سەرەکی » وتار » د.به‌ختیار شاوه‌یس‌ » نوێبوونەوەی یەکێتی لە رەفتارەوە تا روخسار

له‌ كۆنگره‌ی چواره‌م

نوێبوونەوەی یەکێتی لە رەفتارەوە تا روخسار

(10)

سه‌رباری ئه‌و هه‌وڵه‌ هه‌مه‌لایه‌ن و گشتگیرانه‌ی كه‌ لێره‌و له‌وێ و به‌شێوازی جیاواز و له‌ئاستی نووسین و كۆڕ و به‌رنامه‌ی ره‌خنه‌ئامێز و هه‌روه‌ها هه‌ڵسه‌نگاندنی تاكلایه‌نانه‌ و ده‌سته‌جه‌معی كه ‌له‌دوای سێیه‌مین كۆنگره‌وه‌ ده‌دران به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی هه‌ڵاوسانی کادر و گه‌ڕانه‌وه‌ی په‌یكه‌ره‌ رێكخراوه‌ییه‌كه‌ی یه‌كێتی بۆ فۆڕمه‌ په‌سه‌ندكراوه‌كه‌ی رابردووی و رێكخستنه‌وه‌ی به‌چه‌شنێك له‌گه‌ڵ بنه‌ما ‌سه‌ره‌تاییه‌كان و بنچینه‌كانی حزبایه‌تی و مۆراڵی سیاسی و ئیتیكی كاركردندا وێك بێته‌وه‌، سه‌ره‌ڕای بڕیاری مه‌كته‌بی سیاسی و رێنوێنیكردنی مه‌كته‌بی رێكخستن به ‌ئامانجی چاره‌كردنی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ و دواتر به‌ستنی كۆنفرانسی مه‌ڵبه‌نده‌كان له ‌هاوینی ساڵی2012 بۆ دۆزینه‌وه‌ی ده‌رچه‌یه‌كی گونجاو و كردنه‌وه‌ی گرێی ئه‌و هه‌وڵاوسانه‌ی كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ناسروشتی رووبه‌ڕووی دۆخی ناوخۆی حزب بووه‌ته‌وه‌، سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه‌ به‌هۆی گرتنه‌به‌ری میكانیزمی خانه‌نشینكردنی رێژه‌یه‌كی زۆر له ‌کادرانی ئۆرگانه‌ جیاوازه‌كان، به‌ڵام سه‌ره‌نجام مانه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌كه‌یه‌ به‌ ته‌مومژاوی و لێكه‌وته‌كانی ئه‌مه‌ش به‌شێوه‌یه‌كی نێگه‌تیڤ له‌سه‌ر ئه‌دای كاری رۆژانه‌ دروستكردووه‌ و فاكته‌رێكی توند بووه‌ بۆ پراكتیزه‌نه‌كردنی سیاسه‌تی دوورمه‌ودامان.
له‌په‌یوه‌ندیدا به‌م پرسه‌وه‌، پێویسته‌ ئه‌دگاره‌كانی تێگه‌یشتنمان له‌سه‌ر ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ پراگماتیكییه‌ راگرین، كه‌ ئه‌گه‌ر به‌شێك له‌ نوێبوونه‌وه‌ی حزبی سیاسی به‌سترابێته‌وه‌ به‌ نوێگه‌ریی كردن له ‌سیسته‌می كاركردن و ئۆرگانیزه‌كردنه‌وه‌ی جومگه‌ كاریگه‌ره‌كانی، ئه‌وا قووڵایی ستراتیژیی ئه‌مه‌ وابه‌سته‌یه‌ به‌ کادر و ئه‌وانه‌ی كه‌ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ هه‌ڵده‌سوورێنن، ‌به‌تایبه‌تیش بۆ یه‌كێتی، به‌ڵام بۆچی و چۆن؟
هه‌ڵسه‌نگاندنی کادری حزبی سیاسی هه‌م له‌ڕووی چه‌ندایه‌تی و هه‌م له‌ئاستی چۆنایه‌تیدا، ده‌رهاویشته‌ی قۆناغی خه‌باتی سیاسی و هه‌لومه‌رجه‌كه‌ و پێگه‌ی جه‌ماوه‌ریی و كاریگه‌رییه‌كانێتی له‌ناو فه‌زای گشتی و هه‌روه‌ها جۆری په‌یوه‌ندییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی.
له‌په‌یوه‌ندیدا به ‌کادر و یه‌كێتیی به‌تابه‌تی له‌دوای ته‌قینه‌وه‌ی كێشه‌ ده‌روون حزبیه‌كانی ناوخۆ و ده‌ركه‌وتنی شوێنەواره‌كانی ململانێی دوور له ‌فیكر و نزیك له ‌به‌رژه‌وه‌ندیی په‌تی شه‌خسی، هێدی هێدی پێگه‌ی له‌ڕووی مه‌عنه‌وی و كاریگه‌رییه‌كانییه‌وه‌ هێنرایه‌ خوارەوە و له‌مه‌شدا هه‌ندێك جار نه‌خشه‌ و پلان و به‌رنامه‌ی تایبه‌تی دوور و درێژی بۆ دانراو داتاشراوه‌.
وه‌ك چۆن کادر پێویسته‌ به‌شێوه‌یه‌كی سروشتی و به ‌قۆناغه‌كانی تایبه‌تمه‌ندیی خۆیدا نه‌شونما بكات و گه‌شه‌بكات، به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ناو ئاسته‌كانی ناوخۆی حزبیشدا پێویسته‌ ره‌چاوی ئه‌م لایه‌نانه‌ و كۆی ره‌هه‌نده‌كانی بكرێت. نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی كه ‌له‌ماوه‌یه‌كی كورتدا ژماره‌ی مه‌ڵبه‌نده‌كان بۆ دوو یان سێ ئه‌وه‌نده‌ زیاد بكرێت و ئه‌و هه‌ڵاوسانه‌ی لێبكه‌وێته‌وه‌ كه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنه‌كه‌شی كۆنگره‌ ده‌سته‌وسان بێت له‌ئاستیدا.
له‌م دیده‌وه‌ سه‌ره‌تای به‌قه‌زاكردنی مه‌ڵبه‌نده‌كان له‌ساڵی 2006 دا هه‌ر ‌به‌ته‌نها سه‌ره‌تای داكشانی سه‌نگ و قورسایی مه‌ڵبه‌ند و كۆمیته‌ و ئۆرگانه‌كانی دیكه‌ نه‌بوو، به‌ڵكو سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنی قه‌یرانێكی دیكه‌ی ئۆرگانیزه‌كراو بوو بۆ هاتنه‌خواره‌وه‌ی پێگه‌ی سیاسی و فیكری و رووناكبیری کادری یه‌كێتیی و ته‌سلیمبوونیان به‌و ئیراده‌یه‌ی كه‌ دواجار به‌ ئینشیقاقی حزبی (کە لەم وتارەدا مەبەست ئینشیقاقی بزووتنەوەی گۆڕانە) گورزی كاریگه‌ر و كوشنده‌یان له‌ سه‌روه‌رییه‌كانی رابردووی ئه‌م هێزه‌ و ئاینده‌ سیاسییه‌كه‌ داو له‌مه‌ش زیاتر له‌سه‌ر بنه‌ما و ئینتیمای تایبه‌تی و ده‌سته‌گه‌ریی، په‌رشوبڵاوی و زۆر و بۆرییه‌كی به‌رچاویان له‌ناو مه‌كته‌به‌كان دروستكردو رێژه‌ یاساییه‌كه‌ی په‌یڕه‌وی دیاریكراو بووه‌ سه‌راب.
جیا له‌وه‌ی كه‌ مانه‌وه‌ی ئه‌و کادره‌ تێكۆشه‌رانه‌ی كه ‌نه‌كه‌وتنه‌ ژێر كاریگه‌ریی ئه‌و شه‌پۆله‌ توندو ‌به‌رنامه‌ بۆداڕێژراوه‌ی كه‌ ساڵانێكه‌ كار له‌سه‌ر بچووكردنه‌وه‌ی یه‌كێتی ده‌كات و ته‌نها رێگه‌ی گه‌وره‌بوونی خۆی له ‌پراكتیزه‌كردنی ئه‌م سیاسه‌ته‌ دووفاقییه‌دا ده‌بینێته‌وه‌ و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه ‌له‌كۆنگره‌ی رابردوودا له‌ماده‌ی 66 كه ‌تایبه‌ت بوو به‌ (بنه‌ما گواستراوه‌كان) میكانیزمی تێپه‌ڕاندنی ئه‌م قه‌یرانه‌ دیاریكرا و به ‌ده‌ستووری حزبی كرا و به‌ڵام به‌عه‌مه‌لی نه‌كرا.
پێویسته‌ له‌ چوارەمین كۆنگره‌دا ده‌ستپێكی نوێبوونه‌وه‌ی یه‌كێتیی به‌ناو ئه‌م پرۆسه‌یه‌دا بڕوات و به‌شێوه‌یه‌كی عه‌قڵانی و زانستییانه‌ی سیاسی كه‌ دادپه‌روه‌ریی له‌رووی پسپۆڕی و كه‌فائه‌ و رابردووی تێدا ره‌نگ بداته‌وه‌، پرۆسه‌ی رێكخستنه‌وه‌ی ئۆرگانه‌كان و هاوته‌ریبییان له‌گه‌ڵ کادران ئه‌نجام بدرێت و به‌مه‌ش سه‌نگ و قورسایی هه‌م بۆ ئۆرگان و هه‌م کادر و كارگه‌رییه‌كانی زیاتر ده‌رده‌كه‌وێته‌وه‌ و دواجار کادری ته‌رخانكراو بۆ كاری سیاسی له ‌کادری دیكه‌ جیاده‌كرێته‌وه‌.

 194 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*