سەرەکی » ئاراستە » شەهید ئاسۆی حاجی كەریم گوڵی بەفر

شەهید ئاسۆی حاجی كەریم گوڵی بەفر

ئازاد سه‌راوی

لە نێو گوڵەكانی چیاو گوڵەكانی پێ دەشتی ڕۆح و دڵی من، تەنها لە گوڵی بەفر ئەچیت، لەنێو ئینجانەی دڵی من هەرلە گوڵی شەستپەڕ دەچیت، سەرت سپی و بەفری زستانت پۆشیوە، تۆ شڵێوەو بەفری تازەی یەكەم نۆبەرەی زستانی كوردەواریت دنیات بە بەفر تەنیوە.
لە قاسپەی كەوی نسارو لە چرپەی وەرینی گەڵای پایزێكی گوێ ڕوبارو لە هاڕەو خزینی گەڵایەكی بن بنارو لە گوڵ خونچەیەكی بەهارو لە جریوەی مەلی سەرچڵێكی دارو لە دەنگی هۆرەو قەتارو لە تریفەی مانگە شەوی ئاسمانێكی ساماڵ و لە كزەی شەوێكی تارو لە سپێدەی وەرزی بەفارانباری ساڵ و لە شنەی فێنكی شەماڵ و لە كڕێوەی دەم باڕێزەو لە بەرسیلەی گوڵی دار مێوێكی تەڕو لە نیگای نێو زەردەپەڕ و لە قۆخێكی دەم پایزەی ڕەزی قۆخان، لە سێوە لاسورەیەكی رەزی سێوكان، یان دەنگی پڕ سۆزو تارو، لە لەنجەو لاری درەختێكی باڵابەرزو لە ناڵە ناڵی باڵەبان، لە هەمو ئەوانە دەچیت.
كەباڵات كرد هێشتا مەیلت هیچ عیشقێكی نەناسی بوو، تۆ یەكەم جار دڵت بە كوردستان بەخشی، ئەوت كردە دڵگیری خۆت، تۆ بەباڵا بچكۆلە بویت شاخ و بێدەشت هەتا بەرزترین لوتكەش پێدەكەنی و لێوانی خەندەی دەكرد بۆت، تۆ هێشتاكە گوڵی باخچەو پەرژینی كێڵگەو مەزرابویت، كەچی چەك و فیشەكدانت لە جیاتی گوڵ و ڕیحانە دابوو لە خۆت، تۆ هەر بەڕاستی ئاسۆ بویت، لە دەم كەلدا ئاسۆ دەر دەكەوت بۆت.
رۆژان ڕۆیشت و هاتوو ، وڵاتیش هەر كش و مات و، پڕاو پڕ لە بەسەرهات و لە رۆژی شوم و نەهات و لە (ڕووداو)و كارەسات و لەشەوی تاریكە شەوو لەڕێگەی هات و نەهات و لە هات و هاواری ڕۆڵەی باوك كوژراو لە ڕێگەی سەختی بەرگری و لە بەگژا چونەوەی جەهل و شەمشەمە كوێرەی وڵات و، لە ئاهو ناڵەی دایكانی جگەر سوتاو، لە منداڵی بێناز كەوتوی ڕێی قات و قڕی وڵات و، لە ئافات بوو
تۆ ڕێگەی خۆرت هەڵبژارد، بویت بە هاودەمی خۆرە تاو، تۆ بەرەو ڕوناكی ڕوانیت هەنگاوت نا هەنگاو هەنگاو، تا گەیشتیتە دوا پلەو لوتكەی سەر كەشی، تۆ ئێستاكە گوڵێكی هەمیشە سور و خوێنێكی هەمیشە گەشی، نیشتمانێكی بەش بەشی، لە دوای كۆچت زۆر پرسەی خەممان بۆ گێڕای، بە چاوی پڕ ئاواتەوە بەردەوام چاومان بۆ گێڕای، بەڵكو جارێك، بەیانیەك ، یان دەمەو خۆر ئاوا بونێك، لەكەل دەركەوی و ئاوا بیت، تۆ هەمیشە مەشخەڵێكی داگیر ساوی، هەتاكو كوردستان مابێت تۆ تاڵە تیشكی هەتاوی، لە سەر لوتكەو دوندی گمۆ، وەكو وێنەی پاڵە وانێك، هەڵواسراوی.
ڕەزی قۆخان، بەگۆچانی تولە ڕێیەك دەستت دەگرێ‌ و دەتباتەوە بەردەسپێ و هاوینە هەواری بوكان، لەوێشەوە بەرەو گمۆو خۆڵە پەتە، بەكانی كۆلكە ڕەشەدا دەتبەنەوە ناو شاناخسێ‌ و نۆدێی ئالان، ئەو ڕێگا سەخت و هەورازە چەند كوڕو ئاڵوز و تاقەت پڕوكێن بێ، بەڵام دواتر بو بەڕێگای كۆڵنەدان و بە كەشكۆڵێك لە چیرۆك و چەپكە تیشكێك لە دیرۆك و نامیلكەیەك لە تێكۆشان.
ئاسۆ، لێرەوە دەركەوت، بەسەر پشتی ئەو هەورازە كوڕو سەختەدا سەركەوت، لێرە وانەی خەبات فێربوو، هەر لێرەوە دەستی لەسەر پەلەپیتكە و چاوی لە سیرەی تفەنگ و جموجۆڵی داگیركەر بوو.
هەندێك جاران كە خەیاڵ هەڵم دەگرێت و دەم باتەوە ڕەزی قۆخان هەمو جارێك تۆ خانە خوێ و منیش دەبمەوە بە میوان، تاكو درەنگانێكی شەو تا ئەو دەمەی وەنەوز دەمباتەوە چاو لە چاوان دادەنیشین، چا دەم دەكەین جگەرەیەكیش دەكێشین، هەندێك جاران بێ دەنگ دەبین چاو دەبڕینە ئاسمانی شین، ئاسمانی ئەو ئەستێرانەی تا درەنگان نەمن جوڵەم بۆ دەكرد و نەئەویش چاوی دەتروكان، ئیتر هێندەمان دەزانی چاوەكانمان چونەتە خەو، شەوی درێژ دەیسپاردین بەبەربەیان، ئەوە لە خەیاڵم دابوو ئاسۆگیان.
بنو كاكە، تۆدەمێكە سەرت بە خاك سپاردووە، كەچی نیشتمان تا ئیستەش هەر خوێناوی لێ دەچۆڕێت، بن و كاكە تۆ سەردەمێك شەڕی جەهل و تاریكیت كرد ئێستا شەڕ هەر بەردەوامە لە نێوان جەهل و ڕوناكی، بەڵام لە هەموو سەنگەرێ‌ هەر جەهل و شەمشەمە كوێرەیە دەدۆڕێن و تێكدەشكێن و هەڵدەوەرن، نیشتمانیش هەر خوێناوی لێ دەچۆڕێت، هێندەی نەماوە سەركەوێ‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*