سەرەکی » دۆسێ » روسیا هەوڵەكانی بۆ چارەسەركردنی رەوشی ئیدلب دەخاتەگەڕ

لەگەڵ ئێران و توركیا كۆدەبێتەوە

روسیا هەوڵەكانی بۆ چارەسەركردنی رەوشی ئیدلب دەخاتەگەڕ

كۆشكی سەرۆكایەتی روسیا (كرملین) رایدەگەیەنێت، هەوڵەكانیان بۆ رێكخستنی كۆبونەوەیەكی لوتكە لەگەڵ ئێران و توركیا دەخەنەگەڕ، بەڵام هیچ پلانێكیان بۆ ئەنجامدانی كۆبونەوەی لوتكەیی چوارقۆڵی (فەرەنسا، ئەڵمانیا، توركیا و روسیا) لەبارەی رەوشی ئیدلبەوە دانەناوە.
دیمیتری پیسكۆڤ، وتەبێژی كۆشكی سەرۆكایەتی روسیا (كرملین) لە 25ی شوباتی 2020 لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو، «هیچ پەیوەندییەك لەنێوان ڤلادیمێر پوتین، سەرۆكی روسیا و هاوتا توركییەكەی رەجەب تەیب ئەردۆگاندا نییە بۆ ئەنجامدانی كۆبونەوەی دو قۆڵی لەبارەی رەوشی ئیدلیبەوە، بەڵام رێككەوتون لەسەر كۆبونەوەی فرەلایەن بە بەشداری ئێران».
هەر لەبارەی كۆبونەوەی لوتكەیی چوارقۆڵی (فەرەنسا، ئەڵمانیا، توركیا و روسیا )لەبارەی رەوشی ئیدلب پیسكۆڤ دەڵێت، «هیچ ئامادەكارییەكمان لەو بارەیەوە ئەنجامنەداوە، تەنها رێككەوتون بۆ ئەنجامدانی كۆبونەوەی لوتكەی لەگەڵ ئێران وتوركیادا».
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا لەمیانەی كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا لە ئەنقەرە لە 25ی شوباتی 2020 و بەر لە بەڕێكەوتنی بۆ ئازربایجان رایگەیاندبوو، «هێشتا رێكنەكەوتوین لەسەر ئەنجامدانی كۆبونەوی چوارقۆڵی لەگەڵ فڕەنسا، ئەڵمانیا و روسیا لە پێنجی مانگی داهاتو، بەڵام لەو بەروارەدا چاوم بە ڤلادیمێر پوتین، سەرۆكی روسیا دەكەوێت».
لە 26ی شوباتی 2020 وەفدێكی روسیا سەردانی توركیای كرد و لەگەڵ بەرپرسانی توركیا لەبارەی رەوشی ئیدلبەوە گفتووگۆیان كرد.
ماوەی سێ مانگە سوپای سوریا هێرشی ئاسمانی و زەمینی بۆ ناوچەكانی دەروبەری پارێزگەی ئیدلب و حەلەب دەستپێكردووە، كە بۆ ماوەی حەوت ساڵە لەلایەن گروپە چەكدارەكانەوە كۆنتڕۆڵكراوە، بەهۆیەشەوە نزیكەی ملیۆنێك هاوڵاتی ئاوارەبوون كە زۆربەیان ژن و منداڵن.
بەهۆی كوژرانی 16 سەربازی توركیا لە ئیدلب لەسەرەتای شوباتی 2020، تا ئێستا سوپای توركیا دوو هەزار و 700 ئوتومبێلی سەربازی و بارهەڵگر و ئامێری جەنگی رەوانەی پارێزگای ئیدلب كردووە، ژمارەی سەربازانی خۆی لەخاڵە چاودێرییەكانی ئەو پارێزگەیەش گەیاندۆتە حەوت هەزار و 400 سەرباز.
هەر لەبارەی رەوشی ئیدلب وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ئەمریكا رایگەیاندبوو، رەوشی مرۆیی لە ئیدلب «كارەساتبارە»، داواشی لەروسیا و ئێران كردبوو ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی لە پارێزەگەكەدا بپارێزن.
مۆرگان ئۆرتاگۆس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەمیانی چاوپێكەوتنێكدا لەكەڵ كەناڵی (العربیە) رایگەیاندبوو، «لەسەر ئەم هەسارەیە هیچ شتێك هێندەی ئەو كارەی كە سوپای ئەسەد لە ئیدلب ئەنجامی دەدات دزێوتر نییە، پێویستە روسیا و ئێران بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی مەدەنی ئەو پارێزگەیە بەزوترین كات بۆردومانەكانی ئەسەد بوەستێنن».
بە گوتەی ئۆرتاگۆس» واشنتۆن بەردەوام لە پەیوەندیدا دەبێت لەگەڵ نەتەوەیە كگرتوەكان و توركیا و روسیا، بۆ چارەسەركردنی تەنگژەكانی لە ئیدلب».
لە 25ی كانوونی دووەمی 2020 تا ئێستا هێزەكانی سوپای سوریا كە لەلایەن روسیاوە پاڵپشتی دەكرێن، هێرشە زەمینی و ئاسمانییەكانی بۆ سەر پارێزگای ئیدلب لە باكوری سوریا چڕتركردۆتەوە، بەهۆی ئەو هێرشانەشەوە، هەزاران هاووڵاتی ئەو پارێزگەیە ناچاربون ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهڵن و بەرەو سنورەكانی توركیا هەڵبێن.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەڵێت»لە ماوەی چەندان ساڵی رابردوو تەنگژەكانی سوریا، واشنتۆن بەردەوام رایگەیاندووە كە هەرگیز كێشەكان بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی چارەسەرناكرێن، «پێویستیان بە دانوستان و بڕیاری سیاسییە بۆ كۆتایهێنان بەو جەنگەی كە بەهۆیەوە خراپترین قەیرانی مرۆیی لەجیهاندا دروستبووە».
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا لە 24ی شوباتی 2020 لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو، «لەئێستادا ئەنقەرە و مۆسكۆ ئامادەكاری دەكەن بۆ ئەنجامدانی قۆناغێكی دیكەی گفتوگۆ و دانوستان دەربارەی رەوشی ئیدلبب».
بە وتەی لاڤرۆڤ، روسیا هیواخوازە لە دانوستانەكانی داهاتوودا لەگەڵ توركیا، بگەن بە رێككەوتن لەبارەی چۆنیەتی كەمركردنەوەی ئاڵۆزییەكانی ئیدلب، تا بەر بە خواستی گروپە چەكدارەكان لەو ناوچەیەدا بگیرێت.
لاڤرۆڤ دەڵێت،» پێویستە سوپای روسیا و توركیا بەردەوامبن لە پەیوەندییە سەربازی و ئەمنییەكانی نێوانیان و بگەن بە رێككەوتنێك بۆ ئەوەی پارێزگەی ئیدلب لەگروپە چەكدارە تیرۆرستەكان پاكبكەنەوە، پێویستە ئەو گروپانە بەهیچ جۆرێك بونیان لەو ناوچەیەدا نەمێنێت».
لە 25ی كانوونی دووەمی رابردوەوە تا ئێستا سوپای سوریا كە لەلایەن روسیاوە پاڵپشتی دەكرێت، هێرشە زەمینی و ئاسمانییەكانی بۆ سەر پارێزگەی ئیدلب لە باكووری سوریا چڕتركردوەتەوە، كە توركیا 12 خاڵی چاودێری لەو پارێزگەیەدا هەیە، بەهۆی بۆردومانەكانیشەوە، هەزاران هاووڵاتی ئەو پارێزگەیە ناچاربوون ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن و بەرەو سنورەكانی توركیا هەڵبێن، لەماوەی مانگی شوباتی رابردووش 16 سەربازی توركیا لە ئیدلب كوژران.
ئەمە لەكاتێكدایە كە روانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ لە 24ی شوباتی 2020 لەزاری سەرچاوە ناوخۆییەكانی سوریاوە بڵاویكردبۆوە، كاروانێكی تری سەربازی كە لە 80 ئامێری سەربازی قورس پێكهاتبوو لە دەروازەی سنوری كەفر وسینەوە هاتونەتە ئیدلب.
لەسەرەتای مانگی شوباتی رابرووەوە تا ئێستا سوپای توركیا دوو هەزار و 700 ئوتومبێلی سەربازی و بارهەڵگر و ئامێری جەنگی رەوانەی پارێزگای ئیدلب كردووە، ژمارەی سەربازەكانیشی لەخاڵە چاودێرییەكانی ئەو پارێزگەیە گەیاندۆتە حەوت هەزار و 400 سەرباز.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*