سەرەکی » راپۆرت » جه‌سته‌ی‌ ماڵی‌ كۆرۆنا‌و ئیبۆلا‌و سارسه‌

خۆی‌ نه‌خۆش ناكه‌وێ

جه‌سته‌ی‌ ماڵی‌ كۆرۆنا‌و ئیبۆلا‌و سارسه‌

و: كوردستانی‌ نوێ

سه‌رجه‌م كه‌ناڵه‌ میدیاییه‌كان كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ په‌تای‌ نوێی‌ به‌ربڵاوو مه‌ترسیداری‌ ئه‌م جاره‌ی‌ سه‌ر زه‌وی‌ له‌ چینه‌وه‌ سه‌ری‌ هه‌ڵدا، به‌ تایبه‌تیش بۆ یه‌كه‌مجار له‌ شاری‌ وو هانی‌ چینه‌وه‌ سه‌ری‌ هه‌ڵدا، په‌تاكه‌ به‌رده‌وامه‌ له‌ ته‌شه‌نه‌ كردن ‌و تا ئێستا كۆنترۆڵ نه‌كراوه‌، به‌ڵام توێژینه‌وه‌كانیش بۆ هۆكاری‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ ئه‌م په‌تایه‌ به‌رده‌وامه‌‌و زاناكان نزیك بوونه‌ته‌وه‌ له‌وه‌ی‌ هۆكاره‌ بنچینه‌ییه‌كه‌ی‌ بدۆزنه‌وه‌، تا ئێستاش به‌ڵگه‌كان ئاماژه‌ بۆ شه‌مشه‌كوێره‌ ده‌كه‌ن وه‌ك یه‌كه‌م هه‌ڵگری‌ ڤایرۆسی‌ كۆرۆنا.
له‌ راپۆرتێكی‌ رۆژنامه‌ی‌ نیویۆرك تایمزی‌ ئه‌مریكادا پیته‌ر داسزاك سه‌رۆكی‌ رێكخراوی‌ ئیكۆ هێڵسی‌ ئه‌مریكی‌ كه‌ 15 ساڵ له‌ چین كاری‌ له‌سه‌ر ئه‌و نه‌خۆشیانه‌ كردووه‌ كه‌ له‌ رێگه‌ی‌ ئاژه‌ڵه‌وه‌ ده‌گوازرێنه‌وه‌ بۆ مرۆڤ، ئه‌م پسپۆڕه‌ ده‌ڵێت: هێشتا سه‌رچاوه‌ی‌ ڤایرۆسه‌كه‌مان به‌ ته‌واوی‌ بۆ ده‌رنه‌كه‌وتووه‌، به‌ڵام به‌ڵگه‌ی‌ زۆر به‌هێز له‌به‌رده‌ستدایه‌ ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ شه‌مشه‌مه‌كوێره‌ سه‌رچاوه‌ ‌و هۆكاری‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ ڤایرۆسی‌ كۆرۆنا بێت. ئه‌گه‌ری‌ زۆریش سه‌رچاوه‌كه‌ی‌ شه‌مشه‌مه‌كوێره‌ی‌ جۆری‌ ناڵی‌ ئه‌سپ بێت، كه‌ جۆرێكی‌ ناسراوه‌ له‌ شه‌مشه‌مه‌كوێره‌كان‌و كێشه‌كه‌ی‌ ده‌گاته‌ 28 گرام. ئه‌گه‌ر ئه‌م بۆچوونه‌ راست ده‌ربچێت، ئه‌وا ڤایرۆسی‌ كۆرۆناش ده‌چێته‌ ریزی‌ هه‌موو ئه‌و ڤایرۆسه‌ زۆر‌و زه‌وه‌ندانه‌ی‌ كه‌ شه‌مشه‌مه‌كوێره‌ هه‌ڵگریانه‌.
شه‌مشه‌مه‌كوێره‌ به‌وه‌ ناسراوه‌ كه‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆر ڤایرۆس له‌ جسته‌یدایه‌ بێئه‌وه‌ی‌ خۆی‌ تووشی‌ نه‌خۆشیی بێت، له‌ راستیدا جه‌سته‌ی‌ شه‌مشه‌مه‌كوێره‌ عه‌مبار ‌و ماڵی‌ سروشتی‌ كۆمه‌ڵێكی‌ زۆر ڤایرۆسه‌ له‌وانه‌، ماربۆرگ، هینیبا، هیندرا، ئیبۆلا كه‌ ئه‌مانه‌ پێشتر بوونه‌ته‌ هۆی‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ په‌تا چه‌ند وڵاتێكی‌ ئه‌فریقا ‌و مالیزیا ‌و به‌نگلادیش ‌و ئوسترالیا، هه‌روه‌ها هه‌ڵگری‌ ڤایرۆسی‌ هاریی سه‌گیشه‌، به‌ڵام ئه‌م ڤایرۆسه‌یان كار ده‌كاته‌ سه‌ر خۆیشی‌. ئه‌وه‌ی‌ جێگه‌ی‌ سه‌رنجه‌ لای‌ زاناكان توانای‌ شه‌مشه‌مه‌كوێره‌یه‌ له‌ به‌رگه‌گرتنی‌ ئه‌و هه‌موو ڤایرۆسه‌ی‌ هه‌یه‌ ‌و ئه‌وه‌ش تایبه‌تمه‌ندییه‌كه‌ له‌ هه‌موو شیرده‌ره‌كانی‌ دیكه‌ی‌ جیا ده‌كاته‌وه‌.
له‌ ناو هه‌موو شیرده‌ره‌كاندا شه‌مشه‌مه‌كوێره‌ تاكه‌ شیرده‌ره‌ كه‌ توانای‌ فڕینی‌ هه‌بێت، ساڵانه‌ش چه‌ندان تۆن مێرووی‌ جۆراجۆر ده‌خوات كه‌ ئه‌وانیش هه‌ڵگری‌ نه‌خۆشیی جۆراوجۆرن، جگه‌ له‌وه‌ شه‌مشه‌مه‌كوێره‌ بوونه‌وه‌رێكی‌ پێویسته‌ بۆ پیتاندنی‌ گوڵی‌ زۆر له‌ میوه‌كان وه‌ك مۆز‌و ئه‌ڤۆكادۆ‌و مانگۆ، تایبه‌تمه‌ندییه‌كی‌ دیكه‌ی‌ شه‌مشه‌مه‌كوێره‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌ خێزانێكی‌ فره‌ چه‌شن‌و فره‌ جۆره‌ كه‌ به‌ ته‌نیا خۆی‌ یه‌ك له‌سه‌ر چواری‌ سه‌رجه‌م شیرده‌ره‌كانی‌ سه‌ر زه‌وی‌ پێك ده‌هێنێت. توانای‌ به‌رگه‌گرتنی‌ به‌رامبه‌ر به‌و هه‌موو ڤایرۆسه‌ بۆ خۆی‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كی‌ باشه‌‌و هیچ كێشه‌یه‌كی‌ بۆ دروست ناكات، به‌ڵام كێشه‌كه‌ بۆ مرۆڤ دروست ده‌كات، چونكه‌ هه‌ر ئان‌و ساتێك ئه‌گه‌ری‌ هه‌یه‌ ڤایرۆسه‌كانی‌ جه‌سته‌ی‌ بگوازرێته‌وه‌ بۆ مرۆڤ، به‌ تایبه‌ت كاتێك مرۆڤ بۆ خواردن به‌كاری‌ بهێنێت، یان لێی‌ نزیك بێته‌وه‌‌و له‌ بازاڕی‌ كڕین‌و فرۆشی‌ ئاژه‌ڵاندا مامه‌ڵه‌ی‌ پێوه‌ بكات.
توانای‌ به‌رگه‌گرتنی‌ بۆ ئه‌و هه‌موو ڤایرۆسه‌ بێ ئه‌وه‌ی‌ خۆی‌ تووشی‌ هیچ نه‌خۆشییه‌ك بێت، ساڵانێكی‌ زۆر جێگه‌ی‌ پرسیار‌و سه‌رسوڕمانی‌ زاناكان بووه‌، بۆ وه‌ڵامی‌ ئه‌و پرسیاره‌ش توێژینه‌وه‌ تازه‌كان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ نهێنی‌ به‌رگه‌گرتنی‌ بۆ ڤایرۆس په‌یوه‌ندی‌ به‌ په‌ره‌پێدانی‌ توانای‌ فڕینه‌كه‌یه‌وه‌ هه‌یه‌، بابه‌ته‌كه‌ وه‌ك زاناكانی‌ چین‌و سه‌نگافۆره‌ لێیان كۆڵیوه‌ته‌وه‌، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ په‌ره‌سه‌ندنی‌ (DNA)ی‌ تایبه‌ت به‌ شه‌مشه‌مه‌كوێره‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ فڕین توانا‌و وزه‌یه‌كی‌ زۆری‌ ده‌وێ، تا ئه‌و راده‌یه‌ی‌ هه‌ندێك له‌ خانه‌كانی‌ جه‌سته‌ی‌ فڕنده‌كه‌ تێك ده‌شكێن‌و (DNA)یه‌كه‌ی‌ پارچه‌ی لێ ده‌بێته‌وه‌‌و په‌رش‌و بڵاو ده‌بێت‌و ده‌گاته‌ هه‌ندێك جێ كه‌ نه‌ده‌بوو بگات، شه‌مشه‌كوێره‌ش وه‌ك شیرده‌رێكی‌ فڕنده‌ توانای‌ ناسینه‌وه‌ی‌ ئه‌و به‌ش‌و پارچانه‌ی‌ (DNA)یه‌ په‌رش‌و بڵاوه‌كانی‌ هه‌یه‌‌و ده‌توانێ كاردانه‌وه‌ی‌ هه‌بێت له‌گه‌ڵیاندا، ره‌نگه‌ هه‌ر ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌ك بێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌م بوونه‌وه‌ره‌ هۆكاری‌ نه‌خۆشییه‌كانه‌.
زاناكان هه‌ر به‌وه‌نده‌وه‌ نه‌وه‌ستاون، به‌ڵكو پێیان وایه‌ ره‌نگه‌ په‌ره‌سه‌ندنی‌ شه‌مشه‌مه‌كوێره‌كان ئه‌و سیستمی‌ كاردانه‌وه‌یه‌ی‌ لاواز كردبێت، به‌هۆی‌ ئه‌وه‌شه‌وه‌ له‌ كاتی‌ شه‌ڕی‌ جه‌سته‌ له‌گه‌ڵ ڤایرۆسه‌كاندا، هه‌وكردن سه‌ر هه‌ڵده‌دات. شه‌مشه‌مه‌كوێره‌كان هه‌ندێك له‌و (DNA)یانه‌یان ون كردووه‌ كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ كاردانه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ڤایرۆسه‌كان، ئه‌وه‌ش شتێكی‌ سروشتییه‌ چونكه‌ هه‌وكردن جه‌سته‌ وێران ده‌كات، به‌ واتایه‌كی‌ دیكه‌، ئێستا شه‌مشه‌مه‌كوێره‌كان توانای‌ كاردانه‌وه‌یان لاوازتر بووه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ڤایرۆسه‌كان، به‌ڵام به‌ ته‌واوه‌تی‌ توانایان له‌ده‌ست نه‌داوه‌. زاناكان ده‌ڵێن: ره‌نگه‌ كاردانه‌وه‌ی‌ لاوازتر باشتر بێت بۆ راگرتنی‌ هاوسه‌نگی‌ تا كاردانه‌وه‌ی‌ كارا.
گومان له‌وه‌دا نییه‌ كه‌ چۆنێتی‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ ‌و كۆنترۆڵ كردنی‌ ڤایرۆسه‌كه‌، كه‌ به‌ ڤایرۆسی‌ كۆرۆنای‌ نوێی‌ 2019 ناسراوه‌، بابه‌تێكی‌ گرنگه‌، به‌ڵام شوێنپێ هه‌ڵگرتنی‌ سه‌رچاوه‌ی‌ ڤایرۆسه‌كه‌‌و دۆزینه‌وه‌ی‌ چاره‌سه‌ری‌ گونجاو بۆ كه‌مكردنه‌وه‌‌و نه‌هێشتنی‌ له‌ داهاتوودا ئه‌مانه‌ هه‌مووی‌ له‌ ورده‌كاریدا پشت به‌ لێكۆڵینه‌وه‌‌و چاودێری‌ كردنی‌ شه‌مشه‌مه‌كوێره‌كان ده‌به‌ستێ.
شه‌مشه‌مه‌كوێره‌ ئاژه‌ڵێك یاخود فڕنده‌یه‌كی‌ شیرده‌ره‌ ‌و یه‌ك له‌سه‌ر چواری‌ هه‌موو شیرده‌ره‌كانی‌ سه‌ر زه‌وی‌ پێك ده‌هێنێت، له‌ كاتێكدا كرتێنه‌ره‌كان به‌ هه‌موو جۆره‌كانیانه‌وه‌ 50%ی‌ شیرده‌كانی‌ سه‌ر زه‌وی‌ پێك ده‌هێنن‌و ئه‌وی‌ دیكه‌ش كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ به‌ر ئێمه‌ی‌ مرۆڤ ده‌كه‌وێت. شه‌مشه‌مه‌كوێره‌ له‌ هه‌موو شوێنێكی‌ ئه‌م سه‌ر زه‌مینه‌ ده‌ژین جگه‌ له‌ جه‌مسه‌ری‌ باشوور، له‌ زۆربه‌ی‌ شوێنه‌كانیش له‌ نزیكی‌ مرۆڤ‌و له‌ كێڵگه‌كان‌و ناوچه‌ كشتوكاڵییه‌كان ده‌ژین، توانای‌ فڕینیش ده‌رفه‌تیان ده‌داتێ بۆ دوورترین مه‌ودا بڕۆن‌و ڤایرۆس بڵاو بكه‌نه‌وه‌، له‌ هه‌ندێك شوێنی‌ ئه‌م جیهانه‌دا مرۆڤ گۆشتی‌ شه‌مشه‌مه‌كوێره‌ ده‌خوات ‌و له‌ بازاڕی‌ سامانی‌ ئاژه‌ڵه‌ زیندووه‌كان كڕین ‌و فرۆشی‌ پێوه‌ ده‌كرێت، هه‌ر ئه‌و بازاڕه‌ی‌ رۆژگارێك سه‌رچاوه‌ی‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ نه‌خۆشی‌ سارس بوو، زۆرینه‌ی‌ بۆچوونه‌كانیش پێیان وایه‌ هه‌ر ئه‌و بازاڕه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ كۆرۆنا بێت.
هۆكارێكی‌ دیكه‌ی‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ ڤایرۆسه‌كان به‌ خێراییه‌كی‌ زۆر، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ شه‌مشه‌مه‌كوێره‌كان به‌ كۆمه‌ڵ له‌ ئه‌شكه‌وته‌كاندا ده‌ژین، كۆبوونه‌وه‌ی‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆر شه‌مشه‌مه‌كوێره‌ له‌ یه‌ك شوێن وا ده‌كات به‌ ئاسانی‌ ڤایرۆسه‌كه‌ له‌ نێوان خۆیاندا بگوازرێته‌وه‌. ئه‌وه‌ی‌ جێی‌ سه‌رنجه‌ شه‌مشه‌مه‌كوێره‌ نه‌ك هه‌ر سه‌لامه‌ته‌ به‌رامبه‌ر به‌ ڤایرۆسه‌كان، بگره‌ به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵه‌ شیرده‌ره‌ بچووكه‌كاندا ته‌مه‌نێكی‌ درێژیشی‌ هه‌یه‌، شه‌مشه‌كوێره‌ی‌ قاوه‌یی كه‌ له‌ ئه‌مریكا ده‌ژی‌ نزیكه‌ی‌ 20 ساڵ ده‌ژی‌، هه‌ندێك جۆری‌ دیكه‌یان نزیكه‌ی‌ 40 ساڵ ده‌ژین‌و شه‌مشمه‌كوێره‌یه‌كی‌ بچووك له‌ سیبریا 41 ساڵ ژیاوه‌، ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ شیرده‌رێكی‌ وه‌ك مشك كه‌ هاوشێوه‌‌و هاوقه‌باره‌ی‌ شه‌مشه‌مه‌كوێره‌یه‌ ته‌نیا دوو ساڵ ده‌ژی‌.

عربی‌ بوست

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*