سەرەکی » وتار » گۆران فه‌تحی » گرێ كوێره‌ی‌ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق

گرێ كوێره‌ی‌ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق

كوتله‌ سیاسییه‌كان عیراق به‌تایبه‌ت شیعه‌ی‌ باڵاده‌ست، وایانده‌زانی به‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران، ئه‌وا خۆپیشاندان و ناره‌زایه‌تییه‌كانی عیراق كۆتایی دێت و ئه‌مان ده‌توانن كه‌سێكی تر به‌مه‌قاسی خۆیان له‌و پۆسته‌دا دابنێنه‌وه‌.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ و وه‌كو ئه‌وه‌ی‌ خۆپیشانده‌ران ئه‌وه‌نده‌ ساویلكه‌ بن و ئاسان بخه‌ڵه‌تێنرێن، لیسته‌ شیعه‌كان چه‌ندین ناویان ته‌رح كرد له‌سه‌ره‌تادا، بۆ پڕكردنه‌وه‌ی‌ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران، ئینجا چەند هێزێکی سیاسی شیعەو سوننە به‌شێوه‌ی‌ ره‌سمی قوسه‌ی‌ سوهێل یان كاندیدكرد، گوایه‌ كاندیدی ئه‌وانه‌ وه‌كو گه‌وره‌ترین كوتله‌ ئێستای په‌رله‌مان كه‌ كوتله‌ی‌ بونیاده‌، به‌ڵام دوای پێشكه‌شكردنی ناوی سوهێل بۆ سه‌رۆك كۆمار بۆ ئه‌وه‌ی‌ ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر بدرێت، هه‌رچه‌ند فشارێكی زۆر خرایه‌ سه‌ر سه‌رۆكایه‌تی‌ كۆمار بۆ رازی بوون به‌و كاندیده‌، به‌ڵام سه‌رۆكایه‌تی‌ كۆمار و دوای ئه‌وه‌ی‌ نارازی بوونی خۆپیشانده‌رانی له‌گۆڕه‌پانی ته‌حریری به‌غدا و باقی ناوچه‌كانی تر بینی به‌رامبه‌ر به‌و كاندیده‌كردنه‌، تۆپه‌كه‌ی‌ هه‌ڵدایه‌وه‌ به‌رده‌م په‌رله‌مانی عیراق بۆ ئه‌وه‌ی‌ بڕیاری له‌باره‌وه‌ بدات.
دواتر و دوای ئه‌وه‌ی قوسه‌ی‌ سوهێل بارودۆخه‌كه‌ی‌ بۆ روونبۆوه‌، به‌كتابێك داوای لێبوردنی له‌كوتله‌ی‌ بونیادكرد و رایگه‌یاند، (سوپاسیان ده‌كات كه‌ وه‌كو گه‌وره‌ترین كوتله‌ ناو په‌رله‌مان كاندیدیان كردووه‌ بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران، به‌ڵام له‌به‌ر نه‌گونجانی بارودۆخ داوای لێبوردن ده‌كات و هیوای سه‌ركه‌وتن بۆ كوتله‌كه‌ ده‌خوازێت له‌دیاریكردنی كه‌سێكی تر بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران).
به‌پێ هه‌واڵه‌كانیش بێت ئه‌وا كوتله‌ی‌ بونیاد، له‌هه‌وڵه‌كانی به‌رده‌وامه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی‌ كه‌سێكی تر بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران و له‌و رووه‌وه‌ش وه‌فدێكی باڵایان سه‌ردانی سه‌رۆك كۆماری كردووه‌ بۆ تاوتوێكردنی دانانی ئه‌سعه‌د عێدانی پارێزگاری به‌سرا له‌پۆستی سه‌رۆك وه‌زیراندا، به‌ڵام گۆمان ده‌كرێت خۆپیشانده‌ران له‌سه‌ر ئه‌میش رازی بن، به‌و پێیه‌ی‌ كاندیدی هێزه‌ سیاسیه‌كانی ئێستای عیراقه‌، رۆڵیشی هەبووە لە سەرکوتکردنی نارەزاییەتیەکان لە بەسرە.
كێشه‌كه‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌، خۆپیشانده‌ران كه‌سێكیان ده‌وێت خۆیان هه‌ڵیبژێرن نه‌ك كوتله‌ سیاسیه‌كانی ده‌سه‌ڵات له‌به‌غدا، كه‌ به‌هه‌موو جۆرێك خۆپیشانده‌ران كارو كرده‌وه‌كانیان له‌چه‌ند ساڵی رابردوو ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌، له‌ولاوه‌ش، كوتله‌ شیعیه‌ باڵاده‌سته‌كان، به‌پێی ئه‌وه‌ی‌ خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتن له‌عیراقداو خاوه‌نی زۆرینه‌ی‌ كورسییه‌كانی په‌رله‌مانیشن، ده‌یانه‌وێت به‌كاندیدكردنی كه‌سێكی خۆیان، هه‌م خۆپیشانده‌ران رازی بكه‌ن و ناره‌زایه‌تیه‌كان كپبكه‌نه‌وه‌و و هه‌میش ده‌سه‌ڵاتیان وه‌كو خۆی‌ بمێنێته‌وه‌ به‌تایبه‌ت له‌پۆستێكی گرنگی وه‌كو سه‌رۆكایه‌تی‌ وه‌زیران.

 629 جار بینراوە