سەرەکی » دۆسێ » عیراق لە نێوان پاراستنی سەروەریی وڵاتەكەی و ململانێی ئیقلیمیدا

هانا بۆ ئەنجومەنی ئاسایش دەبات

عیراق لە نێوان پاراستنی سەروەریی وڵاتەكەی و ململانێی ئیقلیمیدا

عیراق دەیەوێت سەروەریی وڵاتەكەی پارێزراوبێت، لەكاتێكدا گۆڕەپانی عیراقی جێگەی ململانێی هەریەك لە ویلایەتە یەكگرتووەكان و ئێرانە كە لە دوای ساڵی 2003وە لەسەر دابەشكردنی كێكی عیراقی رێككەوتبوون.
لەگەڵ دەستپێكردنی ساڵی نوێ‌ و توندبوونەوەی ململانێكانی نێوان ئەمریكا و ئێران، خاكی عیراق بووە ستەیجی بۆردومانی بنكەی كەتیبەكانی حزبوڵڵای عیراقی لە ئەنبار لەلایەن فڕۆكەكانی ئەمریكا و پاشان هەڵكوتانە سەر باڵیۆزحانەی ئەمریكا لە بەغدا لەلایەن حەشدی شەعبی كە دواتر كوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی حەشدی شەعبی بەدواداهات، بۆردومانكردنی بنكە ئەمریكاییەكانیش بە مووشەك لەلایەن ئێرانەوە، پاراستنی سەروەریی خاكی عیراقیان خستەوەژێر پرسیار.

سكاڵا بۆ ئەنجومەنی ئاسایش بەرزدەكرێتەوە
لەبەرانبەر پێشێلكردنی سەروەریی خاكی وڵاتەكەی، عیراق سكاڵا بۆ ئەنجومەنی ئاسایش لە دژی ئێران بەرزدەكاتەوە، دوای ئەوەی دوو بنكەی لە عەین ئەسەد و هەولێر ڕووبەڕووی بۆردومان بوونەوە.
ئێران لەم چەند ڕۆژەی دواییدا، وەك وەڵامێك بۆ كوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی لە هێرشێكی ئەمریكادا بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغدا، دوو بنكەی ئەمریكایی لە هەولێر و پارێزگەی ئەنبار بە مووشەك بۆردومان كرد.
ئەم هەنگاوەی ئێران بە پێشێلكردنی سەروەریی خاكی عیراق دادەنرێت، هەر بۆیە بەغدا هانای بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەبات و سكاڵا لە دژی ئەو پێشێلكارییانە بەرزدەكاتەوە.
عیراق لە سكاڵاكەیدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایش رایگەیاندووە”تێوەگلانی وڵاتەكەمان لە ململانێ‌ ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكاندا بە توندی ئیدانە دەكەین”.
هەروەها دەڵێت”بۆردومانكردنی خاكی عیراق بەو بیانوەی ئێران بەرگری لەخۆی دەكات، رەتدەكرێتەوە”.

مەرجەعیەتی ئاینی هۆشداریی دەدات
ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای ئاینی لە عیراق، ئیدانەی ئەو هێرشانە دەكات كە لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكان و ئێرانەوە لەسەر خاكی عیراق ئەنجام دەدرێن و هۆشداریش دەدات لە داڕمانی ئاسایشی وڵات و ناوچەكە، بەهۆی ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان واشنتن و تاران.
ئەحمەد سافی، نوێنەر مەرجەعیەتی ئاینی لە وتاری نوێژی هەینی رابردوو لە كەربەلا ڕایگەیاند” ئەو هێرشانەی لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكان و ئێرانەوە ئەنجام دەدرێن، سەروەریی خاكی عیراق پێشێل دەكەن و پێویستە ڕێگەش بە هێزە دەرەكییەكان نەدرێت، چارەنوسی وڵات دیاریی بكەن”، جەختیش لەسەر پێویستی ڕێگرتن لەو لایەنانە دەكاتەوە كە دەیانەوێت ململانێكانیان لەسەر خاكی عیراق یەكلایی بكەنەوە.
هەر لە وتارەكەدا، نوێنەری سیستانی ڕایگەیاند”پێویستە عیراق خۆی خاوەنداریی خۆی بكات و ڕۆڵەكانی حوكمڕانی بكەن، ئەو حوكمڕانییەش دەبێت هەڵقوڵاوی خواست و ئیرادەی گەل بێت، نەك بوار بە لایەنە نامۆكان بدرێت بڕیارەكانیان بسەپێنن”.
لە وتاری ئەمڕۆی نوێژی هەینیدا، مەرجەعیەتی ئاینی لە عیراق دەڵێت”لەم ساتە وەختە ناهەموارەدا پێویستمان بە یەكڕیزی و هەماهەنگیی یەكترە، ئەمەش تەنیا لەڕێی دەستبەرداربوونی هەموو لایەنەكانەوە دەبێت لە بەشێك لە بەرژەوەندییە تایبەتەكانیان، تا بەرژەوەندی گشتی لە وڵاتدا زاڵ بكرێت”.

یەكێتی ئەوروپا لەگەڵ پاراستنی سەروەریی عیراقدایە
هەر سەبارەت بە پێشێلكردنی سەروەریی عیراق و بەكارهێنانی خاكی وڵاتەكە وەك گۆڕەپانی ململانێی نێوان ئەمریكا و ئێران، بەرپرسێكی ئەوروپایی ڕایگەیاندووە، وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا كۆبوونەوەیەكی نائاسایی بۆ گفتووگۆ لەبارەی ڕەوشی عیراق لە برۆكسل سازدەكەن.
جۆزیف بۆریل، نوێنەری باڵای پەیوەندییەكانی دەرەوە و سیاسەتە ئەمنییەكان و جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپا، لە 10ی كانوونی دووەمی 2020 لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا بە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەری عیراقی ڕاگەیاندووە”وەزیرەكانی دەرەوەی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا، كۆبوونەوەیەكی نائاسایی بۆ گفتووگۆ لەبارەی ڕەوشی عیراقەوە لە برۆكسل سازدەكەن”.
بە گوتەی ئەو بەرپرسە ئەوروپاییە”چاوەڕوان دەكرێت وەزیرەكانی دەرەوەی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا، بەیاننامەیەكی هاوبەش دەربكەن و تێیدا پشتیوانی لە یەكێتیی و سەروەریی عیراق بكەن”.
لای خۆیەوە عەبدولمەهدی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا ڕایگەیاندووە”ئەو تەنگژەیەی ناوچەكە بەخۆوەی دەبینێت، خزمەت بە ئاسایش و سەقامگیری ناكات، بۆیە پێویستە هەوڵی زیاتر بخرێتەگەڕ بۆ دوورخستنەوەی ناوچەكە و جیهان لە مەترسییەكانی جەنگ”.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*