سەرەکی » وتار » هێمن کەریم » چۆن بدوێین؟

لەناو رووداوەکاندا

چۆن بدوێین؟

دەسەڵاتی ئێستای هەرێمی كوردستان، لەكۆمەڵێك كێشەی گەورەوە ئاڵاوە، هەتا روونەكاتەوە بازنەی سەرەتا و بابەتە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكان لەماڵەكان نەهێنێتەدەر. تێۆری زانین و لقە مەعریفییەكەی نەئاڵێنێتەوە بە دونیایی مەعریفە و مەودای سیاسیی نێوان زانین و ئێستای رۆشنبیریی كۆمەڵگەكەی، ئەوا هیچ روئیایەكی نێودەوڵەتی بە گرنگی ناڕواننە حكومڕانی ئەمڕۆ جگە لە شەڕكەرێك بۆ گەلەكەمان ‌و كوشتارگەیەك بۆ خاكەمەمان هیچ پێناسەیەكی تر بۆ كورد ‌و كوردستان ناكەن.
دەسەڵاتی كوردی تا رادەیەكی زۆر پێدەچێت خەمێكی ئەوتۆی بۆ نوخبە ئەدەبی و رۆشنبیرییەكەی نەمابێت، ئەفلاتوون زیندووبكەرەوە و بیخەرە كوردستان لەبرساندا دەمرێت، بەڵام بەخوێی چێشت بگەیتەوە بە (بەكوێخایەك) ئیدی هەمووشتێكیت. ئەم عەقڵە كێشە گەورەكەیە، هەر ئەمەشە دەسەڵاتی كوردی لەدوای راپەرینەوە وەك پێویست نەیتوانیووە عەقڵی خۆی لە عەقڵێكی خێڵەكی رزگاربكات، ئەو كێشە و ململانێ و نادادییە لە هەناوی دەسەڵاتی كوردیدا هەیە، لەنێو كۆمەڵگەدا بەو حۆرە نییە، واتە دەسەڵاتی بەرێوەبردنی ئەم كۆمەڵگەیە لەدوای كۆمەڵگەوەیە.
كوێخایەك، سەرۆك عەشیرەتێك، نەخوێندەوارێك، هەركەسێك ریش درێژكات و بڵێت مەلام، سەیارەكەت جام رەش و 10 كەس بەشوێنتەوەبێت و مۆڕە بكات لە هاووڵاتیان، ئەمانە ئەو كەسە گرنگانەن لەلای بەشێك لە دەسەڵاتداران و ئەوانە گرنگ و تایبەتن ‌و ئەوانەش كە ناویان لەخۆیان ناوە (شتێك) كە مرۆڤ هۆشیاربكەنەوە، پیان بڵێن ژیانی ئەمڕۆ بریتییە لە پەروەردەیی ئاگاییانە و لەو شتەی كە دەتوانێت و ئارەزووتە بیكەیت، مامۆستاكانی زانكۆ و رۆشنبیران لەو نەوەیەن كە هێشتا هەر رۆژە و لە جێگەیەك شكۆیان دەشكێنرێت.
زۆرجار كەسێك كە هێشتا گومان لە بڕوانامە زانكۆییەكەی بكرێت، كەچی دەكرێتە سەرۆكی زانكۆیەك بەبێ هیچ بنەمایەكی یاسایی و ئەگەر ئەمە شكۆ شكاندنی زانكۆو مامۆستاكان و مەعریفە نەبێت ئیدی مرۆڤ شكۆی كامەیە؟
كەم تا زۆر دونیای كوردی گیرۆدەی بیرۆكەی سیاسییە، كە هەڵگری دونیابینی و پرۆسەیەكی پێشكەوتوو نییە، ئەو نوخبە گرنگەی كە لەنێو پرۆسە حكومرانییەكەشیدایە، هێشتا خاوەن بڕیاری یەكلاكەرەوە نییە لەسەر زۆرێك لە پرسەكانی رۆژ.
ئەوانەی دەیانەوێت كورد زیاتر و كاریگەرتربێت بە دونیایی خۆی، لە پێش كۆمەڵگەی كوردییەوە، دەبێت بیرێك لەو عەقڵییەتی حكومرانییە بكاتەوە، كە عەقڵیان بەرامبەر نوخبەی رۆشنبیریی بگۆڕن و چیتر ئەوان بە دوژمنی خۆیان و حكومڕانییەكەیان نەزانن، لەراستیدا ئەو بارودۆخەی ئێستا لەئارادایە ئەمە قەیرانەكەیە، چونكە روون و ئاشكرایە گە گۆڕانێكی مەعریفی هەبووبێت لە كۆمەڵگەدا، ئەوا ئەو نوخبە رۆشنبیرەن كە بەردەوام لە خەمی پرۆسەی بەرێوەبردنە سیاسیەكەشدا بوون، بەروون و راشكاو كەم و كەمتر هەن ئێستا لەخەمی پرۆسەی رۆشنبیرییدابن.
نەمر و رەوانشاد تاڵەبانی (مام) هەیە و دەمێنێت لە دونیایی رۆشنبیریی كوردیدا و هەرگیز ئاوا نابێت، چونكە بەشێكی گەورەی ژیانی بەدەر لە جەدەلە سیاسییەكەی، دەرفەتی دەدا، مەودای فراونتر و فەزای رۆشنبیریی دەخوڵقاند تا كۆمەڵگەی كوردی بەو دونیا ئەدەبی و فەزا رۆشنبیرییە بگات، لێ بەداخەوە ئێستا پاش (خۆی) دونیایی رۆشنبیریی لە كەنارو گوێگری سیاسیی كەم بووە و هۆكاری تووڕەبونی عەفەویش بۆ كۆمەڵگەی كوردی زیادی كردووە.
ئەو هەموو گومانەی كە لەدونیایی سیاسیدا دەخرێتە پاڵ دونیایی مەعریفە و رۆشنبیریی كێشەگەلێگی هیچگار گەورەن بۆ ئیستای دەسەڵاتی كوردی، رۆڵی گومان دەرفەتی نەهێشتۆتەوە بۆ هیچ رەخنەیەكی بنیاتنەرانە، گومانی سیاسیی، هونەری رۆشنبیریی كوردی كوشتوە، پرسیارە دەرفەتییەكانی نوخبەی نوێ بۆ سیاسیەكان لە كەناردایە، ئەگەرنا كێشەی ئەم پرسیارە چییە، ئایا دونیایی سیاسی ئێمە لەكوێی واقیعی كۆمەڵگەكەماندایە؟
پرۆسەی ئابووریی بۆچی بۆتە كاریگەرترین، مرۆڤ ئەگەر هەبێت لەكۆتایدا دەبێت هەمووی تێبگات و پێوانەی مرۆڤ بە روئیاو پێوانەی عەقڵی و رۆشنبیرییەوە دەبێت سەرچاوە بگرێت و دەپێورێت و هەر خودی رۆشنبیرییەكەشی سەرچاوەی هەموو شتەكانە.

*ئەم گۆشەیە شەممان: ئازاد ئیبراهیم،سێ شەممان: هێمن کەریم، پێنج شەممان: ستران عەبدوڵڵا دەینووسن

print

 35 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*