سەرەکی » هەواڵ » خۆپیشاندانەكانی عیراق و هۆشدارییەكانی سەدر

شرۆڤەی رۆژ

خۆپیشاندانەكانی عیراق و هۆشدارییەكانی سەدر

هەواڵ و بەدواداچوون

ئاڵۆزییەكانی عیراق لەگەڵ دەستپێكردنەوەی خۆپیشاندانە بەرفراوانەكانی بەغدای پایتەخت و چەند شارێكی باشووردا، دووبارە بوونەوە باسی گەرمی رۆژ، بەمەش لایەنە سیاسییەكانی عیراق هەوڵەكانیان جددیتر كردۆتەوە بۆ ئەوەی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران رابسپێرن و بەتەنگ دۆخەكەوە بچن و بەجۆرێك لە جۆرەكان ئاسایی بكەنەوە.
خۆپیشاندەران ئەو مۆڵەتەی بە حكومەتیان دابوو بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان كۆتاییهات، بۆیەش بەو فراوانییە رژانەوە سەر شەقامەكان، حكومەتیش بەهۆی ئاڵۆزییەكانی سەرەتای ئەم مانگەوە نەیتوانی هەنگاو بە ئاڕاستەی ئارامكردنەوەی شەقامەكان بنێت.
ئێستا كە خۆپیشاندانەكان توندوتیژیی و ئاڵۆزی زیاتری لێكەوتۆتەوە، قسەیەكی زۆر لەبارەی ئەوەوە دەكرێت كە لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا چەند گۆڕانكارییەك بێنە ئاراوە، بەتایبەت كە موقتەدا سەدر ئەمجارە لە جیاتی پیشاندانی پشتیوانی خۆی بۆ شەقام، رایگەیاند: پێویستە خۆپیشاندەران دوور بكەنەوە لە توندوتیژیی، ئەو هەڵوێستەی سەدر لە كاتێكدایە كە بڕیارە رۆژی هەینی خۆپیشاندانی ملیۆنی لە بەغدا بەڕێوەبچێت و گوشارەكان بۆ دەركردنی هێزە بیانییەكان لە عیراق دەستپێبكەن، سەدر بۆ دروستكردنی ئەو گوشارە، پێویستی بە كەشێكی لەبارە، واتە كەشێك كە هەموو چاوەكان لە سەر ئەو و لایەنگرانی بێت، نەك پرس و كێشەی تر، ئەمەش وا خوێندنەوەی بۆ دەكرێت كە سەدر بۆ رۆژی هەینی دەیەوێت بێ تێكەڵكردنی مەلەفەكان، خۆپیشاندانی هاووڵاتیان دابپۆشێت، بەڵام وەك ئەوەی چاودێران باسی لێوە دەكەن، رێكخەرانی خۆپیشاندەران هەستیان بە مەترسی سیناریۆكە كردووە بۆ كۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەكان، بۆیە جارێكی تر بەو فراوانییە دەركەوتنەوە و دەیانەوێت گۆڕەپانەكان زیاتر داپۆشن.

سیناریۆكە وا خوێندنەوەی بۆ دەكرێت كە لەدوای رووداوەكانی دوو هەفتەی رابردوو، ئێران نیگەرانی خۆی بۆ هەڵوێستی سەدر لە پشتیوانی لە خۆپیشاندانەكان دەربڕیوە، بۆیە سەدر ئێستا دەیەوێت قەرەبووی ئەو نیگەرانیانە بكاتەوە و كار بۆ پرسێكی تر بكات كە ئێرانیش دڵی پێیخۆشە، بەڵام بۆ گەورەكردنی ئەو پرسە، سەرەتا سەدر بەلایەوە گرنگە پرسی خۆپیشاندانەكانی عیراق بەلایەكدا بخات و دواتر كار بۆ دروستكردنی گوشاری سیاسی و شەقام بكات بۆ دەركردنی هێزە بیانییەكان لە عیراق، بەڵام كۆی ئەو دەنگۆیانەی لەبارەی سیناریۆكانی سەدرەوە دەكرێن، لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا زیاتر روون دەبنەوە. بەتایبەت ئەگەر بێت و سەدر سوور بێت لە سەر خۆپیشاندانە ملیۆنییەكەی گۆڕەپانی تەحریر.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*