سەرەکی » ئاراستە » ده‌ره‌وار..دیوه‌خانی گه‌رموگوڕی شۆڕش

شۆڕش بەم گوندەشدا تێپەڕی

ده‌ره‌وار..دیوه‌خانی گه‌رموگوڕی شۆڕش

م. عه‌لی

22

هه‌میشه‌ لادێكان خانه‌خوێی شۆڕش و ماڵه‌ جووتیاره‌كان دێوه‌خانی پێشمه‌رگه‌ بوون، بۆیه‌ لادێ‌ و شۆڕش جمكانه‌ی یه‌كتری بوون و لێكجیانه‌كراونه‌ته‌و

به‌پێی هه‌ندێ‌ لێكدانه‌وه‌ ده‌ره‌وار له‌ دوو به‌ش پێكهاتووه‌: ده‌ر + وار، به‌هۆی ئامرازی پێوه‌ندی بووه‌ته‌: ده‌ره‌وار، یان له‌: ده‌ره‌ + وار دروستكرابێ‌.. له‌فه‌رهه‌نگدا ده‌ر به‌واتا: ده‌رگا، ده‌ره‌وه‌ی ژوور، ده‌ره‌: گه‌لی، شیو، دۆڵ، پێش ده‌رگا.. وار: پاشگره‌ به‌ واتا: خاوه‌ن، باجی قومار، جێ‌ ژیانی تاوسانیی له‌ ئێڵاخ، خواروخێچ، باری سه‌ر پشتی باره‌به‌ر، به‌خشش، دارایی، شیاو، ئه‌نوا.. له‌وه‌ده‌چێ‌ ناوه‌كه‌ له‌ ناوی ئه‌و چه‌مه‌وه‌ كه‌ پێیده‌وترێت: چه‌می ده‌ره‌وار و سه‌رچاوه‌كه‌ی له‌ ده‌ربه‌ندێكی شاخی سه‌گرمه‌وه‌ دێت، هاتبێ‌.. به‌م پێیه‌ وشه‌ی ده‌ره‌وار كوردییه‌، هه‌ندێكیش ئه‌م وشه‌ی ده‌ره‌واره‌ به‌ توركی ده‌زانن به‌ واتای دۆڵێكی قووڵ، كه‌ دۆڵێك له‌ ده‌ربه‌ندی ده‌ره‌واری بناری شاخی سه‌گرمه‌وه‌ دێته‌ خواره‌وه‌ و به‌ به‌رده‌می هه‌ردوو ده‌ره‌واردا به‌ره‌و خوار ده‌ڕوات.
دوو دێ‌ به‌م ناوه‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ له‌ڕووی كارگێڕییه‌وه‌ ده‌كه‌ونه‌ سنووری شارۆچكه‌ی سه‌نگاوه‌وه‌.. وه‌كو باسده‌كرێ‌ ئه‌م دوو دێیه‌ ساڵی 1944 له‌نێوان هه‌ردوو تیره‌ی میكایه‌ڵی و رۆغزایی ئێلی جافدا دابه‌شكراون و له‌ داموده‌زگای میریدا به‌ ده‌ره‌واری خواروو و ده‌ره‌واری سه‌روو تۆماركراون، دواتر دێیه‌كیتر به‌ناوی: كه‌وه‌ڵه‌ كه‌ دانیشتووانه‌كه‌ی سه‌ر به‌ هۆزی ره‌باتین له‌نێوان هه‌ردوو ده‌ره‌واری خواروو و سه‌روودا ئاوه‌دانكراوه‌ته‌وه‌.
كاتی خۆی دانیشتووانی ده‌ره‌واری خواروو پێش پرۆسه‌ی ئه‌نفالی تاوان نزیكه‌ی 25 ماڵ ده‌بوون، هه‌موو ئه‌و دانیشتووانه‌ میكایه‌ڵین ته‌نیا بنه‌ماڵه‌ی مه‌لا حه‌سه‌نی رۆسته‌م گۆرانن كه‌ هه‌ر له‌كۆنه‌وه‌ له‌ دێی زه‌رده‌لیكاوه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ ده‌ره‌وار و له‌گه‌ڵ خه‌ڵكه‌كه‌دا زۆر ته‌با و گونجاون، له‌دوای راپه‌ڕین نزیكه‌ی 20 ماڵ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ و ئاوه‌دانیانكردووه‌ته‌وه‌ و به‌ ده‌یان ماڵیشیان له‌ شار و شارۆچكه‌كانی سلێمانی و چه‌مچه‌ماڵ و سه‌نگاو و رزگاریدا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌.
ده‌ره‌واری خواروو سه‌ر به‌ كه‌رتی 54 و خاوه‌نی 4924 دۆنم زه‌وییه‌، له‌مه‌ش 320 دۆنم زه‌وی ئه‌میرییه‌ و 1386 دۆنم زه‌وی تاپۆیه‌ و 3218 دۆنم زه‌وی به‌رده‌ڵان و له‌وه‌ڕگایه‌.. له‌و زه‌وییانه‌ 1706 دۆنمی ده‌كرێته‌ گه‌نم و جۆ و 21 جووتیاری گرێبه‌ستی هه‌یه‌ جگه‌له‌ زه‌وییه‌ تاپۆكان، وه‌كو هه‌موو دێهاته‌كانیتری گه‌رمیان زه‌ویوزاری دێی ده‌ره‌واری خواروو به‌زۆریی دێمه‌ و پشت به‌ باران ده‌به‌ستێت و هه‌ندێ‌ به‌راویشی هه‌یه‌ و ژیانی ئه‌و خه‌ڵكه‌ی دێیه‌كه‌ به‌گشتیی له‌سه‌ر كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵدارییه‌.
پێش ئه‌نفال هیچ پرۆژه‌یه‌كی خزمه‌تگوزاریی حكومه‌تی عێراقی پێنه‌گه‌یشتبوو، ته‌نانه‌ت قوتابخانه‌ش، هه‌ربۆیه‌ شۆڕش مامۆستایه‌كی دابینكردبوو له‌ خانوویه‌كی قوڕدا وانه‌ی به‌ مناڵه‌كانی دێ‌ ده‌وته‌وه‌ تا له‌ كاروانی خوێنده‌واریی دوانه‌كه‌ون.. ئێستا پرۆژه‌كانی: كاره‌با و ئاو و قوتابخانه‌ و مزگه‌وتی بۆ كراوه‌، كه‌ هه‌ر له‌كۆنیشه‌وه‌ مزگه‌وتی تێدابووه‌ و مه‌لای هه‌بووه‌ و فه‌قێش له‌ملاولاوه‌ بۆ خوێندن روویانتێكردووه‌، وه‌كو باسده‌كرێ‌ مه‌لا حه‌سه‌نی رۆسته‌م، كه‌ هاتووه‌ته‌ ئه‌م دێیه‌ به‌رنوێژیی كردووه‌ و فه‌قێشی پێگه‌یاندووه‌.
ئه‌م دێیه‌ شوێنه‌واری كۆنی تێدایه‌ كه‌ پێیده‌ڵێن كه‌لاره‌كان، تائێستاش دیواره‌ رووخاوه‌كانی ماوه‌ته‌وه‌ و گۆزه‌ و متوموورووی تیادۆزراوه‌ته‌وه‌، كه‌ بۆ سه‌رده‌مانی رابردوو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه‌ هه‌ر له‌كۆنه‌وه‌ ئه‌م دێیه‌ شوێنی نیشته‌جێبوون بووه‌، وه‌كو ده‌شڵێن پێش 200 ساڵ شوێنی ئه‌م دێیه‌ له‌ شوێنێكیتر كه‌ پێیانوتووه‌ قشڵاخه‌كه‌ بووه‌.
ده‌ره‌وار وه‌كو هه‌موو دێهاته‌كانیتری كوردستان هه‌میشه‌ به‌ر په‌لاماره‌كانی هێزه‌كانی سوپای عێراق و جاشه‌ نیشتمانفرۆشه‌كان كه‌وتووه‌ و ئازاریان پێگه‌یشتووه‌.. له‌ ساڵی 1975 فڕۆكه‌كانی عێراق له‌ ده‌سپێكردنه‌وه‌ی شۆڕشدا بۆردومانیانكردووه‌، له‌ ساڵی 1987 هه‌لیكۆپته‌ره‌كانی رژێم هه‌ڵیانكوتاوه‌ته‌سه‌ری و به‌خه‌ستیی بۆردومانیكردووه‌ ته‌نیا ئاژه‌ڵ و قه‌ل و مریشكی ئاوایی پیكاوه‌ و زیانی به‌ مرۆڤه‌كان نه‌گه‌یاندووه‌، هه‌ر ئه‌و ساڵه‌ جارێكیتر هه‌لیكۆپته‌ره‌كان هاتوونه‌ته‌وه‌ و ئه‌مجاره‌ داویانه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئاوایی و هیچ زیانێكی ئه‌وتۆی نه‌بووه‌.
ساڵی 1986 هێزه‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌ عه‌ره‌به‌ شیعه‌كانی عێراق باره‌گایان له‌ ده‌ربه‌ندی ده‌ره‌وار دانا و له‌ كۆتایی پرۆسه‌ی شاڵاوه‌كانی ئه‌نفالی سێی گه‌رمیاندا دوای كشانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ ئه‌وانیش، كه‌ نه‌یانویست له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌دا بكشێنه‌وه‌، كه‌وتنه‌به‌ر په‌لاماری هێزه‌كانی سوپای ئه‌نفالكه‌ری به‌عس و ژماره‌یه‌كی كه‌میان نه‌بێ‌ توانییان ده‌ربازببن ئه‌وانیتریان له‌شه‌ڕه‌كه‌دا تیاچوون.
خه‌ڵكی ئه‌م دێیه‌ش له‌خه‌باتدا به‌شدارییانكردووه‌ و ماڵه‌كانیان دێوه‌خانی گه‌رموگوڕی شۆڕش بووه‌ و رێكخستنه‌كانی یه‌كێتیی ره‌گوڕیشه‌ی له‌ناویاندا داكوتاوه‌ و ئه‌نجومه‌نی دێیان بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كاروباره‌كانی رۆژانه‌یان دروستكردووه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش داهێنانێكی دیموكراسییانه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو.
وه‌كو دێیه‌كی دڵسۆز به‌ كوردایه‌تی هه‌میشه‌ پێشمه‌رگه‌كانی شۆڕشی نوێ‌ بۆ پشوودان لایانداوه‌ته‌ ئه‌وێ‌ و له‌ناو دڵ و ده‌روونی گه‌رمی جووتیاره‌كاندا حه‌ساونه‌ته‌وه‌، ته‌نانه‌ت
هه‌ندێك پێشمه‌رگه‌ش ماڵه‌كانیان بردووه‌ته‌ ئه‌وێ‌، ئه‌مه‌ش كاریگه‌رێتیی له‌سه‌ر لاوه‌كانی داناوه‌ ببنه‌ پشتگیریی و پێشمه‌رگه‌ و له‌ كۆڕی به‌رگریشدا 3 شه‌هیدیان به‌خشیوه‌ته‌ كوردستان.
له‌ پرۆسه‌ی ئه‌نفالی سێدا كه‌ له‌ رۆژی ٧/٤ بۆ ٢٠/4/1988 ده‌ستیپێكرد بۆ سه‌ر دێهاته‌كانی گه‌رمیان، دوای چۆڵكردنی بنكه‌ و باره‌گاكانی مه‌ڵبه‌ند له‌ دۆڵی قه‌ره‌داغ بۆ ماوه‌یه‌كی كاتیی باره‌گای مه‌ڵبه‌ندی یه‌كی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌وێ‌ دانرا بۆ سه‌رپه‌رشتیكردنی شه‌ڕه‌كانی هه‌موو قۆڵه‌كان تا دواجار له‌ رۆژی 14/4 كه‌ بڕیاری كشانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ درا چۆڵكرا، دواتر هێزه‌كانی سوپا و جاشه‌كان چوونه‌ته‌ناویه‌وه‌ و ئاگریان تێبه‌رداوه‌ و رووخاندوویانه‌ و خه‌ڵكه‌كه‌ی ئاواره‌ی ئۆردوگا زۆره‌ملییه‌كان بوون و له‌م پرۆسه‌یه‌شدا 9 هاووڵاتی ئه‌م دێیه‌ بێسه‌روشوێنكراون.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*