سەرەکی » زانست » وزەی ئاو،وەکو وزەی سەوز

وزەی ئاو،وەکو وزەی سەوز

د. مه‌دیحه‌ سۆفی*

سامانی ئاو ئەو سامانە هەمیشەییە بەنرخەیە، کە هیچ جێگرەوەیەکی نیە لەسەر گۆی زەویدا، ئاو ئاوە، بناغە و مەرجی سەرەکی ژیان و بەردەوامی مرۆڤایەتیە، بڕی ئاویش لەسەر زەوی، لەوەتەی هەیە بڕێکی نەگۆڕە و بە ڕێگای سوڕی ئاو لە سروشتدا نوێ دەبێتەوە، ئاو جگە لەوەی بناغەی بنەڕەتی ژیانی هەموو بوونەوەرە و بۆ ئاودان، ئاوەدانی، بژێوی، گوازتنەوە و خۆراك زۆر گرنگە، سەرچاوەیەکی باشی بەرهەمهێنانی وزەشە.
دەتوانین پێناسەی وزەی ئاو بەم جۆرە بکەین : وزەیەکی پاك و خاوێنە و لە بەگەڕخستنی سامانی ئاوەوە دەستدەکەوێ، بۆ بەگەڕخستنی ئامێرێك کە کارەبا بەرهەمدێنێت، یا دەستکەوتنی وزە لە ڕێگەی گیۆتێرمی واتە ئاوی گەرمی ژێر زەوی، یا بۆ بەرهەمهێنانی هایدرۆجین و بەکارهێنانی وەکو وزەی سوتەمەنی بۆ ئۆتۆمبیل، کە ئەمەشیان سەرچاوەیەکی مۆدێرن و پەرەسەندووە.
ئاو دەگەڕێتەوە بۆ کۆنترین سەرچاوەی وزە لە سەردەمی مرۆڤایەتیدا، سەرەتا خۆیان لە ئامێری هەڵم و پەروانەی ئاشدا بەرجەستە دەکرد و ماوەی نزیکەی سەد ساڵێکیشە توانراوە وزەی کارەبا لە وزەی ئاوەوە بەرهەمبهێنرێت، پەروانەی ئاش بۆ یەکەم جار لە ناوچەی میزۆپۆتامیادا، بۆ ئاودانی زەوی کشتوکاڵی سەریهەڵدا.
لە سەدەی نۆزدەهەمدا، یەکەم ویستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە بەڕیتانیادا کەوتەکار، پاشان بەهۆی داهێنانی ( مولدة ) ەوە، توانرا ئەو وزە دەستکەوتووەی لە هیزی ئاوەوە بەرهەمدەهێنرێت، لە شوێنی دیکەش بەکاربهێنرێ، بۆیە لە ساڵی 1895 دا، توانرا گەورەترین ویستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە سەر ڕوباری نیاگارا بنیاتبنرێت.
ئەو وڵاتانەی لە ئێستادا بەرهەمهێنەری زۆرترین وزەی کارۆهایدرۆلیکین لە جیهاندا، ئەو وڵاتانەن کە خاوەنی سامانێکی زۆری ئاون، لە ڕیزبەندی یەکەم وڵاتی چینە، پاشان بەڕازیل، ئەمریکا، کەنەدا و ڕوسیایە، بڕی وزەی بەرهەمهێنراو لە وزەی ئاو لە کۆتایی ساڵی 2017 دا بریتی بوو لە بڕی 287،5 گیگا وات[1 ] ، گەورەترین ویستگەی بەرهەمهێنانی وزەی ئاو یا کارۆهایدرۆلیکی لە جیهاندا ئەو ویستگانەن کە لە بواری تەکنەلۆژی و تەکنیکی ئەو زانستەدا هەنگاوی بەردەوام و پڕ لە داهێنانیان ناوە، لەوانەش :
1.ویستگەی کارۆهایدرۆلیکی سێ دەروازە : گەورەترین ویستگەی وزەی ئاوی جیهانە لە وڵاتی چیندا، ساڵی 2007 کەوتە کار بە بەرهەمی 22،5 گیگاوات لە کارەبا.
2. ویستگەی کارۆهایدرۆلیکی ئیتایبۆ : دووەم گەورەترین ویستگەی کارۆئاوە، پرۆژەیەکی هاوبەشی بەڕازیل و پاراگوایە، ماوەی بنیاتنانی ئەم پرۆژەیە لە نێوان ساڵی 1975 – 1982 وە، توانای بەرهەمهێنانی 14 گیگاوات کارەبای هەیە.
3. ویستگەی کارۆهایدرۆلیکی شیلۆدو: دۆڵێکی گەورەی گلدانەوەی ئاوە لە هەردوو پارێزگای شیچوان و یووان لە وڵاتی چێن، ساڵی 2013 بە فەڕمی کەوتە کارکردن، دووەم ویستگەیە لە چین بە توانای 13،86 گیگاوات کارەبا.
4. ویستگەی کارۆهایدرۆلیکی گوری: گەورەترین ویستگەی کارۆئاوە لە ڤێنزوئێللا، گلدانەوەی ئاو لە ڕیۆ کارۆنی پێش ئەوەی بڕژێتە ڕوباری ۆرینۆکۆوە، لە ساڵی 1963 دەستکرا بە دروستکردنی و تا ساڵی 1986 بەردەوام بوو بۆ دەستکەوتنی 8،85 گیگاوات.
5. ویستگەی کارۆهایدرۆلیکی توکورووی: دووەم گەورەترین ویستگەی بەڕازیلە، دەکەوێتە باکوری ڕۆژهەڵاتیەوە، لە نێوان ساڵانی 1975 1984- دا دروستکرا و ئاوی ڕیۆتۆکانتیس گلدەداتەوە و بە بەرهەمی بڕی 8،37 گیگاوات.
6. ویستگەی کارۆهایدرۆلیکی گراند کوولیی: دەکەوێتە کەناری ڕۆژئاوای ئەمریکاوە، لە لەگەنەی کوولیی ئاو گلدەداتەوە، لە ساڵی 1941 دا تەواوکراوە و لەو دەمەدا گەورەترین دۆڵی گلدانەوەی ئاو بووە بۆ ئاودێرێ، پاشان بەهۆی شەڕی دووەمی جیهانەوە و پێداویستی بۆ وزە وەکو ویستگەی کارۆئاو پەرەی پێدراوە، لە ئیستادا بڕی 6،80 گیگا وات بەرهەمدەهێنێت.
7. ویستگەی کارۆهایدرۆلیکی سایانۆ شوشێنسکەر: بە بڕی 6،4 گیگاواتەوە، ئەم ویستگەیە دەکەوێتە سەروی ویستگەی کرانسنۆیاركەوە لە سیبیریای ڕوسیاوە، لەسەر ڕوباری یێنیسای، گەورەترین ویستگەی ڕوسیایە، لە نیوان ساڵانی 1963 – 1988 دا تەواو بووە.
8. ویستگەی کارۆهایدرۆلیکی کرانسۆیارك: دەکەوێتە سەر لەگەنەی ڕوباری یێنیسایەوە لە سیبیریا و بە بڕی بەرهەمی 6 گیگاواتەوە، لە نێوان ساڵانی 1961-1968 تەواو کراوە.
9. ویستگەی کارۆهایدرۆلیکی ڕۆبەرت – بووراسا: بە توانای عەمبارکردنی 5،61 گیگاواتەوە، ئەم ویستگەیە یەکێکە لە ویستگەگەورەکانی بەرهەمهێنان لە کەنەدا، دەکەوێتە سەر ڕوباری لە گراند ڕیڤییرە، ساڵی 1973 دەستکرا بە بنیاتنانی و لە ساڵی 1979 دا کەوتووەتە کارکردن و بەرهەمهێنانی کارەبا لە خوڕری تاڤگەیەك بە بەرزی 130 مەتر.
10. تاڤگەی چورچیلی: ئەم تاڤگەیە دەکەوێتە وڵاتی کەنەداوە، بڕی 5،42 گیگاوات بەرهەمی کارەبای هەیە، ساڵی ١٩٦٧ دەستکرا بە بنیاتنانی و ساڵی 1971 کەوتە بەرهەمهێنان، دوا توربینی لە ساڵی 1974 دا بۆ زیادکرا.
ئەم ویستگە و سەرچاوەی کارۆهایدرۆلیکە، کاری ئاسان نین، بەڵام مەحاڵیش نین، ئەوەی ئاسانی دەکاتەوە و دەبێتە ڕێخۆشکەری ئەو دەستپێکە بۆ سەرهەڵدان، تەنها عەمارکردنی زانست و ڕێوشوێنی تەکنەلۆژی و پلانی درێژخایەن و ئامادەکاری پوخت و دووربینی حکومەتەکانە، ئەگەرچی زۆربەی ئەو وڵاتانەی وەکو ڕوسیا، کەنەدا، ئەمریکا، ڤێنزوێللا، خاوەنی سامانی وزەی تەقلیدین، خاوەنی گاز و نەوتن، بەڵام قۆرخکردنی سامانی سروشتی وەکو ئاو و خۆر و هاوشێوەکانی بۆ بەرهەمهێنانی وزە، چەند لایەنێکی ئەرێنی هەیە یەکێك لەوانە ئەوەیە کە خۆر و ئاو و با، سامانی هەمیشەیین و وەکو نەوت و گاز بنبڕ نابن و بۆ هەتا هەتا هەن، پاشان وزەی سەوز بەتایبەتی کارۆهایدرۆلیکی هیچ پاشماوەیەکی زیانبەخشی وەکو گازی دووەم ئحکسیدی کاربۆن ناخاتە نێو هەواوە و کاریگەری لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا و قەتیسبوونی گەرما نابێت.
لەبارەی کاردانەوە نەرێنیەکانی بەرهەمهێنانی وزەی سەوز لە ئاوەوە، دەتوانین بڵێین کە گلدانەوەی ئاو لە شیو و دۆڵ و لەگەنەی ڕوبارەکاندا، ئەگەری ئەوەی هەیە کە ناوچەکانی دیکەی خوارووی ڕوبارەکان تووشی کێشەی کەمی ئاو و کەمی پێداویستی بۆ کشتوکاڵ ببن، یا ڕێگر بێت لە پەڕینەوەی ماسی و تێکدانی قۆناغەکانی زاوزێ و تێکدانی ئیکۆسیستیمی ئەو گیانەوەرانە و هەڵکەوتەی ژینگەکەی، یەکێكیتر لە لایەنە نەرێنیەکانی ئەوەیە کە ئەگەری وشکەساڵی هەیە کە ببێتە هۆکاری بەرهەمنەهێنانی وزەی کارەبا لەو کاتەدا.
لە ساڵی 2018 دا بەکاربردنی وزەی فۆسیل یا تقلیدی بە ڕێژەی %84.7 بوو، ڕێژەی وزەی ئەتۆمی %4.4 و وزەی سەوز گەیشتە %10.9 لە هەموو جیهاندا، وزەی کارۆئاوی %6.8 ی ئەو وزە سەوزەی پێكدەهێنا، بەرنامە وایە کە تا ساڵی 2040 و بە پشتیوانی زانست و داهێنان و تەکنەلۆژیا، ڕێژەی وزەی سەوزی بەرهەمهێنراو بگاتە %40 ی پێداویستی لە هەموو جیهاندا[2 ] ئەگەر پلانە تۆکمە و درێژخایەنەکانمان، لە چوارچێوەی پاراستنی ژینگە لەلایەکەوە، لەلایەکیترەوەش بۆ بەرهەمهێنانێکی هەمیشەیی وزە و تاڵاننەکردنی سامانە سروشتیەکەی نیشتیمان، بخەینە بواری کارە هەنوکەییەکانەوە، دەتوانرێ بەپاڵپشتی ئەو تاڤگە و سامانی ئاوەی کە هەیە، نەخشەیەکی پوختی بەرهەمهێنانی وزەی سەوز داڕێژرێ، هەم دەستی کار و هەلی کار دابین دەکات، هەم ژینگە دەپارێزێ و وابەستەی نەوت و گازیش نابێ، سامانی ئاو لە هەموو ڕوویەکەوە مایەی ئاوەدانکردنەوە و شارستانیەتە، بە بوونی ئاو خوراك دابین دەکرێ، پیشەسازی ڕێگای خۆی دەدۆزێتەوە، وزە بەرهەمدەهێنرێت، بە بوونی وزە؛ دەتوانرێ زۆر هەنگاوی نوێ بەرەو شارستانیەت بگیرێتەبەر، پێش هەمووی وشیاری ژینگەیی و کرانەوەیە بەرەو جیهانێکی پاکژتر، بەتایبەتی لەم نیشتیمانەی زیاتر لە چارەکە سەدەیەکە، نەیتوانی کێشەی کارەبا وەکو پێداویستیەکی سەرەتایی بۆ هاوڵاتیان دابین بکات.

پەراوێزەکان:

1- https://www.weltenergierat.de/wp-content/uploads/2018/05/81040_DNK_Energie2018_Kap2.4.pdf

2- https://www.en-former.com/rolle-der-erneuerbaren-energien-in-der-weltweiten-stromerzeugung/

*هاوسەرۆکی ڕێکخراوی سەوزی ئەوروپی – کوردستانی / ئەڵمانیا

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*