سەرەکی » کەلتوور » سینەماچی؟!

سینەماچی؟!

هاوار مستەفا خان

لەژێر ناوی» سینەما..چی؟!» کە لەبنەڕەتدا پەڕتۆکێکە و لەگەڵ چەند ئەڵقەیەکی دیکە کە لێرە لە کوردستانی نوێ بڵاوی دەکەینەوە، بیرەوەریی هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی زیاتر لە جارەگە سەدەیەکی خوێندنەوەو بینین و نووسین و رەخنەی سینەمایی و دروستکردنی فیلم و رۆشنبیریی سینەماییەو وابڕیارە لەماوەی داهاتوودا لە دووتوێی پەڕتۆکێکدا «رەنگە زیاتر»یش چاپ و بڵاوبکرێتەوە.
لێرەدا، هەوڵدەدەم چەند بیرەوەرییەکی تەمەنی جوانی و بەخۆڕایی بەفیڕۆچوونی ئەو سەردەمە باس بکەم کە چەند تامەزرۆی سینەما بووین و چەند هەوڵماندا بیگەینێ کەچی جەنگ و شەڕ و ئاشوبی هەشت ساڵەی عیراق ئیران و سیاسەت و ململانێی ناتەندروست و درێژخایەنی هێزەکانی گۆڕەپانی باشوری کوردستان لەشاخ و شار، دەیبردینەوە کۆڵانەکانی پشتەوەو هەر بەحەسرەتی ئەوەی دونیای جوانی و فانتازیی سینەماییمان دروست بکەین، بەردەوام بووین و کۆڵمان نەدا، بەڵام ساڵ دوای ساڵ سەخت و دژوارتر دەبوو بەدیەێنانی خەون و خولیاکانی گەنجی و جوانیمان، هەر ئەوەش وای لێکردین بەو جوانیەوە، جوانتر سینەما لەگەڵ خۆماندا پەروەردە بکەین.

رۆژنامەی ئەمڕۆ و فیلمی مەلیك مەحمود
لە رۆژنامەی ئەمڕۆ – دا، گۆشەیەکم هەبوو بەناوی «وڕێنە» لەوێ هەموو ژمارەیەك وڕێنەیەکم لەسەر سینەما دەکرد و بڵاوم دەکردەوە، لە ژمارەیەکیاندا لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٩٧ بوو، وڕێنەیەکم لەسەر سازدانی فێستیڤاڵی سینەمایی لە کوردستان بڵاوکردەوە، لە وڕێنەکە دەڵێم؛ (٣) هەزار رۆژنامەنووس گەیشتوونەتە شاری سلێمانی بۆ روماڵکردنی فێستیڤاڵەکەو دەیان و سەدان هونەرمەندیش لە سەرانسەی دونیا بەشدارن، شار بەجۆرێك خرۆشاوە میوانانی فێستیڤاڵ هێندە دڵخۆشن بەلایانەوە سەیرە لەسەر گۆی زەویدا شوێنێکی وەها خۆش هەیە و پێیان نەزانیوە، فێستیڤاڵێکی وەها گەورە هەیەو باشبوو فریای کەوتن. بەمجۆرە وڕێنەی وەهام بڵاودەکردەوە.
زۆر شتیترم نووسیبوو لە راستیدا بیرم نەماوە و ئەوەی سەرەوەش بە پشت بەستن بەو یادەوەرەییە نووسیومەتەوە دەنا شتی زۆر سەیرم بڵاوکردۆتەوەو هەر بەراستی «وڕێنە»ی سەمەرەن، بەڵام وڕێنەم هەبوو هاتە دی بەنمونە؛ دوای سێ ساڵ فێستیڤاڵ لە کوردستان دروست بوو؟!.
هەر لە رۆژنامەی «ئەمڕۆ» و لە ژمارە»١»ی پاشکۆی «روناکبیریی» رۆژنامەکە کە بەشی هونەرییم لە ئەستۆدا بوو، دوو بابەتی سینەماییم لەیەک ژمارەدا بڵاکردەوە، لەدوالاپەڕە ستونێك بوو بەناوی «هەقە دەرهێنەری فیلمی مەلیك مەحمود بدرێتە دادگا»، لە پاشکۆیەکەش بابەتێك بوو لەسەر فیلمی سینەمایی کوردیی» سترانەك ژ بۆ بەکۆ» کە فیلمێکی زۆر ناوازەی هونەرمەند نیزامەدین ئاریج بوو.
هەڵبەت لەبارەی ستونەکەوە نەمدەویست ناوی خۆمی لەسەر بنووسم، بەڵام کە رۆژنامەکە دەرچوو، تەماشا دەکەم ناوم بەدەست نووسراوە، زانیم کە سەرنووسەر خۆی لەسەر پلێت و لەکاتی چاپکردنی رۆژنامەکە لە چاپخانە نووسیویەتی، بەندە مەبەستم نەبوو ناوم بنوسرێت چون بابەتەکە رەخنە نەبوو لەسەر فیلم بەڵکو نیگەرانی و تانە بوو لەسەر رێگەدان بە دروست کردنی فیلمی لەوجۆرە کە ئاستی هونەری هێندە لاوازبوو بەزەییت بە شێخ مەحمود دەهاتەوە. وەکو کاک شوان کابان بە پێکەنینەوە نمونەی گۆڤاری سیخورمەی دەهێنایەوە کە نووسیبووی» شێخ ئیسماعیل شێخ مەحمودی کردە فیلم» کە بەراستیش وابوو.
هەرچۆنێك بێت لەو رۆژنامەیەدا باس و خواستی سینەمام گەرم کردبوو، بازاڕی سینەماش گەرم و شەڕ و شۆڕی ناوەخۆش لە بەرەکانی جەنگدا لە هەموویان گەرمتر.

خاك و بێژەریی
دوای مانگێك لە وازهێنانم لە «تەلەفزیۆنی زەحمەتکێشان»، لە تەلەفزیۆنی خاك وەك بێژەر دەرکەوتم، یەکەم درکەوتنیشم لەگەڵ بێژەری ناسراو و هاوڕێ و هاوژینم رەوانشاد « لەیلا عەلی» بوو یادی بەخێر و درود بۆ گیانی پاکی. بیرمە کە هەواڵەکان تەواوبوو هەمویان دەست خۆشیان لێکردم کە توانیم راستەوخۆ هەواڵەکان بخوێنمەوە، هەر بۆ زانیاریش ئەوکات شاشەی ئۆتۆکیو نەبوو کە نووسینی لەسەر دەردەکەوت، بەڵکو هاوڕێیان لە بەشی کۆمپیوتەر و لەسەر کاغەزی «ئەی فۆڕ» هەواڵەکانیان بە فۆنتێکی گەورە لەسەر لا دادەناو ئێمەش لەسەر ئەو کاخەزە دەمانخوێندەوە. کارەکە هەم زەحمەت بوو هەم سەمەرەش بوو، زەحمەت بوو چوون کارمەندێك دەبوو لە تەنیشت کامێرا بوەستێت و لەسەروی یان لەژێر کامیراکەوە کاغەزەکان پەڕ پەڕ هەڵبداتەوە کارەکە زەحمەت بوو هەمووجارێکیش فریا نەدەکەوت کاغەزەکە بخاتە پشتی کاغەزەکانی تر بەڵکو لە ترسی ئەوەی نەوەکو دوبارەش بێتەوە بەرچاومان، بۆیە فڕیی ئەدایە سەر ئەرزەکەو دوایی کۆی ئەکردەوە، سەمەرەش بوو چوون هەندێكجار بە هۆی سەرقاڵی بیریان ئەچوو کاخەز هەڵبدەنەوە تاوەکو پەرەگرافی دواتر بخوێنینەوە بۆیە هەندێكجار کە دەمانزانی لەسەر شاشەکە دیار ناکەوین دەستمان درێژ دەکردو ئاماژەمان پێدەدا: کاکە هەڵیدەرەوە؟!.

ساڵیادی یەکەمی خاك تیڤی
لە سالیادی یەکەمی «خاك تیڤی» بۆ شەوەکەی بەرنامەیەك سازدرا و منیان راسپارد کە بەرنامەکە بۆ میوانان و بۆ بینەران بەڕێوە ببەم و لەوێ بووم پێشکەشکار، منیش حەزم نەدەکرد، بەڵام پێانکردم، لەو شەوەدا بە جلی کوردی و جامانەوە بەرنامەکەم پێشکەش کرد «هەندێك دەیانگووت لە هۆمەری دزەیی دەچیت» هەر چۆنێك بێت بیرمە سێ کامیرا وێنەیان دەگرت و راستەخۆش بوو، بەندە بۆ سڵاوکردن لە بینەران، لەگەڵ هەرسێك کامیرادا بڕگەکانم دابەش کرد و سڵاوم لەرێگی هەرسێکیانەوە گەیاندە بینەران بەبێ ئەوەی پێشتر رێککەتبێتین، لەو شەوەدا مامۆستا و هونەرمەندی رەوانشاد کەریم کابان و شوان کابان و خانەوادەیان ئامادەبوون، لە پڕۆگرامەکەشدا گۆرانیان هەبوو، کاتێك هاتە سەر ئەوەی هونەرمەند کەریم کابان بە گۆرانییەك فەرمووی لێبکەم و پێشکەشی بکات، بە خەیاڵمدا هات کە بانگی کاک شوان و کوڕەکەشی بکەم، بەڵام بەر لەوەی بانگی هەرسێکیان بکەم، وتم: ئێستاش کاتی گۆرانی ووتنە، بەڵام بەر لەوەی گۆرانیبێژ بانگ بکەین دەمەوێت بزانن دوو کوڕ و دوو باوك کە دەکاتە سێ کەس لێرەن ئایە کێ دەزانێت دوو کوڕ و دوو باوك چۆن دەکاتە سێ؟ کەس نەیزانی ناچار خۆم ووتم؛ ئەو دوو کوڕ و دوو باوکە، هونەرمەند کەریم کابان و شوان کابانی کوڕیەتی لەگەڵ کوڕی کاک شوان وابزانم «ئەلەند»بوو بانگی سەر ستەیجم کردن و ئاماژەمدا کە ئەوەتا دوو باوك مامۆستا کەریم و کاک شوان، ئەوەش دوو کوڕ، کاک شوان و کاکە ئەلەند، ئیتر هەموان پێکەنین و دیاربوو مامەڵەیەی ئەو شەوەی بەندە لەگەڵ کامێراو پیشکەشکردندا لای «دادە هێرۆ» و کارمەندانی خاک تیڤی جێگای پێزانین بوو رۆژی دواتر هێرۆخان دەست خۆشی لێکردم.
بوون بە کارمەند لە خاک تیڤی جیاواز بوو، کەم کەس دەرفەتی ئەوەی پێدەدرا لەوێ کار بکات، هەر بۆ خۆشی یەکەمجار بوو لۆگۆی خاك تیڤی لەسەر تیشێرت کۆپی بکرێت، هەندێك لە کارمەندان بەتایبەتی لە رۆژانی نەورۆز کە سەهۆڵەکە هێندە قەرەباڵغ دەبوو دەرزیت هەڵدایە نەدەکەوتە سەر زەوی، ئەوان بەو تیشێرتە دەهاتنە بەردەم ئۆفیسی تەلەفزیۆن و خۆیان دەنواند، ناهەقیشیان نەبوو، یەکەمینجار بوو تەلەفزیۆنێکی کوردیی ئەهلی دور لە بڵاوکردنەوەی پەیام و پڕۆگرامی حزبی لە گەرمەی شەڕدا بکەوێتەکار کە بۆ بەندە یەکجار مایەی دڵخۆشی بوو لەوێ کارم دەکرد. تەنانەت بیرمە جارێکیان لە هەواڵنامەی گرنگی شەودا دوو هەواڵی مام جەلال- مان خوێندەوە بۆ بەیانی دادە هێرۆ هات و وتی: ئەرێ رۆڵە ئەوە شەو بۆچی دوو هەواڵی مام جەلال – تان بڵاوکردۆتەوە؟ منیش زۆر بەخێرایی ووتم: دوو بابەتی جیاوازی پەیوەست بوون بە خەڵك!. ووتی: باشە بەڵام جارێکی تر دوو هەواڵ بڵاومەکەنەوە ئەگەر پەیوەندیشی بە خەڵکەوە نەبوو هەر بڵاوی مەکەنەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*