سەرەکی » وتار » د.ئه‌رسه‌لان بايز‌ » د.مەجدی ناچێتە بەهەشت

کـــۆڵـــەپـشـــــت

د.مەجدی ناچێتە بەهەشت

(81)

(دكتۆر مەجدی یەعقوب)، پرۆفیسۆری بەناوبانگی وڵاتی میسر، لەو چەند ڕۆژانەی ڕابردوودا لە وڵاتی بەحرین خەڵاتی (عیسا)ی پێ بەخشرا كە تایبەتە بە كاری خزمەتگوزاری مرۆڤ. ئەو دكتۆرە لە وڵاتی بەریتانیا پێیدەڵێن (مەلیكی دڵ) چونكە زیاتر لە بیست هەزار عەمەلیاتی دڵی بۆ مرۆڤە هەمە نەتەوەو ڕەنگ و هەمە جۆری دنیا كردووە.
ئەو دكتۆرە كڵاڤەیەكە لەكاری خزمەتگوزاری مرۆڤایەتی. بە تایبەتی لە ڕێگای دامەزراوەی (مەجدی یەعقوب) بۆ لێكۆڵینەوە لە بواری نەخۆشی دڵ، یان لە ڕێگای (ناوەندی جیهانیی دڵ لە شاری ئەسوان). ئەو دامەزاروو ناوەندە چارەسەری خۆڕاییان بۆ هەزاران هەژاری تووش بووی نەخۆشی دڵ كردووە لە میسر. جیا لەو دامەزراوە خێرخوازییانەی لە بەریتانیا دایمەزراندووە. ئینجا ئەو دەسكەوت و داهێنانە زانستیە گەورانەی لە بواری چارەسەركردنی نەخۆشی دڵ دایهێناون. بەتایبەتی بۆ چارەسەركردنی زمانەی دڵ لە ڕێگای بەكارهێنانی (الخلایا الجزعیە).
دیارە ئەو هەموو داهێنان و خزمەتگوزارییە دادی ئەو دكتۆرەی نەداوە، تاكو ببێتە پیاوێكی لەخوا نزیك، بۆیە (عەبدوڵڵا ڕوشدی) وەك گەنجێكی بەناو زانای ئیسلامی لە میسر دەڵێ‌: (بەهەشت تەنیا بۆ موسڵمانانە) كەواتە (د.مەجدی یەعقوب) ئەگەر لەسەر ئاینی كریستیان بەردەوام بێت و نەبێتە موسڵمان ناچێتە بەهەشت بەڵكو دەچێتە ناو ئاگر. لەڕاستیدا هیچ مرۆڤێك نازانێ‌ كێ‌ لەخوا نزیكەو دەچێتە بەهەشت. یان كێ دەچێتە ناو ئاگر. چونكە خوا (أرحم الراحمین)ە هەر خۆی دەزانێ‌ كێ‌ شایستە بە بەهەشت و كێش دەچێتە ناو ئاگر. نابێ‌ ئەو ڕاستیەش لەیاد بكەین ئەو مرۆڤانەی وەكو (دكتۆر مەجدی یەعقوب) كە هەموو ژیانی خۆیان بۆ بواری زانست و خزمەتگوزاری مرۆڤایەتی تەرخان كردووە نزیكترین كەسن بۆ ئامانجی ئیمانداری، ئەی (محەمەد) پێغەمبەرو خۆشەویستی خوا (س.خ) نەیفەرمووە (خیر الناس انفعهم للناس) واتە: باشترین كەس ئەوانەن كە سوود بە خەڵك دەگەیەنن و خزمەتی كەسەكان دەكەن. ئەی نازانم ئەو گەنجە بەناو زانای موسڵمانە چۆن ئەو هەقەی بەخۆیدا لە جیاتی خوای مەزن خەڵك ڕەوانەی بەهەشت یان ناو ئاگر بكات..؟!! ئایا دەكرێ‌ هەركەسەو چوار كتێبی ئایینی خوێندەوەو تەنكە ڕیشێكی هێشتەوەو چووە سەر (منبر) هەروا لەخۆیەوە فتوا بدات..؟! ئەم بخاتە بەهەشت و ئەویتر ڕەوانەی دۆزەخ بكات..؟!
(میرزا الخویلدی) لە ڕۆژنامەی شرق الاوسط وای نووسیبوو.
(لێرەوەش بەندە جارێكی تر دەگەڕێمەوە سەر كتێبەكەی زانای گەورەی ئاینی ئیسلام و زانست «عەبدولكەریم سروش» كە دەڵێ‌: چەند ڕێگایەكی ڕاست هەیە بۆ لەخوا نزیك بوون و چوونە بەهەشت نەك هەر تەنیا یەك ڕێگا).
*لەو چەند ڕۆژەی ڕابردوودا یەكێ‌ لە مامۆستا ئاینیەكان لە بارەی (كۆڕونا)وە قسەی دەكردو دەیوت: (پێم سەیرە خەڵك لە كۆڕونا دەترسێ‌. چونكە ئەگەر ڕۆژی مردنت هات. هەرگیز دوا ناكەوێت).
لەلایەكەوە قسەی ئەو مامۆستایە ڕاستە كە ئەجەل هات ناگەڕێتەوە. بەڵام ئەمە مانای ئەوە نیە مرۆڤی موسڵمان خۆی نەپارێزێ‌ چونكە موسڵمانەو ڤایرۆسەكە زەفەری پێ نابات. ئەی نەوتراوە (خۆ پاراستن لە چارەسەر باشترە) ئەو ڤایرۆسە موسڵمان و كریستیان و، جولەكەو بوزی ناناسێت. لەهەر شوینێك زەمینەی بۆ بسازێ‌ بەمرۆڤەوە دەنوسێ‌. هیچ ئاینێك وەكو ئاین ڕێگر نیە لە تووش بوون یان تووش نەبوون بەو نەخۆشیە.

print

 113 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*