سەرەکی » دۆسێ » لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی دارفۆر دەكرێت

دۆسێكە هەڵدەدریتەوە

لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی دارفۆر دەكرێت

داواكاریی گشتی سودان، لێكۆڵینەوە لەو تاوانانە دەكات كە لە سەردەمی دەسەڵاتەكەی عومەر حەسەن بەشیر سەرۆكی پێشووی سودان، لە دارفۆر ئەنجامدران.
تاج ئەلسڕ ئەلحبر، داواكاریی گشتی دەڵێت، دادگایی كردنەكە لە دەرەوەی سودان بەڕێوەدەچێت.
دە ساڵ لەمەوبەر، دادگای نێودەوڵەتی تاوانەكان یاداشتێكی بۆ دەستگیركردنی بەشیر دەركرد، بە تۆمەتی ئەنجامدانی كۆمەڵكوژی و تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە هەرێمی دارفۆر.
شەڕی نێوان یاخیبوان و میلیشیاكانی سەر بە حكومەت لە دارفۆر لە ساڵی 2003 هەڵًگیرسا. نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێت، نزیكەی 300 هەزار كەس لەو جەنگەدا كوژراون.
دوای زیاتر لە 30 ساڵ لە حوكمڕانی، بەهۆی تەوژمێكی ناڕەزایی میللی، دەسەڵاتەكەی بەشیر لە ساڵی ڕابردوودا ڕوخا.
لەئێستادا سودان لەلایەن حكومەتێكی راگوزەرییەوە بەڕێوەدەبرێت كە لە فەرماندە سەربازییەكان و ئەندامانی بزاوتنی ناڕەزاییەوە پێكدێت.

لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی دارفۆر
ئەلحبر ڕایگەیاندووە، «لێكۆڵینەوە لە دارفۆر پێداگری لەو كەیسانە دەكاتەوە كە دژ بە سەرانی رژێمی پێشوو بەرزكراونەتەوە»، بەبێ‌ ئەوەی ناوەكان بخاتەڕوو، بەڵام دەڵێت، هیچ كەسێك لەوانەی لە تاوانەكاندا دەستییان هەبووە لە لێكۆڵینەوەكان بەدەرناكرێن.
بە گوتەی داواكاری گشتی سودان، چاو بە هەموو ئەو تاوانانەدا دەخشێنرێتەوە كە لەكاتی ناكۆكییەكانی دارفۆر ئەنجامدران، بە زۆرێك لە رووداوەكانی كوشتن و لاقەكردنەكان.
هەروەها پێیوایە، گەر پێویست بكات، دادگایی كردنەكە لە دەرەوەی سودان بەڕێوەدەبرێت، ئەمەش ئەگەری گواشتنەوەی بەشیر بۆ دادگای نێودەوڵەتی تاوانەكان لە لاهای نزیك دەكاتەوە.

چی لە دارفۆر ڕویدا؟
كاتێك شەڕ لە دارفۆر هەڵگیرسا كە خێڵە ڕەشەكان چەكییان هەڵگرت، دوای ئەوەی حكومەتەكەی بەشیریان (لەلایەن عەرەبەوە كنۆترۆڵ كرابوو) بە پەراوێزخستنی ناوچەكە تۆمەتباركرد.
سوپا یاخیبوانی كوشت، لە هەمان كاتدا هێزە نیمچە سەربازییەكانیش بە میلیشیاكانی جەنجەویدەوە كە ناوبانگێكی خراپیان هەیە چونە پاڵ هەڵمەتەكانی سوپا و لەو نێوەندەشدا تۆمەتباركران كە بە سواری حوشتر ئەسپەوە پیاوانیان كوشتووە و دەستدرێژییان كردوەوەتە سەر ژنانی ناوچەكە و هەرچییەكیان بەردەستكەوتووە تاڵانیان كردووە.
رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ، حكومەتەكەی بەشیر بە بەكارهێنانی تەكتیكی خاكی سوتاو تۆمەتبار دەكەن كە بووە مایەی ئاوارەبوونی زیاتر لە دوو ملیۆن كەس لە ناوچەكە.

سەرانی رژێمەكەی بەشیر لە كوێن؟
دوای لەسەركارلابردنی بەشیر لەسەر دەسەڵات لە نیسانی ساڵی 2019، داواكارانی گشتی لە دادگای نێودەوڵەتی تاوانەكان داوایان كرد رادەستی دادگاكە بكرێت بۆ داگایی كردنی بەتۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی كوشتن لە دارفۆر.
فەرماندەكانی سوپا كە لە دوای روخانی دەسەڵاتەكەی بەشیر دەستبەجێ‌ دەستییان بەسەر دەسەڵاتدا گرت، لە سەرەتاوە رەتیان كردەوە سەرۆكی لەسەركارلادراو رادەست بكەن، بەڵام ئەو چەتەرەی بزاوتنی ناڕەزایی لەژێردرا كۆبووەوەتەوە- لەئێستادا نوێنەرایەتییەكی گەورەی هەیە لە ئەنجومەنی حوكم لە وڵاتەكەدا، لەم ماوەیەی دواییدا رایگەیاندبوو، رێگری نییە بەرانبەر بە رادەستكردنی بەشیر بە دادگای نێودەوڵەتی تاوانەكان.
داواكاریی گشتی سودان دەڵێت، لێكۆڵینەوە لەگەڵ سەڵاح غوش سەرۆكی پێشووی هەواڵگری سەردەمی بەشیر دەكرێت. سەرۆكی دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی نیشتمانی لە مانگی نیسانی ساڵی رابردوو لە دوای دوو رۆژ لە روخانی بەشیر، دەستی لەكاركێشایەوە و وڵاتی بەجێهێشت.
ئەلحبر رایگەیاندووە»چوار كەیس هەیە لە دژی سەڵاح غوش، لەلایەن ئینتەرپوڵەوە دەستمان بە گرتنەبەری گێڕانەوەی كردووە (بۆ سودان) «.
ئاشكرا نییە محەمەد حەمدان حەمیدەتی خرابێتە ژێر لێكۆڵینەوەوە.
حەمیدەتی فەرماندەی پێشووی میلیشیاكانی جەنجەوید بوو لە دارفۆر، لەگەڵ زۆربوونی گوشاری خۆپیشاندانەكان دەستی لەكاركێشایەوە و كرایە جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی سەربازی راگوزەری لە سودان لە دوای روخانی بەشیر.
لە مانگی ئابی رابردوو، حەمیدەتی كرایە ئەندام لە ئەنجومەنی سەروەری كە سەرپەرشتی راگوزەری دەكات بۆ حوكمی مەدەنی.
رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ كە بایەخ بە مافەكانی مرۆڤ دەدات، حەمیدەتی بە سەرپەرشتیكردنی پێشێلكارییەكانی دژ بە مەدەنییەكان تۆمەتبار دەكات بە «ئەشكەنجەدان و كوشتن لە دەرەوەی یاسا و لاقەكردنی بەكۆمەڵ» لە دارفۆر، بە هەمان شێوە لە ناكۆكییەكانی تری هەردوو ویلایەتی نیلی شین و باشووری كەردەڤان.
جەمیدەتی دەڵێت، بەكارهێنانی هێز لە دارفۆر پێویست بوو لەپێناو پاراستنی مەدەنییەكان.
لە مانگی كانوونی یەكەمی رابردوو، بەشیر بە دوو ساڵ زیندانی لە دامەزراوەی چاكسازی حوكمدرا، دوای ئەوەی بە تۆمەتەكانی گەندەڵی بەسەردا ساغبووەوە.
هەروەها داواكاریی گشتی، بەشیر بە كوشتنی خۆپیشاندەران تۆمەتباردەكات لەكاتی ئەو ناڕەزاییەی كە بووە بووە مایەی لەسەركارلابردنی، لە هەمان كاتدا لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا دەكرێت لەبارەی ئەو كودەتایەی كە لە ساڵی 1989دا رویدا و گەیاندییە دەسەڵات.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*