سەرەکی » راپۆرت » دۆخی ئیدلب

شرۆڤەی رۆژ

دۆخی ئیدلب

هەواڵ و بەدواداچوون

توركیا لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا سیاسەتێكی تەواو هێرشبەرانەی لە دەرەوەی سنوورەكانی خۆی گرتۆتەبەر، ئەمەش وایكردووە خۆی لە دروستبوونی كێشەو ناكۆكییە ناوخۆییەكان بپارێزێت. هێرشەكانی بۆ سەر رۆژئاڤای كوردستان و ناردنی هێز و دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆیی لیبیا و ئێستاش كە پرسی رزگاركردنی پارێزگای ئیدلب هاتۆتە پێشەوە، سێ لەو پێشهاتانەن كە وایكردووە لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی چاوێكی زۆر بكەوێتە سەر سیاسەتەكانی ئەو وڵاتە، بەڵام وەك چاوەڕوان دەكرێت پێدەچێت ئاڵۆزییەكانی پارێزگای ئیدلب و پێشڕەوییەكانی سوپای سوریا جیاوازتر بن بۆ توركیا، بەتایبەت كە لەو پرسەدا لەگەڵ لایەنێكی هاوپەیمان كە روسیایە و لەگەڵ لایەنێكی نەیار كە سوریایە، كەوتۆتە كێشەوە.

توركیا نیگەرانە
توركیا بە پێشڕەوییەكانی سوپای سوریا زیاد لە هەركاتێكی تر نیگەرانە، بەتایبەت كە نزیكەی كیلۆمەترێك ماوە شاری ستراتیژیی سەراقب بە دووری 20 كیلۆمەتر لە پارێزگای ئیدلبەوە كۆنترۆڵ بكاتەوە. بەمەش توركیا هەڕەشە لە سوریا و سوپاكەی دەكات كە پێویستە هێزەكانیان لە ئیدلب بپارێزن، چونكە وەك بەشێك لە چاودێرانی سوریا دەڵێن: كۆنترۆڵكردنەوەی سەراقب، بەمانای كۆنترۆڵكردنەوەی ئیدلب دێت.
سەرۆك كۆماری توركیا پێیوایە «چوونە ناوەوەی سوپای وڵاتەكەی بۆ سوریا بەپێی رێكەوتنی ئەدەنە بووە»، بۆیە دەڵێت: ئەگەر سوپای سوریا تا كۆتایی ئەم مانگە لە خاڵەكانی چاودێرییان پاشەكشە نەكات، توركیا خۆی پاشەکشەی پێدەکات، داواش لە روسیا دەكات لە هەستیاری توركیا لە سوریا تێبگات، چونكە ئەوان مەبەستی روبەڕوبونەوەیان لەگەڵ هاوپەیمانەكانیان نییە.
تائێستا جگە لە رووداوەكانی چەند رۆژی رابردوو كە چەند سەربازێكی هەردوولا كوژران، بەریەككەوتنێكی ئەوتۆ لەنێوان سوریا و توركیادا رووینەداوە، بەڵام پێدەچێت ئەگەر روسیا وەك ئەوەی دەردەكەوێت پشتیوانی لە سوریای هاوپەیمانی دەكات، سوریا و توركیا بەشێوەیەكی سنووردار هێرش بكەنە سەر یەك، قسەكەی ئەردۆغان كە دەڵێت «پێویستە روسیا لە هەستیاری توركیا تێبگات»، پیشاندەری ئەوەبێت كە توركیا بۆی دەركەوتووە بەو پشتیوانییەی مۆسكۆ لە دیمەشقی دەكات، پارێزگای ئیدلبـی لە دەست دەردەچێت. چونكە وەزیری دەرەوەی روسیا، رایگەیاندووە «توركیا پابەندی بەڵێنەكانی لە بارەی ئیدلبەوە نەبووە و دەبێت توركیا هاوپەیمانەكانی ئامادەبكات بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی سوریا و جیایان بكاتەوە لە چەكدارانی تەحریر و شام». هەرچەندە هەردوو گروپەكە لە ناو لیستی تیرۆری ئەنجومەنی ئاسایشدان.

پێشڕەوییەكانی سوپای سوریا و هەڵوێستی روسیا
توركیا لەو نێوەندەدا ئەوەندەی نیگەرانی پێشڕەوییەكانی سوپای سوریایە، هێندەش زیاتر نیگەرانی چاوپۆشییەكانی روسیایە لە پێشڕەوییەكان، لەگەڵ ئەوەشدا توركیا دەڵێت «پشوودرێژی ئێمەش سنووری خۆی هەیە»، بەڵام پێناچێت لەكاتی هەڵوێست وەرگرتنیدا توركیا بەبێ رێگەپێدانی روسیا بتوانێت ببێتە بەربەستێكی جدی لە بەردەم پێشڕەوییەكانی سوپای سوریا، بەمەش توركیا ناوچە و جوگرافیایەكی گرنگی لە سوریا دەكەوێتە بەردەم مەترسی و لەدەستچوون.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*