سەرەکی » دۆسێ » ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاری دەركردنی هێزەكانی ئەمریكای پەسەند کرد

كورد و سوننە ئامادەی دانیشتنەكە نەبوون

ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاری دەركردنی هێزەكانی ئەمریكای پەسەند کرد

پەرلەمانی عیراق بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە 5ی كانوونی دووەمی 2020 كۆبوونەوەیەكی سازكرد و عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەریش لە كۆبوونەوەكەدا ئامادەبوو، ئەم كۆبوونەوەیەی پەرلەمانی عیراق، دوای چەند رۆژێك بوو لە كوژرانی ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستی حەشدی شەعبی عیراقی و قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران، لە هێرشێكی ئەمریكا لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغدای نێودەوڵەتی.

كۆبوونەوەكەی پەرلەمان
پەرلەمانی عیراق سەرلەئێوارەی 5ی ئەم مانگە كۆبوونەوەیەكی سازكرد و خوێندنەوەی یەكەمی بۆ هەریەك لە پرۆژە یاساكانی دەركردنی هێزە بیانییەكان و هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنی ستراتیژی نێوان عیراق و ئەمریكا كرد، ئەندامێكی پەرلەمانیش لەو باریەوە رایگەیاندبوو، ئەگەر ئەمریكا پێوەی پابەند نەبێت هەمو رێوشوێنێكی لەبەرامبەر دەگیرێتەبەر.
كۆبونەوەكەی پەرلەمانی عیراق «نائاسایی»بوو، بۆ گفتووگۆ لەبارەی رەوشی عیراق، و داواكاری دەركردنی هێزە بیانییەكانیش لە عیراقدا لەلایەن هاوپەیمانی فەتح-ەوە پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان كرا.
هەر لەو بارەیەوە ئەندامێكی پەرلەمانی عیراق بەر لە كۆبوونەوەكە رایگەیاندبوو،» لە كۆبونەوەكەی پەرلەماندا تەنیا رەوشی ئێستا باس دەكرێت، نازانن ئاخۆ داواكارییەكەی هاوپەیمانی فەتح دەدرێتە سەرۆكایەتی پەرلەمان یان نا».
كۆبوونەوەكەی پەرلەمانی عیراق لەسەر داوای لایەنە شیعەكان بوو، ئەمەش دوای ئەوەی هەریەك لە قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبومەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، لەلایەن ئەمریكاوە كوژران.

دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق
لە كۆبوونەوەكەی پەرلەماندا بە گوتەی لایەنە شیعەكان، دەبێت خوێندنەوەی یەكەم بۆ هەریەك لە پرۆژە یاساكانی دەركردنی هێزە بیانییەكان لەوڵاتەكە و هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنی ستراتیژی نێوان عیراق و ئەمریكا بكرێت.
محەمەد بەلداوی، ئەندامی هاوپەیمانی فەتح لە پەرلەمانی عیراق لە 5ی كانوونی دووەمی 2020 لە لێدوانێكدا رایگەیاندبوو، لە كۆبونەوەی پەرلەماندا خوێندنەوەی یەكەم بۆ هەریەك لە پرۆژەیاساكانی دەركردنی هێزە بیانییەكان لە وڵات و هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنی ستراتیژی نێوان عیراق و ئەمریكا دەكرێت.
بە گوتەی محەمەد بەلداوی»سەرجەم بژاردەكان لەلایەن حەشدی شەعبی و هاوڵاتیانی عیراق كراوە دەبێت بۆ وەڵامدانەوەی هێزەكانی ئەمریكا، ئەگەر ئەو وڵاتە پابەندی بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق نەبێت بۆ جێهێشتنی عیراق».
دوای كوژرانی هەریەك لە قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس رەوشی عیراق چۆتە قۆناغێكی ترەوە، لەلایەك كۆماری ئیسلامی ئێران هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە لە هێزەكانی ئەمریكا دەكات و ئەمریكاش بەڵێن دەدات، بەتوندی وەڵامی هەر هێرشێكی بداتەوە كە لەلایەن ئێرانەوە بكرێتەسەر بەرژەوەندییەكانی.

كورد و سوننە بەشدارییان نەكرد
كۆبوونەوەی پەرلەمانی عیراق بۆ گفتووگۆ لەبارەی كوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس لە 5ی كانوونی دووەمی 2020 سازكرا و لەنێو هۆڵی كۆبوونەوەكەشدا پرسە دانرا و سەرەخۆشی كرا.
فراكسیۆنە كوردستانییەكان بەشداریی كۆبوونەوەكەی پەرلەمانیان نەكرد، چونكە كورد نایەوێت هێزەكانی ئەمریكا لە عیراقدا پاشەكشەبكەن.
لەلایەن شیعەكان لە كۆبونەوەكەی پەرلەماندا كارییان بۆ پەسەندكردنی یاسایەك كرد تا لێوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق دەربكەن، بۆیە پەرلەمانتارە كوردەكان بەشدارییان نەكرد.
بە گوتەی یەكێك لە پەرلەمانتارە كوردەكانیش كە قسەی لەبارەی كۆبوونەوەكەی پەرلەمانی عیراقەوە كردبوو»بەشداریی كۆبوونەوەكەی پەرلەمان ناكەن، چونكە ئێستا كاتی ئەوەیە هەموولایەك دان بەخۆدا گربێت».

حزبوڵڵای عیراقی و پەرلەمانی عیراق
كۆبونەوەكەی پەرلەمان لەكاتێكدابوو حیزبوڵڵای عیراق، ئەو دەمە مۆڵەتی دابووە پەرلەمان، تا یاسایەك بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق دەربكات، بە پێچەوانەوە هێرشدەكەنە سەر بنكەكانی ئەمریكا لە عیراق.
حیزبوڵڵا لە لە 4ی كانوونی دووەمی 2020 داوای لە هێزە ئەمنییەكانی عیراق كردبوو، بۆ ماوەی یەك كیلۆمەتر لە بنكە و بارەگاكانی هێزەكانی ئەمریكا دووربكەونەوە، تا لەكاتی هێرشدا زیانیان پێنەگات.
ئەم هۆشدارییەی حیزبوڵڵا هاوكات بوو لەگەڵ هەڕەشە توند و بەردەوامەكانی كاربەدەستانی باڵای ئێران لە دژی ئەمریكا.
لەبەرانبەردا دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لەڕێی (تویتەر)ەوە هەڕەشەی توندی لە ئێران كرد و رایگەیاندبوو» لە حاڵی هێرشی ئێراندا پێشكەوتووترین چەك لەدژیان بەكاردەهێنن و 52 پێگەی ئێران دەكەینە ئامانج».
سوپای پاسدارانیش لە وەڵامی ئەو هەڕەشەیەدا دەڵێت»تواناكانی ئەمریكا هێندە بەهێزنین 52 پێگەی ئێرانی بۆردومان بكەن، بەڵكو ئەوە ئێرانە پێگە ئەمریكاییەكان دەكاتە ئامانج و ئەمریكاییەكانیش بە باشی لەو راستییە تێدەگەن».

پەرلەمان بڕیاریدا
پەرلەمانی عیراق لە سەرلەئێوارەی 5ی كانوونی دووەمی 2020، دانیشتنە نائاساییەكەی بۆ رۆژی شەممەی داهاتوو هەڵگرت لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنی ئەمنی لەگەڵ واشنتۆن.
محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق، ئاماژەی بە هەڵگرتنی دانیشتنەكە كردبوو بۆ رۆژی شەممەی داهاتوو.
لە دانیشتنەكەدا پەرلەمانی عیراق دەنگیدا بۆ دەركردنی هەموو هێزە بیانی و ئەمریكاییەكان لە عیراق، لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی رۆڵی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عیراق، وێڕای هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنی ئەمنی لەگەڵ ئەمریكا لەلایەن حكومەتی عیراقەوە.

دەقی پرۆژە یاسای دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا
پێشەكی: پەرلەمانی عیراق لە دانیشتنی رۆژی یەكشەممە 2020/1/5 و لە دانیشتی یەكەمی وەرزی یاسادانان لە ساڵی دووەمدا لە خولی چوارەمی پەرلەمان و پاڵپشت بە بە بڕگەی دوەم لە مادەی 59 و مادەی 1و مادەی 109ی دەستور، هەڵدەستێت بە ئەركە نیشتیمانی و چاودێرییەكانی وەكو نوێنەری هەمو پێكهاتەكانی گەلی عێراق و پارێزەری ئاشتی عێراق و سەروەرییەكانی بە گوێرەی ئەو دەسەڵاتانەی كە دەستوری عێراق پێی بەخشیوە.

بڕیارەكان
یەكەم: حكومەتی عێراق پابەند دەكرێت بە هەڵوەشاندنەوەی داواكاری هاوكاریكردن لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و كۆتایی هێنان بە ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان لە عێراقدا دوای سەركەوتن بەسەر داعشدا، پێویستە حكومەتی عێراق كار بكات بۆ كۆتایی هێنانی بە بونی هێزە بیانییەكان و رێگریكردن لە بەكارهێنانی ئاسمانی عێراق لەلایەن ئەو هێزانەوە.
دووەم: لەسەر حكومەتی عێراق و لەرێگەی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانەوە پێویست دەكات ئامادەكاری بكات بۆ ئەوەی بزانرێت عێراق لەروی هونەرییەوە چەند ر‌اهێنەری بیانی پێویستە، لەگەڵ زانینی شوێنی مانەوە و ئەرك و ماوەی كاركردنیان.
سێیەم: لەسەر حكومەتی عێراق و وەزیری دەرەوە پێویستە دەكات سكاڵایەك بۆ نەتەوەیەكگرتوەكان و ئەنجومەنی ئاسایش بەرزبكاتەوە بەرامبەر ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، ئەوەش لەبەرامبەر پێشلكاری مەترسیدار بەرامبەر سەروەری و ئاسایشی عێراق.
چوارەم: ئەم بڕیارە لە رۆژی دەنگدانی لەسەریان دەخرێنە بواری جێبەجێكردنەوە.

print

 77 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*