سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » ژماره‌ چل و یه‌ك

کورتە چیرۆک

ژماره‌ چل و یه‌ك

كاروان عومه‌ر

ئێوارانی هەموو ڕۆژێك بە دەم گوڵەبەڕۆژە تروكاندنەوە، پیاسەیەك بە شەقامی سالمدا دەكەین و شۆڕدەبینەوە بۆ ئەو جێگایەی، كە لەمێژە بە شاقەمی سەهۆڵەكە ناسراوە. جار ناجارێك بە تۆنێكی نزم و هێواش گۆرانیت بۆ دەڵێم، تۆش هەر بە دەم ئاوازم بۆ لبێدە، تا دەگەینە بەردەم چایخانە و لەفە فرۆشەكان. ئەو كەسانەی لەو ناوەدا سەرقاڵی بێكاری خۆیانن، بە دەوری خۆماندا كۆیاندەكەینەوە، بە هەموو هێزی خۆم هاواردەكەم: سەیركەن دوای چەند ساڵ دابڕان و ونبوون، من و ئازیزترینم بە یەكتر شاد بووینەوە. بە باوەڕبوونێكی زۆرەوە بەخۆمان، دڵنیایان دەكەینەوە ئیدی هەرگیز ڕێگەنادەین جارێكیتر، دابڕان لە نێوانماندا ڕووبدات، بۆ هەمیشە لەگەڵ یەك دەبین وەك دەمان بینن، پێكەوە لە باخچەكاندا دیلانێ دەكەین و گوژمەكانمان بۆ خۆشبەختی توندتر دەكەین تادەگەینە بەرزترین ترۆپكی خەوناكەنمان، دەچینە سەرگۆڕی خۆشەویستانمان و پێیان دەڵێین ئارام بنوون، ئەوەتە ئێمە بووینەتەوە بەیەك، سەیركەن سەیر!! چەند جوانین پێكەوە، لەو ساتەدە لەناو ئاپۆڕای ئەو حەشاماتەدا، گەنجێگی قژ لوولی تۆزێك كەپوو خواری باریكەلەی قاچ درێژ، بە دوو شەقاو خۆی نزیك دەكاتەوە قسەكانم پێدەبڕێت، بە گاڵتە جاڕییەكەوە دەڵێت، ئەمیش چەكوشی ناعەدالەتی بەرسەری كەوتووە، كەوتۆتە وڕێنەكردن، ئەگەر كار وابڕوات ئەم چەكوشە مێشكی هەموومان دەشڵەقێنێت و ئەم شارە دەبێتە شێتخانەیەكی گەورە. ڕێك لەو كاتەدا حەمە شێت پەیدادەبێت و چایەكی لە كوپە سەفەرێكانی بە دەستە چەپ هەڵگرتووە و جگەرەیەكی (ئیس)یشی لە نێو دوو پەنجەی دەستە راستی ناوە، وەك سروشتی هەمیشەیی خۆی، بە پێكەنینە پڕ لە بەرائەتەكەیەوە دەڵێت، بێنامووسی خۆشە ها؟؟؟ چەند ددانێكی ڕەش لەناو لێوە قاوەییەكانییەوە دەردەكەون، بە خۆم دەڵێم: چی دەبوو، ببوومایە بە دڵۆپێك لەو چایەی ناو كوپە سەفەرێكەی دەستی و بە گەروویدا ڕۆچومایەتە خوارێ بۆ ناوگەدەی و بۆ ریخۆڵەو بەشەكانی تری هەرسكردنی؟ دواتر ببوومایە بە تنۆكێ‌ خوێن و گەشتێكم بەناو شادەمارەكانی مێشكیدا كردبایە و زانیبام ئاخۆ لە هزری شێتەكاندا شتێك هەیە بەناوی (جەنگ)؟ دوای چاخواردنەوە و پشوودانێك دەسڕەكەم لە گیرفانم دەردەكەم، تەوێڵت پاك دەكەمەوە، ئیدی بەرەو ماڵ دەگەڕێینەوە .كە شەو داهات سەرت دەخەمە سەرسەنگم و چیرۆكی ئەو ساڵانەت بۆ دەگێڕمەوە كە بەبێ تۆ بەسەرم برد … بەیانیانیش لەگەڵ خۆمدا ئەتبەمە گەرماوەكە، دەرگاكە كڵۆم دەدەم. پەنچەرە بچووكەكەی، كە بۆ هەوا گۆڕكێ دروستكراوە لە بەشی سەرەوەی گەرماوەكە، بە دەرپێ كورتە رەنگاو رەنگەكەم دەگرم، نەك براكەم تەماشامان بكات، لەسەر كۆشم داتدەنێم پاش و پێشی جەستەت سابووناوی دەكەم، بە نەرمی و بە ئاگابوونێكی زۆرەوە دەست دەكەم بە شۆردنت. دەزانم گاڵتەت بە قسەكانم دێت، پێم دەڵێیت شێت بوویت!؟ هەرچییەك دەڵێیت پێم بڵێ‌، بەڵام تكا دەكەم نەڵێیت، ئیتر هەرگیز ناگەڕێمەوە و نابم بە بەشێك لە تۆ، خۆت باش دەزانیت من و تۆ مێژوویەكمان لەگەڵ هەیە، ئاخر لە بیركردنت هەروا ئاسان نییە ئازیزم، دەمەوێت بۆ چەند ساتێك بگەڕێمەوە بۆ ئەوكاتەی كە یەمجار حەزم لێت كرد، ڕێك دوو ڕۆژی مابوو بۆ جەژنی قوربان ئەو كات چواردە ساڵ تەمەنم بوو، شان بە شانی باوكم دەڕۆیشتم بۆ بازاڕكردن، لە ناكاوێكدا، لەودیو جامخانەی دووكانێكەوە تۆم بینی، پشتت كردبووە خاوەن دووكانەكە، بێدەنگ ڕووت لە من بوو، بە شێوەیەكی سەیر سەرنجت ڕاكێشام، نەمدەتوانی بەجێت بهێڵم، بیرت بردبوومەوە كە من لەگەڵ باوكما لە ماڵەوە هاتووم بۆ ئەوەی وەك حەماڵێك بەكارم بێنێت، دەبوو گوێڕایەڵی ببم تا بە پاداشتەكەم بگەم كە جووتێك پێڵاو بوو. باوكم وەك پشیلەكی بریندار بە ڕقێكی زۆرەوە نینۆكاكەنی لە شانی راستم توند كرد و شیرازەی بێدەنگییەكەمی پچڕاند، لە تۆی دوور خستمەوە. منیش هەر ئاوڕم لێت دەدایەوە تا لە چاوانم بزربوویت. بە راست بیرم چوو ئەوەت پێبڵم یەك چین شەقی باشم خوارد لەسەر تۆ، چونكە لە لائیرادیدا بە باوكم گوت: حەزم لێیەتی بەس ئەوم دەوێت.. من بەس تۆم دەویست. یەكەم جارم بوو جۆریك لەو سەركێشییە بكەم بەرامبەری، دڵنیام ئەگەر باوكم تائێستا لە ژیاندا بمایە و منی بەم شێوەیە بدیبایە، زۆر پەشیمان دەبۆوە، لەو شەقانەی كە لەسەر تۆ لێیدام. ئێستا تەمەنم دوو چواردەییە و ڕێك دوو ڕۆژی ماوە بۆ جەژنی قوربان، نە باوكمم لەگەڵدایە، نەهاتووشم بۆ كڕینی پێداویستی جەژن. ئەوەی ئیمڕۆ شیرازەی خەیاڵەكانی پچڕاندم، نینۆكاكەنی باوكمم نەبوو، تا لە سەرشانم بیچەقێنێت و بیەوێت دوورم بخاتەوە لە تۆ، بەڵكو ئەو دینارە دڕاوەبوو، كە خاوەن دوكانەكەی تۆ پشتت لێكردبوو، بەلا لوتێك هەڵیدایە سەركۆشم، پێی گوتم ڕێمان لێمەگرە با كاسپییەكەمان بكەین نزیكی جەژنە.
پارەكەم دایەوە دەستی و پێم گوت:
– پارەم ناوێت.
– ئەی چیت دەوێت؟
-هاتووم جووتێك پێڵاوت لا بكڕم.
-ببوورن ژمارەی پێیان چەندە؟
– بۆخۆمم دەوێت.
–چۆن!؟
-كاكە كاتی خۆی ژمارە چل و یەكم لەپێدەكرد،
-ببورە وادەڵێم بەڵام بەرێزتان لەسەر عەرەبانەی خاوەن پێداویستی تایبەتن و لە ئەژنۆ بەرەو خوارنیتانە. ئیتر پێڵاوتان بۆچییە؟
– كێ ناڵێت بەیانی كاتێك هەڵدەستم لە خەو و قاچەكانم نەگەڕاونەتەوە بۆلام …!

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

یه‌كه‌م رۆژی‌ مامۆستا ره‌مه‌زان فت!

مقداد شاسواری‌ ئێوه‌ كه‌ستان له‌وێ نه‌بوون. منیش له‌وێ نه‌بووم. ته‌نها ...