سەرەکی » ئابووری » ״هەر شوێنێك نرخ بەرز بكاتەوە دادەخرێت״

״هەر شوێنێك نرخ بەرز بكاتەوە دادەخرێت״

قائیمقامی سلێمانی دڵنیایی تەواو دەداتە هاووڵاتیانی شاری سلێمانی كە بڕی پێویست كاڵاو شمەك و سوتەمەنی لە كۆگاكاندا عەمبار كراون و هیچ هۆكارێك نییە ترس و نیگەرانی دروست بكات.
ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند: لە كۆگاكانی شاری سلێمانی بڕی پێویست كاڵاو شمەك و سوتەمەنی لە كۆگاكاندا عەمبار كراون و هیچ هۆكارێك نییە ترس و نیگەرانی و بەرزبوونەوەی نرخ دروست بكات.
وتیشی: «هاوردەكردنی سوتەمەنی بۆ شاری سلێمانی سود لەیەك سەرچاوە نەبینراوە، بەڵكو له ‌چەندین سەرچاوەوە سوتەمەنی رەوانەی شاری سلێمانی و هەرێمی كوردستان دەكرێت».
راشیگەیاند: نرخی كاڵاو شمەكەكان و سوتەمەنی وەك خۆیەتی و لەلایەن هیچ كەس و شوێنێكەوە نرخی بەرز نەكردۆتەوه، لیژنەكانی قائیمقامیەت لە بازاڕ و وێستگەكانی سوتەمەنی بەدواداچوون دەكەن هەر شوێنێكیش نرخ بەرز بكاتەوە روبەڕوی رێكاریی یاسایی دەكرێتەوە.
قائیمقامی سلێمانی داوا لە هاووڵاتیانی شارەكەی دەكات، لە هەر شوێنێك بەرزبوونەوەی نرخیان بینی ئاگادارمان بكەنەوە، لەڕێگەی لیژنەكانی قائیمقامیەتەوە بەدواداچونی بۆ دەكرێت و ئەو شوێنە روبەڕوی داخستن و خاوەنەكەشی روبەڕوی سزای یاسایی دەكەینەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*