سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » ״پاراستنی سەروەریی عیراق و دوورخستنەوەی وڵات لە ململانێی چەكداری״

״پاراستنی سەروەریی عیراق و دوورخستنەوەی وڵات لە ململانێی چەكداری״

دوێنێ رێوڕەسمی بەخاكسپاردنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران ‌و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری فەرماندەی حەشدی شەعبی، لە فڕۆكەخانەی موسەنناوە بەرەو كازمییە دەستیپێكرد، كە بەرەبەیانی 3/1/2020 لە نزیك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لەلایەن فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئەمریكییەوە كرانە ئامانج.

هەڵوێستی ئەمریکا
دوای رووداوەكە ‌و وەكو ئاماژەیەك بۆ سەركەوتنی هێرشەكەیان، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر، ئاڵایەكی وڵاتەكەی دانا.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریكاش لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەدا، كە ئەو چالاكییە لەلایەن سەرۆكی ئەمریكاوە سەرۆكایەتی كراوە ‌و وەك تۆڵە سەندنەوەیەك بووە بۆ ئەو هێرشانەی كراونەتە سەر بنكەكانی هاوپەیمانان لە عیراق لە چەند مانگی رابردوودا، بەتایبەت هێرشەكەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا.

هەڵوێستی ئێران
لەسەر ئاستی ناوخۆی ئێرانیش، سەید عەلی خامەنەیی رابەری ئێران وێڕای ئیدانەكردنی هێرشەكە، رایگەیاند كە رێگەی سولەیمانی داناخرێت و بەردەوام دەبێت و سێ رۆژ ماتەمینی راگەیاند. ئاماژەی بەوەشكرد كە تۆڵەیەكی بەزەبر لە چاوەڕوانی تاوانباراندایە.
هەروەها حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران رایگەیاند: تیرۆركردنی قاسم سولەیمانی تاوانێكی دیكەی ئەمریكایە لە دژی گەلی ئێران و تۆڵەی دەكەینەوە.
عەلی لاریجانی سەرۆكی پەرلەمانی ئەو وڵاتەش رایگەیاند: گەلی ئێران هەرگیز لە خوێنی رۆڵەكانی خۆی خۆش نابێت.
جەواد زەریف وەزیری دەرەوەش وتی: دەبێت ئەمریكا بەرپرسیارێتی ئەو سەركێشییە بگرێتە ئەستۆ.

پیلۆسی رەخنە لە ترەمپ دەگرێت
بەڵام نانسی پیلۆسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا، رایگەیاند، بەئامانجگرتنی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران بە سەرپەرشتی و فەرمانی راستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ، زیانێكی گەورە لە رووی دەستوورییەوە بە پێگەی سەرۆكی ئەمریكا دەگەیەنێت. وتیشی: بەكارهێنانی هێز لەلایەن سەرۆكی ئەمریكاوە بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیران، دژی دەستوورە و ئەو هەنگاوەی ترەمپ وا دەكات ژیانی هەموو ئەمریكییەك لە تەواوی جیهاندا بكەوێتە مەترسییەوە.
روونیشیكردەوە: زۆربوونی هێرشە ئاسمانییەكان، ئەمریكا بەرەو شەڕێكی نوێ‌ پەلكێش دەكات كە هێشتا وڵاتەكەیان خۆی بۆ ئامادە نەكردووە.

سەرۆك كۆمار: تێپەڕاندنی ناكۆكییەكان
ئەم رووداوە چەندین كاردانەوەی ناوخۆیی ‌و ئیقلیمی ‌و جیهانی لێكەوتەوە. د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: ئەم رووداوە كاریگەری و دەرەنجامی بۆ سەر ئاسایشی عیراق و ناوچەكە دەبێت. داواشی لە هەموو لایەك كرد كە لەم دۆخە نائاساییەدا ئەركی سەرشانیانە پابەندبن بە یەكڕیزیی و یەكخستنی ریزەكان و تێپەڕاندنی ناكۆكییەكان، لەپێناوی پارێزگاری لە بەرژەوەندییە باڵاكانی نیشتمان و پاراستنی سەروەریی عیراق و دوورخستنەوەی وڵات لە ململانێی چەكداری.

عادل عەبدولمەهدی: پێشێلكردنی سەروەریی خاكی عیراقە
هەروەها عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەری عیراق لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرایكرد: ئەو رووداوە پێشێلكردنی سەروەریی خاكی عیراقە و لێكەوتەی خراپی هەیە و هەڵگیرسانی جەنگێكی وێرانكەرە لە عیراق و ناوچەكە و جیهاندا. وتیشی: ئەو كردەوەیە، پێشێلكارییەكی روونی مەرجەكانی بوونی هێزەكانی ئەمریكایە لە عیراق.

سەرۆكایەتیی هەرێم: كێشەكان بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێن
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانیش لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد، كە رووداوەكانی ئەم دواییەی كەركوك و قائیم و بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا، ئاماژەن بۆ ئاڵۆزبوونی زیاتری بارودۆخی عیراق و كردار و پەرچەكرداری چەندبارەی بەدوای خۆیدا هێنا، هەر لەو سۆنگەیەوە ئەو هەنگاوانە رەتدەكەینەوە كە لەسەر خاكی عیراق تەسفیەی حیساباتی وڵاتان بكرێت و سەروەریی عیراق پێشێل بكرێ،
روونیشیكردەوە: نابێ عیراق بكرێتە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی ململانێی وڵاتان. داواشیكرد كە كێشەكان بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێن ‌و رێز لە عیراق و سەروەرییەكەی بگیرێت. راشیگەیاند: لەم دۆخە ئاڵۆز و هەستیار و مەترسیدارەدا، داوا لە هەموو لایەك دەكەین كە ئەوپەڕی دان بەخۆیاندا بگرن و رێگە لە پەرەسەندنە مەترسیدارەكان بگیرێت.

هادی عامری: دەركردنی هێزە بیانییەكان
هادی عامری سەركردە لە حەشدی شەعبی، داوای لە هەموو هێز و لایەنە نیشتمانییەكان كرد، كە تاكو ریزەكانیان یەكبخەن لەپێناوی دەركردنی هێزە بیانییەكان.
لای خۆیەوە نوری مالكی سەرۆكی لیستی دەوڵەتی یاسا داوای لە حكومەتی عیراق كرد، رێوشوێنی دیبلۆماتی و یاسایی پێویست بگرێتەبەر بۆ وەڵامدانەوەی كردەوەكە ‌و ئاماژەی بەوەكردووە كە بە توندی ئیدانەی ئەو كردەوەیە دەكەن، داوایكرد حكومەتی عیراق رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر.

باڵیۆزی ئێران لە (UN): بەمانای راگەیاندنی جەنگ دێت
هەر لەو رووەوە، مەجید تەخت روانجی باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەكگرتووەكان (UN) رایگەیاند: بەئامانج گرتنی ئەو دوو كەسایەتییە، لەلایەن ئەمریكاوە بەمانای راگەیاندنی جەنگ دێت.
وتیشی: وەڵامی هێرشی سەربازی هەر هێرشی سەربازی دەبێت و تۆڵەی ئێرانییەكان زۆر توند و بێ بەزەییانە دەبێت.

زیان بەئاشتی و سەقامگیری دەگەیەنێت
هەر دەربارەی رووداوەكە، وەزارەتی درەوەی چین داوای لە ئێران كردووە تاكو دان بە خۆیدا بگرێت. بەڵام حكومەتی دیمەشق لە رێی بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی سوریاوە، ئیدانەی بەئامانجگرتنی قاسم سولەیمانی كرد. وەزارەتی دەرەوەی توركیاش لە بەیاننامەیەكدا نیگەرانیی خۆی پیشاندا لە بەرامبەر ئاڵۆزبوونی زیاتری دۆخی ناوچەكە و پەیوەندیی نێوان ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئێران لە ناوچەكەدا. تەئكیدیشیكردەوە نابێت عیراق بكرێتە سەكۆ و گۆڕەپانی ململانێكان، چونكە لێكەوتەكانی زیان بەئاشتی و سەقامگیری ناوچەكە دەگەیەنێت.

نەتەوە یەكگرتووەكان نیگەرانە
رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان نیگەرانی خۆی بۆ پەرەسەندنی ئاڵۆزییەكان دەربڕیوە ‌و لەو چوارچێوەیەدا، فەرحان حەق وتەبێژ بەناوی ئەنتۆنیۆ گۆتێرس سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە رایگەیاند: گۆتێرس لە پەرەسەندنی ئەم دواییەی ئاڵۆزییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیگەرانە، بەتایبەتیش لە دەرەنجامەكانی بە ئامانجگرتنی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی عیراق لەلایەن ئەمریكاوە.
وتیشی: گۆتێرس بەردەوامە لە هەوڵەكانی بۆ راگرتنی بارگرژییەكان لە كەنداو ‌و نیگەرانی خۆشی بۆ پەرەسەندنی ئاڵۆزییەكان دەربڕیوە.

لە كاردانەوەی رووداوەكەشدا، چەند وڵاتێكی وەكو بەریتانیا و سوید و بەلجیكا ‌و كەنەدا ‌و توركیا داوا لە هاووڵاتییەكانیان دەكەن، كە گەشتەكانیان بۆ هەموو شارەكانی عیراق رابگرن، جگە لە هەرێمی كوردستان. هەروەك داواش لەو هاووڵاتیانەیان دەكەن كە لە عیراقن، خاكی ئەو وڵاتە جێبهێڵن.

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا: ئارامكردنەوەی دۆخەكە
دوێنێش جان ئیف لۆردیان وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لەگەڵ هەریەك لە وەزیری دەرەوەی چین و ئەڵمانیا كۆبۆوە و بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان تاوتوێكرد. دوای كۆبوونەوەكەش، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: دەبێت ئێران پابەندی رێكەوتنی ئەتۆمی بێت و خۆشی بەدووربگرێت لەهەر هەنگاوێكی تر كە رەوشی ناوچەكە ئاڵۆزتر بكات.
راشیگەیاند: پێویستە سەروەریی خاكی عیراق بپارێزرێت و هەوڵی زیاتر بدرێت بۆ ئارامكردنەوەی دۆخەكە و هێوركردنەوەی گرژییەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ناتۆ مەشقكردنی بەهێزە ئەمنییەكانی عیراق راگرت
بەهۆی پەرەسەندنی گرژییەكان لە عیراق، پەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) بڕیاریدا بە هەڵپەساردنی پرۆسەی مەشقكردن بەهێزە ئەمنییەكانی عیراق.
ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری وتەبێژی ناتۆوە بڵاویكردەوە: پرۆسەی مەشقكردن و ئەركەكانی هاوپەیمانی ناتۆ لە عیراق هەڵپەسێردراوە لە دوای رووداوەكەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداوە.

ئەگەر هەیە پێكهێنانی حكومەتی لوبنان پەكبخات
هەر سەبارەت بە ئاڵۆزبوونی رەوشی عیراق، سەرچاوەیەكی نزیك لە حەسان دیاب سەرۆك وەزیرانی راسپێدراوی لوبنان ئاشكرایكرد: بەئامانجگرتنی قاسمی سولەیمانی لە بەغدا، لایەنە سەرەكییەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی لوبنانی نیگەران كردووە و ئەگەریش هەیە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت پەكبخات.

ئەفغانستان ترسی هەیە
هەروەها ئەشرەف غەنی سەرۆكی ئەفغانستان لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، رایگەیاند: حكومەتی كابول مەترسیی هەیە لە بەئامانجگرتنی قاسم سولەیمانی، كە لێكەوتەی ئەمنیی لەسەر وڵاتەكەی جێبهڵێت و بازنەی ئاڵۆزییەكان فراوانتر بكات.

سەرچاوە، ئاژانسەكان

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*