سەرەکی » وتار » بورهان شێخ ڕەئوف‌ » قۆناغێكی نوێی ململانێی توركیا و روسیا لە سوریا

دەر و دراوسێ

قۆناغێكی نوێی ململانێی توركیا و روسیا لە سوریا

هیچ بەڵگەیەكی نوێ لە بەردەستدا نییە تاكو ئاماژە بەوە بدات كە هێزەكانی سوپای عەرەبی سوری كە لەلایەن روسیا و ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەكرێت، پێشڕەوییەكانیان بووەستێنن بۆ ئیدلبی باكوور، كە دوا پێگەی تاقم و گروپە چەکدارەكانە ‌و بەناو ئۆپۆزسیۆنی سوریان ‌و توركیا پشتیوانییان لێدەكات.

ئایا توركیا و سوریا بەریەك دەكەون؟
ئێستا كە ئەو دوو لایەنە لە خۆئامادەكردن و كۆكردنەوەی هێز و ناردنی ئامێر و كەرەستەی جەنگی پێشكەوتوودان و دۆخەكە لە ئاڵۆزبوون و هەڵكشانێكی خێرادایە بەتایبەتی لە سەرەتای ئەم مانگی شوباتەوە تا ئێستا 13 سەربازی توركیا لە ناوچەی ئیدلب كوژراون، هەڕەشەكانی سەرۆك كۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان كە وتی پێشڕەوییەكانی سوپای سوریا دەوەستێنین بە هەر رێگایەك پێویست بكات، ئیدی چ بە هێزی ئاسمانی بێت یان زەمینی.
هەر لەو چوارچێوەشدایە كە لە 2ی ئەم مانگەوە تا ئێستا حكومەتی توركیا زیاتر لە 1800 بارهەڵگری گەورەی رەوانەی ناوچەی ئیدلب كردووە، كە چەكی جۆراوجۆری قورسی وەكو تانك و زریپۆش و سەربازو نەفەرهەڵگری دژە گوللە ‌و راداری لەخۆگرتووە، سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە 6500 سەربازی لە ناوچەكانی ئیدلب و حەلەب بڵاوە پێكردووە.
هەر لە ئاكامی ئەم بەرەوپێشچوونانەدا وەكو پێشتریش باسمكرد، لەم مانگەدا 13 سەربازی توركیا كوژراون و هەروەها هێزەكانی رژێمی سوریا ئابڵۆقەی خاڵە چاودێرییەكانی توركیایان بە پشتیوانی هێزی ئاسمانیی روسیا لە ناوچەی ئیدلب داوە. لەكاتێكدا ئەو خاڵە چاودێرییانە پێشتر بە رێكەوتنی نێوان روسیا ‌و توركیا دامەزراون، بەمەبەستی دروستكردنی ناوچەی كەمكردنەوەی ئاڵۆزی كە ئێستا وەكو بارمتەیەك لەلایەن سوریاوە بەكاردەهێنرێن.
لە بەرامبەر ئەو هەنگاوانەی حكومەتی سوریادا، توركیاش دەستەوستان نەبووە و هێزەكانیان پەلاماری چەند پێگە و بنكەیەكی سوریایان داوە و فڕۆكەیەكی هەلیكۆپتەری سوپای سوریایان خستۆتە خوارەوە و چەند سەربازێكی سوریاشیان كوشتووە و برینداركردووە.

پێكدادانی روسی و توركی
وادیارە ئاڵۆزییەكانی سوریا و توركیا و بەو حاڵەوە ناوەستێت ‌و لایەن ‌و وڵاتی تریش رادەكێشێتە ناو هاوكێشە ئاڵۆز و ناهاوسەنگەكەوە، هەروەك روون و ئاشكرایە روسیا هاوپەیمان و هاریكاری پلە یەكی بەشار ئەسەدە لە سوریا و هەر ئەو پشتیوانییەش بوو كە رژێمەكەی لەو گەردەلوول و رەشەبا سەختەی ساڵانی پێشوو پاراست، بۆیە پێناچێت ئێستاش پشتی بەربدات و رژێمیش كە هەموو ناوچەكانی سوریای خستەوە بن دەسەڵاتی خۆی جگە لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە، پێناچێت دەستبەرداری پێشڕەوییەكانی ببێت بۆ ناوچەی ئیدلب لە باكووری خۆرئاوای سوریا، بە تایبەتی هەموو ئۆپەراسیۆنەكانی سوپای سوریا بە پشتیوانی هێزی ئاسمانی روسیایە ‌و ئەوەی بارودۆخەكەشی زیاتر ئاڵۆز كرد، هەڕەشەكانی ئەردۆغان بوو لە 12 ی شوباتدا .
لە بەرامبەر ئەم هەڕەشانەی سەرۆكی توركیادا، سوپای سوریا و روسیای هاوپەیمانی لە بەیانێكی هاوبەشدا وەڵامی هەڕەشەكانی ئەردۆغانیان دایەوە و پێداگرییان كرد لەسەر ئەوەی كە بەردەوام دەبن لە ئۆپەراسیۆنەكەیان دژ بە هەموو تاقم و گروهە تیرۆریستەكان. هەروەها روسیا حكومەتی توركیا تاوانبار دەكات بەوەی پابەند نابێت بەو رێكەوتننامانەوە كە لەگەڵ مۆسكۆ واژۆی كردوون لەسەر دۆخی سوریا ‌و وەزارەتی بەرگری روسیا وتی، هێزەكانی توركیا بارودۆخی مەیدانی ناوچەكە ئاڵۆزتر دەكەن و بەرەو خراپتری دەبەن.

شەڕەكە پێی ناوەتە قۆناغێكی نوێوە
لە لایەكی ترەوە، سورییەكان دەڵێن شەڕەكە پێی ناوەتە قۆناغێكی نوێوە، ئەویش ئەوەیە توركیا شكستی خوارد لە رێگەی شەڕی بریكارەكانییەوە ‌و ئێستا خۆی هاتۆتە گۆڕەپانی جەنگەوە.
لە راستیشدا ئەم هەنگاوەی توركیا لە رووی یاسا و عورفی نێودەوڵەتییەوە دەستوەردانێكی ئاشكراو روون و راستەوخۆیە لە كاروباری ناوخۆی وڵاتێكی تر، كە ئەندامی نەتەوە یەكگرتووەكانە و پێشێلكردنی سەروەرییەكەیەتی، جگە لەوەش ئەم دەستوەردانەی ئەردۆغان لەكاروباری سوریا و دواتر لیبیاش، هەنگاوێكە بۆ راكێشانی هەست و سۆزی نەژادپەرستەكانی تورك، لە كاتێكدا لە رووی ئابووری گەشەكردنەوە ئابووری ئەو وڵاتە پاشەكشەی زۆری كردووە، كە لە رابردوودا تاكە شانازییان ئەوە بوو.

پابەندنەبوون بە رێكەوتننامەكانی پێشووەوە
لە كۆتاییدا ئەگەر نهێنی ئەم هەڵچوونە لە هەڵوێستەكەدا بۆ ئەو بگەڕێتەوە كە سوریا و روسیا پابەندنەبوون بە رێكەوتننامەكانی پێشووەوە، ئەوا سوریا و روسیا دەڵێن كە ئەو رێكەوتنە كاتی بووە، دیمەشق ‌و مۆسكۆ دەخوازن هەردوو رێگەی ستراتیژی و گرنگی M4و M5 بخەنە بن دەستەڵاتی خۆیانەوە و توركیاش تاوانبار دەكەن بەوەی كە رێكخراوە تیرۆریستییەكانی هەڵنەوەشاندۆتەوە، بە تایبەتیش كە ئێستا ئەردۆغان لە هەڵوێستێكی لاوازدایە و ئیرەیی پێ نابرێت و پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەمریكا و ناتۆشدا بە گوێرەی پێویست نییە.

print

 69 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*