سەرەکی » ئاراستە » دانیشتنی‌ شه‌وانی‌ به‌رئاگردانی‌ گوند

دانیشتنی‌ شه‌وانی‌ به‌رئاگردانی‌ گوند

حه‌سه‌ن مه‌لا

سه‌رباره‌ت به‌ دانیشتنی‌ شه‌وانه‌ی‌ گوندنشینه‌كانی‌ كوردستان و به‌تایبه‌ت گوندكانی‌ گه‌رمیان وه‌ك به‌شێك له‌ داب و نه‌ریت و كلتوری‌ كوردی‌ دائه‌نرێت، دانیشتنی‌ شه‌وانی‌ گوندنشینان له‌ هه‌موو وه‌رزه‌كان و ڕۆژگار، به‌پێی‌ جۆر و مه‌به‌ستی‌ دانیشتنه‌كان و ته‌مه‌نی‌ كه‌سه‌كان گۆرانكاری‌ به‌سه‌ردا هاتووه‌، لێره‌دا باسی‌ دانیشتنی‌ شه‌وانی‌ وه‌رزی‌ زستانی‌ جارانی‌ گونده‌كان ده‌كه‌ین.

دانیشتنی‌ گۆرانی‌ و یارییه‌ كورده‌وارییه‌كان
ئه‌م جۆره‌ دانیشتنه‌ له‌ دیوه‌خانی‌ ماڵی‌ یه‌كێك له‌ دانیشتوانی‌ گوند له‌به‌ر ئاگردان و به‌ شه‌وچه‌ره‌ی‌ زستانان ساز ئه‌كرا، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ژماره‌یه‌ك له‌ دانیشتوان و گه‌نجانی‌ گونده‌كه‌ له‌ماڵی‌ یه‌كێك كۆ ده‌بوونه‌وه‌ له‌ ژووری‌ دیوه‌خان بۆ قسه‌ و نوكته‌ و گۆرانی‌ و شیعر گوتن و چیرۆك، ئه‌م جۆره‌ دانیشتنه‌ هه‌موو ته‌مه‌نه‌كانی‌ ده‌گرته‌وه‌ ته‌نانه‌ت كه‌سانی‌ دیار و كه‌سایه‌تی‌ و زۆربه‌ی‌ پیشه‌ جیاوازه‌كان به‌شدار ده‌بوون و خولیایان هه‌بوو.
به‌ زۆریش ئه‌م جۆره‌ دانیشتنانه‌ به‌ چه‌ندین جۆر له‌ خواردن و میوه‌ ده‌ڕازێنرایه‌وه‌، به‌زۆریش به‌مه‌به‌ستی‌ گه‌رم كردن و خۆشكردنی‌ دانیشتنه‌كه‌ خواردن و خواردنه‌وه‌كانیش وه‌ك چا ، مێوژ، گوڵه‌به‌ڕۆژه‌، میوه‌. ئاماده‌ ده‌كرا.

دانیشتنی‌ گه‌نجان
ئه‌م جۆره‌ دانیشتنه‌ هه‌ر له‌ دیوه‌خانی‌ یه‌كێك له‌ ماڵه‌كانی‌ گوند ئه‌نجام ده‌درا به‌ڵام به‌ زۆری‌ بۆ ته‌مه‌نی‌ گه‌نجان بوو، تێیدا یاری‌ و گێڕانه‌وه‌ی‌ باسی‌ ڕۆژگار و گۆرانی‌ كورده‌واریی‌ ناوچه‌كه‌ شه‌وه‌كانیان خۆشتر ده‌كرد. گۆرانیه‌كانیش به‌ زۆری‌ ئای ئای‌، قه‌تار و الله‌ وه‌یسی‌ و خاوكه‌ر ، به‌ست و مه‌قامه‌كان شه‌وه‌كانیان، جوانترده‌رازانه‌وه‌ .
هه‌روه‌ها یاریه‌ فۆلكۆریه‌كانی‌ تێدا ئه‌نجام ده‌درا ئه‌و یاریانه‌ش به‌ زۆری‌ بریتی‌ بوون له‌ یاری‌ كڵاوێن و هه‌لو به‌لو و ….. هتد.

دانیشتنی‌ به‌ته‌مه‌نه‌كان
ئه‌م جۆره‌ دانیشتنه‌ له‌لایه‌ن پیاوانی‌ ئاوایی‌ و ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ ئه‌زمونێكیان له‌ ژیانیان به‌رێ‌ كردبوو، ئه‌م جۆره‌ دانیشتنه‌ به‌ زۆری‌ دیرۆكی‌ ڕۆژگاری‌ باو و باپیرانی‌ خۆیان له‌ خۆده‌گرت، قسه‌ و په‌ندی‌ پێشینان و بابه‌تی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و باسكردن و چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كانیان به‌پێی‌ لێكدانه‌وه‌ و ئه‌زموونی‌ ژیانی‌ خۆیان و دووروبه‌ریان و جۆری‌ كێشه‌ی‌ كه‌سه‌كان له‌خۆی‌ ده‌گرت.

دانیشتنی‌ ئاینی‌
ئه‌م دانیشتنانه‌ له‌ كه‌سانی‌ ئاینی‌ و پیاوانی‌ به‌ ته‌مه‌ن و هه‌ندێك جار كه‌سانی‌ تری‌ له‌ ته‌مه‌ن جیاوازه‌كان پێك ده‌هات، بۆ ئه‌م دانیشتنانه‌ هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز زۆر جار ئاماده‌ ده‌بوون به‌ زۆریش به‌مه‌به‌ستی‌ بۆنه‌ی‌ ژن ماره‌ بڕین و دانیشتنی‌ ئامۆژگاری‌ مامۆستایانی‌ ئاینی‌، چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی‌ دانیشتوانی‌ گونده‌، پرسه‌ شه‌رعی‌ و ئاینیه‌كان، خوێندنه‌وه‌ی‌ بابه‌تی‌ ئاینی‌ و ئه‌ده‌بی‌، زیكره‌یات و یاده‌ ئاینییه‌كان ئه‌نجام ده‌درا.

دانیشتنی‌ ژنان
ژنان و كچان به‌ ده‌ر نه‌بوون له‌م جۆره‌ دانیشنانه‌ی‌ شه‌وانی‌ زستان به‌ زۆریش له‌گه‌ڵ مێردو براو كه‌سه‌كانیان، ئه‌وانیش ده‌چوون بۆ ماڵان به‌ جیا داده‌نیشتن له‌ ژوورێك، به‌شێكی‌ زۆری‌ به‌ قسه‌ی‌ خۆش و باس و خواستی‌ ناو ئاوایی‌ و ڕووداوه‌كان و ئاماده‌كردنی‌ خواردنی‌ زستان و شه‌وچه‌ره‌ به‌قسه‌ و پێكه‌نین تا ده‌رگانی‌ شه‌وێ‌ ڕاز و نیازیان ده‌كرد.

دانیشتن بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان
زۆرجار له‌ ئاواییه‌كانی‌ كوردستان و به‌تایبه‌تی‌ له‌ گونده‌كانی‌ گه‌رمیان كاتێك كێشه‌یه‌كی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ ڕووی‌ بدایه‌، پیاوانی‌ ئاینی‌ و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و ته‌مه‌نه‌كان له‌ دیوه‌خانێك به‌زۆریش له‌ شه‌وان كۆده‌بوونه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی‌ زیاتر گه‌وره‌نه‌كردنی‌ كێشه‌ و كاردانه‌وه‌ی‌ به‌رانبه‌ر، هه‌وڵدان بۆ دۆزینه‌وه‌و چاره‌سه‌ركرددنی‌ كێشه‌كه‌، ڕا و سه‌رنجی‌ ئاماده‌بووان ئاڵوگۆڕ ده‌كرا، پیاوانی‌ ئاینی‌ و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ لێره‌دا به‌ زۆری‌ ڕۆڵی‌ دادگایان ده‌بینی‌ له‌و سه‌رده‌مه‌ له‌ كه‌م كردنه‌وه‌ و چاره‌ سه‌ركردنی‌ كێشه‌ جیاوازه‌كان.

دانیشتنی‌ هاتنی‌ میوان
گوندنشینه‌كان زۆر ڕێزیان له‌ میوان ده‌گرت، زۆر میوان دۆست بوون ئه‌گه‌ر كه‌سێك له‌ شار یان له‌ شوێنی‌ دووره‌وه‌ به‌هاتایه‌ بۆ سه‌ردانیكردن و ده‌یده‌نی‌، ئه‌وه‌ مه‌جلیس و دانیشتنی‌ زۆر تایبه‌ت و گه‌رمیان بۆ ساز ئه‌كرد، له‌ شه‌وانی‌ زستاندا باشترین جۆری‌ خواردن و میوه‌ بۆ میوان ئاماده‌ده‌كرا و خه‌ڵكانی‌ تری‌ زۆری‌ ئاوایی‌ ده‌هاتن بۆ هه‌واڵ پرسین و قسه‌ و باس، هه‌موان به‌ خۆشی‌ هاتنی‌ میوان تا دره‌نگانی‌ شه‌وێ‌ دانیشتنی‌ گه‌رم و گوڕ ئاماده‌ ده‌كراو له‌ خزمه‌تی‌ ده‌بوون.

دانیشتنی‌ سیاسی‌
زۆرجار كاتێك پێشمه‌رگه‌ ده‌چوونه‌ گونده‌كان له‌ دوای نانخواردن، دانیشتوانی‌ ئاواییان كۆ ده‌كرده‌وه‌ و باسی‌ ڕۆڵی‌ ئه‌وان وه‌ك جوتیاران و گوندنشینان له‌ به‌شداری‌ پێكردنی شۆڕش باس ده‌كرا، له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی‌ ئاوایی‌ تا دره‌نگانی‌ شه‌و هه‌ر داده‌نیشتن، پێشمه‌رگه‌یه‌ك گێڕایه‌وه‌ گوتی‌ كاتی‌ ئێمه‌ مه‌فره‌زه‌یه‌ك بووین ده‌چوینه‌ هه‌ر ماڵێك له‌ گونده‌كان وه‌ك پێوه‌یست خزمه‌ت نه‌ده‌كراین كاتێك هه‌ندێك كتێبی‌ وه‌ك شرین و فه‌رهاد و له‌یلا و مه‌جنون ڕۆمانی‌ تری‌ نیشتیمانیم كڕی‌ ئیتر به‌ر ماڵانی‌ ئاوایی‌ و دانیشتنی‌ گوند نه‌ده‌كه‌وتین. هه‌ر شه‌وێك له‌ دانیشتن و دیوه‌خانێك بوین، چونكه‌ ته‌كنیكی‌ خۆشه‌ویستی‌ مرۆڤ و نیشتمانمان پێكه‌وه‌ گرێ‌ دابوو.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*