سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » ترەمپ ״رێکەوتنی سەدە״ی راگەیاند و جیهان كاردانەوەی هەیەپەڕە 23

ترەمپ ״رێکەوتنی سەدە״ی راگەیاند و جیهان كاردانەوەی هەیە

«رێکەوتنی سەدە» بۆ كۆتاییهێنان بە ململانێی نێوان ئیسرائیل ‌و فەلەستین، كە رۆژی 28ی ئەم مانگە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكاوە لە كۆنفراسێكی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلدا لەكۆشكی سپی، راگەیەنرا، كاردانەوەی لێكەوتەوە ‌و هەندێك وڵات پەسەندی دەكەن ‌و هەندێكیشیان لە دژی دەوەستنەوە.

زۆربەی لایەنە عیراقییەكان رەتیدەكەنەوە
عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەری عیراق لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیی هاوبەش لەگەڵ محەمەد ئەشتیە سەرۆك وەزیرانی فەلەستین، رێکەوتنی سەدەی رەتكردەوەو رایگەیاند: دۆسێی فەلەستین دۆسێی ئێمەشە ‌و پشتیوانی لێدەكەین.
عەمار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمە رایگەیاندووە: قودس هەموو كات دۆسێیەكی مرۆیی و ئیسلامی و عەرەبی دەمێنێتەوە و بابەتێك نییە لە بازاڕدا مامەڵەی پێوە بكرێت. حەسەن كەریم كەعبی جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش رایگەیاندووە: لەو هەنگاوەدا، ترەمپ لاوازیی وڵاتانی عەرەبی و نەبوونی یەكڕیزیی نێوانیانی قۆستۆتەوە. هەروەها بەرەی رزگاركردن و گەشەپێدانی عیراق ئیدانەی هەنگاوی راگەیاندنی رێکەوتنی سەدەی كردووە و پشتگیری بۆ مافەكانی گەلی فەلەستین دوپاتكردۆتەوە. یەكێتیی زانایانی ئیسلامیی عیراقیش جەختیكردۆتەوە لەوەی «قودس هەمیشە پایتەختی فەلەستین دەمێنێتەوە».

كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی لە دژین
ئەحمەد ئەبو غەیز ئەمینداری گشتیی كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی رایگەیاند: بەدەستهێنانی ئاشتییەكی دادپەروەرانە لەنێوان فەلەستین و ئیسرائیلدا، لەسەر بنەمای ویستی تەنها لایەنێك نابێت، ئەو پلانی ئاشتییەی كە سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، تەنها لە روانگەی لایەنێكەوە داڕێژراوە.

ئێران: خیانەتی سەدەیە
هاوكات وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەكیدا، رێکەوتنی سەدەی بە « خیانەتی سەدە» ناوبردووە.
محەمەد جواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: رێكەوتننامەی سەدە پڕۆژەیەكی خەیاڵییە كە كاركردن لە سەری مایەپوچت دەكات، ئەوە تەنها خەونێكی ناخۆشە بۆ ناوچەكە و جیهان.

توركیا: دەستدرێژیكردنە بۆ سەر خاكی فەلەستین
توركیا دژی پلانەكەیە ‌و بەپێی بەیاننامەیەكی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە، پلانەكەی ترەمپ بۆ كوشتنی چارەسەر لەنێوان دوو دەوڵەت ‌و دەستدرێژیكردنە سەر خاكی فەلەستینە. جەختیشیكردۆتەوە لەوەی كە قودس بەلایانەوە هێڵی سوورە.

روسیا: پلانەكە تاوتوێ دەكەین
روسیاش لە زاری میخائیل بۆگدانۆڤ جێگری وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەیەوە هەڵوێستی خۆی دەربڕی ‌و رایگەیاند: پێوستە فەلەستینی ‌و ئیسرائیلییەكان راستەوخۆ دانوستان بكەن بۆ گەیشتن بەچارەسەرێكی گونجاو بۆ هەردوولا. وتیشی: نازانین كە پێشنیارەكەی ئەمریكا لەلایەن هەردوو لاوە قبوڵە یان نا؟، گرنگ ئەوەیە فەلەستینی ‌و وڵاتە عەرەبییەكان بۆچوونی خۆیان بڵێن، مۆسكۆش تاوتوێی پلانەكەی كۆشكی سپی دەكات.

ئیمارات: هەوڵەكانی ئەمریكا بەرز دەنرخێنین
یوسف عوتەیبە باڵیۆزی ئیمارات لە واشنتۆن رایگەیاند: وڵاتەكەی هەوڵە بەردەوامەكانی ئەمریكا بۆ گەیشتن بە رێكەوتنی ئاشتیی نێوان فەلەستین ‌و ئیسرائیل بەرز دەنرخێنێت. ئەو دیپلۆماتكارە ئیماراتییە، لەكاتی راگەیاندنی پلانی رێکەوتنی سەدە لەلایەن ترەمپەوە، لەگەڵ باڵیۆزانی عومان ‌و بەحرەین، لە كۆشكی سپی ئامادەبوو.

بەریتانیا: دەبێتە هۆی پێكەوەژیانی ئاشتییانە
دۆمینیك راب وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند: پلانی ئاشتی پێشنارێكی جددییە.
لە بەیاننامەیەكیشدا جەختیكردەوە لەوەی كە رێكەوتنی ئاشتیی نێوان ئەو دوو لایەنە، دەبێتە هۆی پێكەوەژیانی ئاشتییانە ‌و دەتوانێت دەروازەیەكی رۆشن لەبەردەم هەموو ناوچەكەدا بكاتەوە ‌و دەرفەتی داهاتوویەكی باشتر بۆ هەردوولا بڕەخسێنێت.

میسر: دانوستان دەستپێبكەنەوە
لە بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی میسردا هاتووە، كە هەوڵەكانی ئەمریكا پەیوەست بە دۆسێی فەلەستین بەرز دەنرخێنن ‌و داوای لە ئیسرائیلی ‌و فەلەستینییەكان كرد كە (رێکەوتنی سەدە) تاوتوێبكەن ‌و لەسەر هەموو رەهەندەكانی هەڵوەستە بكەن ‌و بە سەرپەرشتیی ئەمریكا، دانوستان دەستپێبكەنەوە.

یەكێتیی ئەوروپا: بەرژەوەندیی هەردوولا لەبەرچاو بگیرێت
رێكخراوی یەكێتیی ئەوروپاش لە بەیاننامەیەكدا پێداگریی لە هەڵوێستی نەگۆڕ ‌و یەكگرتوویان كردەوە، دەربارەی پێشنیاری چارەسەری دوو دەوڵەت، كە بەرژەوەندیی هەریەك لە فەلەستین ‌و ئیسرائیل لەبەرچاو بگیرێت.

ئەڵمانیا: هەردووكیان بە دڵیان بێت
ئەڵمانیاش لە زاری هایكۆ ماس وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەیەوە رایگەیاند: پێشنیارەكەی ئەمریكا بەشێوەیەكی ورد ‌و چڕ تاوتوێ دەكەن ‌و تەنیا رێگە بۆ كۆتاییهێنان بە ململانێی ئیسرائیل – فەلەستین ‌و چەسپاندنی ئاشتیی هەمیشەیی لە نێوان هەدوولادا، چارەسەرێكە كە هەردووكیان بە دڵیان بێت.

نەتەوە یەكگرتووەكان: هاوكاریی هەردوولا دەكەین
رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانیش لە زاری وتەبێژ بەناوی ئەمینداری گشتیی رێكخراوەكەوە، رایگەیاند: ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بەڵێنی داوە بەهاوكاریكردنی ئیسرائیل ‌و فەلەستین بۆ گەیشتن بە ئاشتییەكی پشت بەستوو بە بڕیارەكانی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكە ‌و یاسای نێودەوڵەتی ‌و رێكەوتننامە دووقۆڵییەكانی نێوانیان ‌و بۆچوونی هەردوولا، لەسەر بنەمای سنوور لە پێش 1967.
جێی ئاماژەیە، لەكۆنگرە رۆژنامەوانیەكەیدا، ترەمپ بەڵێنیدا كە قودس بە پایتەختی دابەشنەكراوی ئیسرائیل بمێنێتەوە ‌و ئاماژەی بەوەشكرد: بەپێی پلانەكە، كەناری خۆرئاوا دابەش ناكرێـت. وتیشی: هیچ ئیسرائیلییەك یان فەلەستینییەك ناچار ناكرێت ماڵەكەی جێبهێڵێت.
روونیشیكردەوە: پلانەكە ئەوەش لەخۆدەگرێت كە وەبەرهێنانی بازرگانیی گەورە بەبڕ‌ی 50 ملیار دۆلار پێشكەش بە دەوڵەتی نوێی فەلەستین بكرێت.
كاردانەوەی وڵاتان لەكاتێكدایە، لێپرسراوانی فەلەستین «رێکەوتنی سەدە» بەتوندی رەتدەكەنەوە، هەروەها هاووڵاتیانی فەلەستین بە خۆپیشاندان، ناڕەزایی خۆیان دەربڕی.

سەرچاوە: ئاژانسەكان

print

 33 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*