سەرەکی » وەرزش » مان سیتی سڕ كرا

مان سیتی سڕ كرا

یەكێتی تۆپی پێی ئەوروپا سزایەكی قورسی یانەی مانچستەر سیتی دا كە بەپێی ئەو سزایە یانەكە ناتوانێت 2 وەرزی داهاتوو بەشداری چامپیۆنس لیگ بكات لە پاڵ ئەوەش یانەكە بەبڕی 30 ملیۆن یۆرۆ سزا دراوە.
سزای یانەكە وەكو یوفا رایگەیاندوە بەهۆی پێشێلكردنی یاسای یاری خاوێنە ئەویش لە رێگەی زیادكردنی بڕی ئەو پارەیەی لە بۆندی سپۆنسەری دەستیكەوتووە لەنێوان ساڵانی 2012 بۆ 2016.
یوفا لە بەیاننامەیەكی رەسمیدا ئاماژەی بەوە داوە بەهۆی پێشێلیكردنی مەترسیدار لە یاساكانی یاری خاوێن مان سیتی سزا داوە و دوپاتیشكردۆتەوە یانەكە دەتوانێت لە دادگای یوفا و دادگای دادی وەرزشی تانە لە سزاكە بدات.
لەلای خۆشیەوە مان سیتی سزاكەی رەتكردۆتەوەو دوپاتیشی كردۆتەوە تانە لەو بڕیارە دەدەن و لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەیان بەوەداوە توشی دڵتەنگی بوون بەڵام پێیان وایە ئەو سزایە چاوەڕوان كراو بووە ئەویش بەهۆی ئەو لێكۆڵینەوەیەی ماوەی ساڵێك زیاترە یوفا لەسەر ئەو كەیسە دەیكات.
بەپێی یاسای یاری خاوێن نابێت یانەیەك لەو داهاتەی دەستی دەكەوێت پارەیەكی زیاتر خەرج بكات، خاڵێكی سەرەكیشی ئەوەیە ئەو داهاتەی یانەكە دەستی دەكەوێت دەبێت بەهۆی پڕۆژەو بۆندە سپۆنسەریەكانی یانەكە بێت واتا نابێت لەسەرچاوەیەكی دووۆ لەوە پارە بێتە ناو یانەكە و مان سیتی بەهۆی ئەمەوە سزا دراوە.
مان سیتی بۆندی لەگەڵ كۆمپانیای ئیتیحاد هەیە كە گوایە ئەو كۆمپانیایە ساڵانە 69 ملیۆن پاوەند ئەداتە یانەكە بەڵام گۆڤاری دیر شپیگلی ئەڵمانی ساڵی رابردوو ئاشكرای كرد ئەو كۆمپانیایە ئەو پارە زۆرە ناداتە مان سیتی و چەند بەڵگەیەكیشی لەو بارەیەوە بڵاوكردەوە.
ئەمەش بووە هۆی ئەوەی یوفا لێكۆڵینەوە بكات و مانگی 5ی ساڵی رابردووش ئیف لۆتیرۆمی سەرۆكی ژووری یاسای تایبەت بە لیژنەی چاودێری كردنی دۆخی دارایی یانەكان داوای كرد مان سیتی لە چامپیۆنس لیگ بێ بەش بكرێت، لەو كاتەشەوە یوفا لێكۆڵینەوەی دەستپێكرد و دواجاریش بۆی دەركەوت كۆمپانیاكە تەنها هەشت ملیۆن پاوەندی لە ساڵێكدا بەخشیوە بە مان سیتی و پارەكەی تر شێخ مەنسوری سەرۆكی یانەكە لەپارەی خۆی خستویەتە سەر و دواتریش دەركەوت كە ئەو كۆمپانیایەش موڵكی سەرۆكی یانەكەیە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*