سەرەکی » زانست » ئەمریكا دروستكردنی مادەی بیناسازیی لە..

ئەمریكا دروستكردنی مادەی بیناسازیی لە..

ئەمریكا دروستكردنی مادەی بیناسازیی لە خانەی زیندوو

توێژەرەوانی زانكۆی كلۆرادۆی ئەمریكا گەشەیانداوە بە بەجۆرە خانەیەكی زیندوو كە دەكرێت وەك ماددەی بیناسازیی سوودی لێ ببینرێت.
كەس بە خەیاڵیدا نەهاتووە ڕۆژێك پێشكەوتنی زانستیی بگاتە ڕادەیەك بتوانێت تەلارێكی تەواو لەو ماددانە دروست بكرێت كە خانەی زیندوویان تێدایە و هەر ئەوەش دەبێتە شۆرشێك لەبواری تەكنەلۆژیای بیناسازییدا، بەڵام تیمێكی شارەزای زانكۆی كلۆرادۆی ئەمریكا ئەو كارەیان كردووە و توانیویانە جۆرە خانەیەكی زیندوو تێكەڵ بە چەند ماددەیەك بكەن و بیكەنە كەرەستەی سەرەكیی لە بواری بیناسازییدا.
ئەو تیمەی زانكۆی كلۆرادۆ ئاماژە بە كارەكەیان دەكەن و ڕایدەگەیەنن» ئەو خانە زیندووانە كارێك دەكەن كە جێگەی سەرسوڕمانە، ئەویش بریتییە لەوەی كە دەبنە هۆی چاككردنەوە و پڕكردنەوەی ئەو درزانەی كە بە تێپەڕبوونی ڕۆژگار دەكەوێتە بیناكەوە‌و دەشتوانن ماددەی زیانبەخشی ناو هەوا هەڵمژن و بە پێی خواستی خاوەن ماڵەكەش دەتوانرێت سود لەو خانە زیندووانە وەربگیرێت بۆ ئەوەی هەموو ماڵەكەیان وەك گلۆپێكی گەورە پرشنگی هەبێت.
ئەو توێژەرەوانە ئاماژەش بەوە دەدەن كە ئەو تەكنیكەیان بریتییە لەوەی خانە زیندووەكان لە دروستكردنی قاڵبی خشتدا بەكار دەهێنن، بە شێوەیەك كە خانە زیندووەكان دەتوانن گەشە بكەن و زیاد ببن ، ئەم جۆرە ماددانەش بەرگەگرتر و پتەو تر دەبن.
هەرچەندە تا ئێستا زۆربەی پسپۆڕان تەنها بیر لەوە دەكەنەوە و دەپرسن داخۆ دەتوانرێت ئەو ماددانە بە شێوەی زیندوو بمێننەوە و خاسییەتەكانیان پارێزراو بێت؟ بەڵام ئەندامانی تیمەكەی زانكۆی كلۆرادۆ لەو بڕوایەدان ئەو پێشكەوتنەی زانست بەدەستێهێناوە لە پێناوی پاراستنی خانە بەكترییەكاندا لە سایەی دۆخی ژینگەیی جیاوازەوە، وا دەكات ئەگەری بونیاتنان و دروستكردنی دامەزراوەكان بەو ماددە زیندووانە لە داهاتوودا وەك خەونێك نەمێنێتەوە، بەڵكو ببێتە ڕاستیی.
لەمبارەیەشەوە پێگەی ئەلكترۆنیی( ساینس دەیلی) لە زاری ئەندامانی تیمەكەی زانكۆی كلۆرادۆوە بڵاویكردووەتەوە» ئەو تەلارانەی بەو جۆرە ماددانە دروستدەكرێن خۆیان درزەكانی خۆیان چاكدەكەنەوە و ئەو هەوا پیسەش هەڵدەمژن كە لە دەوروبەردا هەیە و دەشتوانن وەك تەنێكی بریسكەدار دەركەون كە ئەمەیان بە پێی خواستی خاوەن تەلارەكەیە».
پێویستە بوترێت، ئەو توێژەرانە لە كارەكەیاندا خانەی بەكتریایی ڕووەكێك بەكاردەهێنن بە ناوی( ساینكوكس) كە توانای هەڵمژینی گازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆنی هەیە و دەتوانێت بدرەوشێتەوە، هەروەها ئەو بەكتریایە خۆی ماددەی كاربۆناتی كالیسیۆم دروست دەكات كە بە پێكهاتەی سەرەكیی بەردی جیریی دادەنرێت، دواتر دەیگۆرن بۆ ماددەی بیناسازیی.
لەم تەكنیكە نوێیەدا سەرەتا خانە بەكتریاییەكە دەگۆڕێت بۆ ماددەیەكی شل و بە ڕێژەی دیاریكراو لەگەڵ لم‌و جەلاتینیدا تێكەڵ دەكرێت، كاتێك كە ماددەی كاربۆناتی كالیسیۆم دروست دەكات لەگەڵ جەلاتین و لمەكەدا تێكەڵ دەبێت و دەگۆڕێت بۆ قاڵبی خشت كە شیاوە بۆ كاری بیناسازیی.
بە تاقیكردنەوەش دەركەوت ئەو ماددە نوێیە توانای زۆربوونی هەیە ، بەوەی توێژەرەوەكان یەكێك لە قاڵبە خشتەكانیان كرد بە دوو كەرتەوە و بینیان هەر كەرتێك دەتوانێت گەشە بكات و جارێكی تر ببێتەوە بە خشتێكی تەواو.
بەپێی لێكۆڵینەوەی ئەو توێژەرەوانە دوای 30 ڕۆژ لە دروستكردنی خشتەكان، نزیكەی (٩بۆ١٤٪)ی مۆڵگەی بەكتریاییەكە بە زیندویی دەمێنێتەوە و ئەویش دوای ئەوەی زۆر دەبێت بۆ سێ نەوەی یەكبەدوا یەكدا هاتووی ئەو خانانە.

سەرچاوە: علوم والتكنولوجیا

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*