامەزراوە،هەروەها کۆنفۆشیوس داوای هیچ لێپرسینەوەکی ئاکاری بەسەر دەسەڵاتی ئیمپراتۆیەتەوە ناکات، بەپێچەوانەوە دەیەوێت میر پەروەردە بکات بۆ ئەوەی وای لێبکات کە هەست بەوە بکات کە بەرامبەر بە گەلەکەی بەرپرسە. ل 169. بەرگی یەکەم لە زۆر رووەوە ئاینی کۆنفۆشیوس پاڵپشتی سەرەکی دەوڵەت بووەو یەکێکیش بووە لە کۆڵەکە سەرەکییەکان دەوڵەت، لەمەشدا پێچەوانەی ئایینی هیندۆسی، کە دژی دروستبوونی دەوڵەت بوو لە وڵاتە مەزنەکەی هیندستان.

ماویەتی

print

 281 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*