سەرەکی » کەلتوور » وانەكانی ژیان و سەركردایەتی (سەلاری) پیاوەكەی پشت دوبەی

کتێبی تروسکەکانی هزر

وانەكانی ژیان و سەركردایەتی (سەلاری) پیاوەكەی پشت دوبەی

وەرگێڕانی: یونس قادر

به‌شی هەژدەیەم و کۆتایی
33
خەونی مندالێك
ئەسپسواری پیشەیەكی نەجیبە كە باشترین سەركردەی تێیدا دەردەكەوێت
منداڵێكی بچوك جارێكیان پرسیاری لێكردم كە چۆن ئەتوانێت ببێت بە ئەسپسوار وەكو من. پێم وت كە بەم پرسیار كردنە، ئەوە یەكەم هەنگاوی ناوە بۆ سەر رێگای دروست، چونكە دەوترێ پرسیار نیوەی زانین و مەعریفەی كەسەكەیە. ئەسپسورای تەنها وەرزش نیە; بەڵكو نمایندەی ئاكاری بەرز، خانەدانی، دلێری و ناوازەییەتی دەكات. ئەسپسواری لە ناخەوە سەر هەڵدەدات.
بەم مناڵەم وت كە یەكەم وانە لە ئەسپسواریدا ئەوەیەكە ئەبێت باوك و دایكی خۆش بوێت و گوێرایەڵیان بكات، سەركەوتوو بێت لە خوێندنگە، رێزی ئەوانە بگرێت كە لەخۆی گەورەترن لەگەڵ ئەوانەی خاوەنی سیفاتی بەتوانایی و جوامێرین لە نێو خەڵكدا. تەنها ئەو كاتە دەبێت كە ئەم سیفاتانەی بەدەستهێنا و ئەو كاتەی كە باوك و دایكی، مامۆستاكانی و خەڵكانی دەوروبەری ڕازیبن لە ئاكاری بەرزی، لەدوای ئەمەوە بەشێكی ئاسانتر دێت كەبریتیە لە فێربوونی لێخورینی ئەسپ لە یانەكان و لە وێستگەكانی تری راهێنان.
خۆشەویستی ئەم منداڵە بۆ ئەسپسواری گوزارشتە لە بەرزی ئاوات و گەورەیی ئیرادەی. هەمیشە هانی منداڵە بچوكەكان دەدەم كە ئەسپ لێبخوڕن، لەبەر ئەوەی كاریگەری گەورەی ئەم وەرزشەم بینووە لەسەریان. 1400 ساڵ لەمەوبەر، عومەری كوری خەتاب، یەكێك لە چوار خەلیفەكانی راشیدین –ی ئیسلام ئامۆژكاری ئەوەی كردووە: مناڵەكانتان فێری مەلەوانی، تیروكەوانچێتی، لێخورین لەسەر پشتی ئەسپ بكەن» ئەو ئەسپسوارێكی عەرەب، سەركردەیەكی دانا و یەكێك بوو لە مەزنترین كەسایەتیەكان لە مێژوودا. بۆیە ئامۆژگاریەكەی لەبارەی لێخورینی ئەسپەوە لە خۆوە نەبووە; بەڵكو قسەكەی جەخت دەكاتەوە لە پەیوەندی پتەوی نێوان ئەسپسواری و شكۆمەندی، شانازی، جوامێری و ئاكارە بەرزەكان. ئەسپسواری بەرجەستەی پەیوەندیەكی بەهێز دەكات لەنێوان ئەسپسوارەكە و ئەسپەكەیدا، هەروەها هاوكاتیبوون لە نێوان جوڵەكانی ئەسپسوارەكە و رۆشتنی ئەسپەكە دروست دەكات. ئەسپسوارەكە فێری خۆراگری، هێز، كۆنترۆڵ و خێرایی دەكات – ئەم سیفاتانە دەبێت گەشەبكات لە منداڵەكانماندا. ئاكارەكانی ناخمان هاوئاهەنگی دەكات لەگەڵ سیفاتە دەرەكیەكاندا، هەر وەك چۆن باوەڕبەخۆبوون هاوئاهەنگی دەكات لەگەڵ خێرایی جوڵە و هێز. ئەو هێزی سۆزداریەی كە ئەسپسوارەكە دەبەستێتەوە بە ئەسپەكەیەوە ڕەنگداەنەوەی سیفاتەكانی خۆراگری، دانبەخۆداگرتنە كە دروست دەبێت.
پەیوەندی خەڵكی ئیماراتی بە ئەسپەوە لە ڕەگ و ڕیشەی ڕەسەنی عەرەبەوە دێت و ئەمەش بەردەوامی دەدات بەو وەرزشەی باوباپیرانمان. ئەمرۆ، ئەسپسواری ناسنامەی عەرەبی و ئیسلامیمان، شانازیمان بە كەلەپورمان و ئاكارە بەرزەكانمان دەنوێنێت كە بەردەوام دەیچێنین لەناخی نەوە گەنجەكاندا. ئەسپەكان تەنها خێر و باشیان لێوە پەیدا دەبێت; وەكو ئەوەی پێغمبەر د.خ فەرمویەتی: « خێر بەستراوەتەوە بە پەرچەمی ئەسپەكانەوە تاكو رۆژی قیامەت». ئەسپسواری وەرزشێكی هەمیشەییە. تەنها خەڵكە باشەكان مامەڵە لەگەڵ ئەسپەكان دەكەن بە میهیرەبانی و تەنها ئەوانەی كە خاوەنی رۆحێكی مەزنن بۆ ئەسپسواری دەگەرێن و پراكتیزەی دەكەن.

34
سەركردەی باش لە لەشی ساغدا
تەنها ئەوانەی كە لەش و مێشك و رۆحیان گۆنجاوە دەتونن بەراستی هەوڵی سەركردایەتی خەڵكانی تر بدەن
جارێكیان پرسیارم لێكرا كە هیچ پەیوەندیەك هەیە لە نێوان سەركردایەتی و بەشداریكردن لە وەرزشەكاندا. وەڵامەكەم ئەمە بوو، « ئەتوانی لە مێشكدا وێنای سەركردەیەكی تەمەڵ و ناچالاك بكەیت؟ سەركردە ئەبێت گونجاو، تەندروست و وەرزشەوان بێت. ئەبێت لەڕووی هەردوو بەدەنی و عەقڵیەوە چالاك بێت. ئەبێت لەشێكی بەهێز و مێشكێكی تیژی هەبێت. بۆیە ئەلێم « سەركردەی باش لە لەشی ساغدا». بەشبەحاڵی خۆم، وەرزش بەشێكی گرنگی كارنامەی رۆژانامە. ئەگەر خۆم بەتەواوەتی بەوزە و تەندروست نەبم، ئەوا ناتوانم تیمەكەم بخەمە جوڵە وكار. وەرزش تەنها ماسولكەت بۆ دروست ناكات، ماسوڵكەكانی مێشكیشت دروست دەكات. رۆژی لە 3 كیلۆمەتر، هەفتەی جارێك لە 10 كیلومەتر، و دووهەفتە جارێك لە 20 كیلۆمەتر كەمتر نارۆم بە پێ. لەپاڵ ئەوەشدا، رۆشتنی ئاسایی خۆشم هەر دەكەم، خولیای جۆراو جۆری تر پیادەی دەكەم وەك ئەسپسواری و پاسكیل سواری. وەرزشی رۆژانەم نابێتە ئاستەنگ لەبەردەم بەرەهەمداریم بە هیچ شێوەیەك، لەبەر ئەوەی كارەكانم بە بەدەم وەرزشكردنەوە بە تەلەفون ئەنجام دەدەم.
ئامۆژگاریم بۆ هەموان ئەوەیە بەشێوەیەكی بەردەوام وەرزش بكەن، لەبەرئەوەی چۆنیەتی ژیانت پەیوەندی بە چۆنیەتی تەندروستیتەوەیە و، ئاستی دەستكەوتەكانت لە ژیاندا وەستاوە لەسەر ئەوەی كە تۆ چەند هەست بەوزە و چالاكبوون دەكەیت. دەڵێن تەندروستی گەنجینەیە; باشە، منیش ئەڵێم كە ئەگەر كات بریتی بێت لە ژیان، ئەوا تەندروستی واتا دەبەخشێت بە كاتەكانمان و تام و بۆن زیاد دەكات بۆ سەر ژیان.
ناڕەحەتم دەكات كاتێك كە گوێ بیست دەبم یان تەماشا دەكەم یان دەخوێنەمەوە كە حاڵەتێكی زۆری نەخۆشی دڵ، پەستانی بەرزی خوێن و شەكرە هەیە بەهۆی وەرزش نەكردنەوە. ژیانی خۆشی مۆدێرنمان هەموو جۆرەكانی چێژ و دڵخۆشیەك پێشكەشدەكات. باوپاپیرانمان نەیان دەناڵاند بەدەست ئەم نەخۆشیانەی كە ئەمرۆ بەربڵاوە و هۆكاری سەرەكیشی بریتی بوو لە ژیانی چالاكیان و سروشتی كارەكانیان.
هەندێجار ژنان دەبینم بە گروپ دەچنە دەرەوە بۆ وەرزش. زۆر زۆر دڵخۆش دەبم كە ئەمە دەبینم بۆیە دەوەستم بۆ چەند ساتێك تا هانیان بدەم بۆ ئەوەی بەردەوام بن لەم خووە باشە، و چەند وتەیەك لەگەڵ یەكتریدا ئاڵوگۆر دەكەین. جارێكیان قسەم لەبارەی ئەم ساتانە و گرنكی وەرزش و خۆرێكخستن لە نانخواردندا دەكرد. ئەو كەسەی كە قسەم بۆ دەكرد وەڵامی دامەوە كە ئەو بەشبەحاڵی خۆی ناتوانێ خۆی راگرێ لەبەرامبەر خۆرادندا و ناتوانێ خۆی پاپەند بكات بە وەرزشەوە. منیش وەڵامم دایەوە « ئەو كەسانەی كە كۆنترۆڵیان بەسەر خۆیاندا هەیە ئەتوانن كۆنترۆڵی جیهانی دەوروبەریان بكەن، بە پێچەوانەی ئەو كەسانەی كە كۆنترۆڵیان بەسەر خۆیاندا نیە» هەندێ كەس سەرقاڵی بەكارەوە دەكەن بە بیانوو بۆ ئەوەی وەرزش نەكەن; دەپرسم كە پارە چ سوودێكی هەیە ئەگەر تەندروستیان شكست بهێنێت. هەندێ كەسی تر توێژینەوە و فێربوون و خوێندنەوە دەكەن بە بیانوو; ئەپرسم كە خوێندیان چ سوودێكی دەبێت بۆیان بەبێ تەندروستی باش. هیچ شتێك لە ژیانی تۆدا، تەنانەت لە بەسەربردنی كاتێكی تایبەت لەگەڵ خێزانەكەشدا، بەبێ بوونی تەندروستیەكی باش ئەنجام نادرێت. بۆیە بە سادەترین ئامۆژگاری كۆتایی پێدەهێنم: كات تەرخان بكە لە ژیاندا بۆ وەرزشكردن، لەبەرئەوەی ئەمە دروسترین وەبەرهێنانە كە ئەتوانرێ بكرێت لە تەندروستی و ئایندە و كامەرانی خۆتدا.

35
دیاری ژیان
كات تەرخان بكە بۆ ئەوەی تاموچێژ وەربگری لە دەوڵەمەندی و جوانی ژیان
ژیان دیاریەكی ناوازەیە پێ ئەچێت هەندێ كەس قەدری نەزانن. لە هەموو هەناسەدانێك و بۆنكردنێك، لە هەموو بەركەوتن و بینینێك، ئەزمونێكی نوێ و چانسێكمان بە دیاری پێ دەدا بۆ ئەوەی هەست بكەین بە دەوڵەمەندی ئەزموون. هەموو دەنگێك كە دەیبیستین، لە گۆرانی باڵندەیەكەوە بۆ توندی و رەقی دەنگێكی توڕە، موعجیزەیەكە.
هەندێجار قورسە كە خۆشی و چێژی ئەم دیاریەمان لە یاد بمێنێت. كاتێك كە بارگران دەبین بە بایەخ وگرنگی پێدانەوە یاخود كە دۆشداماوی بارودۆخی دەوروبەرمان دەبین، داخستنی هەستەوەرەكان ئاسان دەبێت بە ڕووی ئەو شتانەی كە عادەتەن سەرسوڕمان و چێژ دەهێنن. لەبری ئەوە تەركیز دەخەینە سەر شتە نەرێنیەكە، ئەو شتەی كە سەرمان لێ تێكدەدات، ئیتر بە هەر هۆیەك بێت.
زۆرجار دیومە كە كلیلی ئالێنگاری لە رووبەرووبونەوە و سەركەوتن بەسەریدایە، ئەویش لە رێی دۆزینەوەی چارەسەرە جێگرەوەكاندا. و ئەگەر خۆت داخستبێت بە رووی هەموو دەوروبەرەكەتدا ئەوا كارەكە قورستر دەبێت. ئەمە رێگەیەكە بەرەو نەرێنیبوون و نائومێد بوون. گرنگە ئەو دیاریەی كە هەمانە لە یادمان بێت هەر یەكە لە ئێمە و هەموومان. چاو رۆشن بە، وریا و كراوە بە بۆ بیرۆكەی نوێ و ئەزمونەكان – دەستی خۆتی پێ بگەیەنە و تام چێژ لەو ژیانە وەربگرە كە هەتە. چارەسەری كێشەكانت زۆر بە ئاسانتر دێت بەدەستەوە. متمانەم پێ بكە.
«» چاو رۆشن بە، وریا و كراوە بە بۆ بیرۆكەی نوێ و ئەزمونەكان – دەستی خۆتی پێ بگەیەنە و تام چێژ لەو ژیانە وەربگرە كە هەتە»».
توانای ئەوەی لە ژینگەیەكی ئارام و سەلامەتدا بژیت كە دەرفەتی ئەوەمان پێ بدات ئافراندن بكەین، گەشە بكەین و بایەخ بدەین بە بەهرەكانمان بەداخەوە زۆرێك لە جیهاندا ئەمرۆ لێی بێ بەشن. ئەوانەی لە ئێمە كە ئەم ئیمتیازاتانەیان هەیە نابێت دوودڵی بكەن لەوەی ئەوپەری سوودی وەربگرن لەوەی كە هەمانە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*