سەرەکی » وتار » بورهان شێخ ڕەئوف‌ » ئەمریكا و ئێران لە دوای موشەكبارانی بنكەی..

دەر و دراوسێ

ئەمریكا و ئێران لە دوای موشەكبارانی بنكەی..

ئەمریكا و ئێران لە دوای موشەكبارانی بنكەی عەین ئەلسەد و هەولێر

پەلامار و موشەكبارانی بنكەی ئاسمانیی عەین ئەلسەد لە پارێزگای ئەنباری خۆرئاوای عیراق كە دووەم گەورەترین بنكەی سەربازی و ئاسمانیی عیراقە لە دوای بنكەی بەلەد-ەوە، وەكو تەواوكەر و كاردانەوەی ئەو زنجیرە پەلامار و بەریەككەوتننانەی ئەمریكا و ئێرانە لەسەر خاكی عیراق دوای پەلامارەكانی حەشدی شەعبی بۆ سەر بنكەی K1 لە كەركوك و كوژارانی بەڵێندەرێكی ئەمریكی و هێرشی فڕۆكەكانی ئەمریكا بۆ سەر بنكەكانی حەشد لە قائیم و كوژرانی ژمارەیەك لە چەكدارەكانیان كە عەلی خەزعەلی فەرماندەی لیوای 45ی حەشدی شەعبی لە ناویاندابوو.
دواتر خۆپیشاندانەكانی بەغدا لەلایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبی بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا و سووتاندنی دەرگای دەرەوەی و دواتر رووداوەكەی 3/1/2020 نزیك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، پاشان ئێرانیش لە دوای نیوەشەوی 8/1/2020 وەكو وەڵامێك و تۆڵەیەك، رۆكێتبارانی بنكەی عەین ئەلسەد و هەولێری كرد.

لە دوای پەلامارەكەی عەین ئەلسەد
هەرچەندە ئێرانییەكان پێنج رۆژ دواكەوتن و دوای بیركردنەوە و لێكۆڵینەوە و كۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی ئێران بە سەرۆكایەتیی رابەری كۆماری ئیسلامی عەلی خامنەئی، بڕیاری تۆڵە ئەستاندنەوەیان دا و باشترین شوێنیش بۆ ئۆپەراسیۆنەكەیان عیراق بوو، بۆیە هەر لەسەر خاكی عیراق وەڵامیان دایەوە و پەلاماری ئەو دوو شوێنەیان دا كە پێشتر باسمكردوون.
هەرچەندە بەیانی سەركردایەتیی پاسدارانی ئێران باس لە كوژرانی 88 سەربازی ئەمریكی دەكات لەو ئۆپەراسیۆنەدا، بەڵام ئەمریكییەكان لەزاری سەرۆك ترەمپ-ەوە دەڵێن هیچ زیانێكی گیانیمان نەبووە .
بە هەرحاڵ ئەوەی دوای هێرشەكە خوێندنەوەی بۆ دەكرێت ئەوەیە، كە هەرچەندە ئێرانییەكان بە دوو وتاری جیا گوزارشتیان لێكرد، یەكێكیان بۆ ناوخۆی وڵات كە بەیانی سوپای پاسداران و میدیا و ماڵپەڕەكانی نزیك بوو لێیان، كە زۆر بە توندی و گەورەیی باسی هێرشەكەیان كرد و بۆ رێكخستن و یەكگرتنی بەرەی ناوخۆیی خۆیان و شیعە بەگشتی و هەوادارانیان لە عیراق، بە تۆڵەسەندنەوەیەكی جەرگبڕ وەسفیان كرد.
وتاری دووەمیان لە زاری وەزیری دەرەوەیان محەمەد جەواد زەریف-ەوە بوو كە ئاڕاستەی رای گشتیی دەرەوە كرابوو، وای پیشاندا كە ئەمە بەرگرییە لە خۆیان ‌و ئێران زوڵمی لێكراوە، ئەوانیش لە چوارچێوەی مادەی 51 میساقی نەتەوە یەكگرتووەكان بەرگرییان لە خۆیان كردووە، ئێران هەوڵی هەڵكشان و جەنگ نادات و ناخوازن شەڕ لەگەڵ ئەمریكا بكەن.
لە هەمانكاتیشدا ئێرانییەكان سەركەوتوو بوون لەوەی شەڕێكی سەخت و خوێناوی و وێرانكەر لە خۆیان بە دوور بخەنەوە ‌و ئێستا هیچ نەبێت بەوەی كە گورزی گەورە و پەلاماری شوێن و پێگەی تریان نەدا، چ لە بنكە ئەمریكییەكانی تر لە وڵاتانی ناوچەی كەنداو و ئیسرائیل.
لە لایەكی ترەوە دیپلۆماتكارانی ئێران هەوڵی تریان خستەگەڕ بۆ كەمكردنەوەی ئاڵۆزی و گرژییەكانی ناوچەكە و پەیوەنددییە نێودەوڵەتییەكانیان، ئەوەش خۆی لەوەدا بینییەوە كە ئەو تۆمەتەی ساڵی رابردوو دابوویانە پاڵ ژنە زانای كۆمەڵناسی ئەكادیمی فەرەنسی (فابریكا عەدلخا) لاببەن و سووكی بكەن لەسەری.
لە هەمانكاتیشدا ئەوە رابگەیەنن كە ئێرانییەكان پابەندن بە رێكەوتننامە ئەتۆمییەكەوە و هەوڵنادەن جەنگ هەڵبگیرسێت لەگەڵ ئەمریكادا و وەڵامدانەوەكەی خۆیان بۆ ئەمریكا بە هاوسەنگ ناو ببەن.
لە كۆتاییدا لە ئاوا بارودۆخێكدا ئەگەرەكانی هەڵگیرسانی جەنگ دوورنییە تاوەكو زەمینەساز نەكرێت بۆ دانوستان و دیالۆگ لە نێوان ئەو دوو جەمسەرە گرنگەدا، لە كاتێكدا ئەمریكا لە خۆسازدانی سەربازیدایە لە هەموو بنكەو بارەگاكانی لە عیراق و كوێت و وڵاتانی تر و بنكەی دییگۆگارسیا لە ئۆقیانووسی هیندی، ئێرانییەكانیش بە هەمانشێوە لە تەنگەی هورمز هەڕەشە و هوتاف و دروشمە ئایینی و مەزهەبیەكانیان لە كاتی بە خاكسپاردنی ژەنراڵ سلێمانی . موژدەی خۆشی بە گەلانی ناوچەكە نادەن. ئەگەر هەموولایەك ‌و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەوڵی خێرا و جددی نەدەن بۆ چارەسەركردنی ئەم كریزە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*