سەرەکی » ئابووری » توندوتیژی ئابووریی دژی ژنان

توندوتیژی ئابووریی دژی ژنان

پ.ی. د.ئەیوب ئەنوەر حەمەد سماقەیی

پێشەكی
ئامانجەكانی پلانی پەرەپێدانی بەردەوام بۆ ساڵی 2030 پێكدێت لە (17)، ئامانج لە ئامانجی ژمارە (5) باس لەدەستەبەركردنی یەكسانی دەكات لەنێوان هەردوو رەگەزەكە و تواناداركرنی ژنان‌و كچان لەڕێگای (9) میكانیزم، لە میكانیزمی ژمارە (7)دا باسی مافی ژن دەكات لە بەدەستهێنانی دەرامەتی ئابووری‌و موڵكداری زەوی‌و موڵك‌و ماڵی تر و خزمەتگوزاریی بانكی‌و میرات‌و دەرامەتی سروشتی.
بەپێی یاسا نیشتمانیەكان‌و لەڕێگای ئەم بابەتە هەوڵدەدەین تیشك بخەینە سەر تواناداركردنی ژنان‌و كچانی هەرێمی كوردستان، لەڕێگای تیشك خستنەسەر توندوتیژی ئابووری دژ بە ژنان‌و كچانی كوردستان‌و دانانی میكانیزمی گونجاو بۆ كەمكردنەویان.

كەمكردنەوەی توانای ئابووری ژنان
یەكەم: توندوتیژی Violence: هەموو هەڵسوكەوتێك بە توندوتیژی دادەنرێت كە مانای توندوتیژی‌و چاوسووركردنەوەو سەرزەنشتكردن‌و برینداركردن‌و ئازاردان لە خۆبگرێت.
دووەم: توندوتیژی دژ بە ژنان‌و كچان: هەر هەڵسوكەوتێكی كۆمەڵایەتی ببێتە هۆی یان لەوانەیە ببێتە هۆی بریندابوون یان ئازاردانی (جەستەیی، سێكسی، دەروونی) ژن یان هەڕەشەكردن بە كردنی ئەو هەڵسوكەوتە، یان هەموو كارێكی ناچاری بێبەشكردن لە ئازادی لە ژیانی گشتی یان ژیانی تایبەتی.
سێیەم: جۆرەكانی توندوتیژی دژ بە ژنان‌و كچان:
1 – جەستەیی.
2 – زارەكی.
3 – دەروونی.
4 – سێكسی.
5 – ئابووری.
چوارەم: توندوتیژی ئابووری دژ بە ژنان‌و كچان: بریتییە لە كەمكردنەوەی توانای ئابووری ژنان‌و كچان‌و دوورخستنەوەیان لە بڕیارە ئابوورییەكانی خێزان، لەڕێگای ناچاركردنیان بەكاركردن‌و دوورخستنەوەی لەكاركردن‌و دەستگرتن بەسەر هەموو یان بەشێكی مووچەو كرێ‌و دەستهات‌و دەرامەتی ئابووریی ژنان‌و كچان‌و بێبەشكردنی لەمارەیی‌و میرات‌و موڵكداری‌و ناچاركردنی بە قەرزكردن‌و بەكارهێنانی كارتی دارایی‌و بەكارهێنانی ناویان لە مۆلەتی كاری بازرگانی‌و دارایی لە بەرژەوەندی كەسانی تر بەبێ بەرامبەر.

ناچاركردنی ژن
پێنجەم: جۆرەكانی توندوتیژی ئابووری دژ بە ژنان‌و كچان:
1- بێبەشكردنی ژن لە كاركردن‌و لە بەدەستهێنانی دەستهات، یان ناچاركرنی بەكارێك كە خۆی ئارەزووی ناكات، یان رێگرتن لە بەردەوام بوون لەكاركردن، پێنەدانی كرێ‌و مووچەی تەواو.
2 – دابین نەكردنی خەرجی ژیاری پێویست‌و پڕنەكردنەوەی پێداویستییەكانی ژن.
3 – لێستاندنی پارەی ژن‌و دەستگرتن بەسەر مووچەو كرێیەكەی یان نەدانی ئازادی تەواو لەسەر خەرجكردنی دەستهاتەكەی، زۆر جار ئەوە نرخی رێگادانە بەكاركردن‌و چوونە دەرەوە.
4 – دەستگرتن بەسەر موڵك‌و ماڵی ژن.
5 – ناچاركردن بە سازشكردن لە میرات.
6 – دەستبەسەراگرتنی مارەیی ژن بەبێ رەزامەندی خۆی.
7 – بێبەشكردنی كچ لە مێردكردن بەهۆی دانانی مەرجی مارەیی زۆر، یان بەهۆی سوودمەندبوونی خێزان لە مووچەی كچ.
8 – بە شوودانی كچ بە زۆرەملێ لە تەمەنێكی بچووكدا، بەمەبەستی دەستگرتن بەسەر مارەییەكەی.
9 – دەستگرتن بەسەر كارتی دارایی ژن‌و مامەڵەپێكردنی بەبێ رەزامەنی ژن.
10 – دەستگرتن بەسەر (موڵك)ی هەتیوو (دایك‌و باوك مردوو) لەلایەن كەسە نزیكەكانیان بە بیانووی تەمەن بچووكیان.
11 – خراپ بەكارهێنانی (الوكالات) تایبەت بە موڵك‌و ماڵ‌و چۆنێتی كارپێكردنیان.
12 – بەكارهێنانی ناوی ژن بۆ دەرهێنانی مۆڵەتی كاری بازرگانی بێدانی پشكی ژن لەم كارەدا.
13 – ناچاركردنی ژن بۆ قەرزكردن لە بانك‌و دامەزراوە داراییەكان، یان ناچاركردنی بە هەڵسان بەكڕین بەشێوەی قیست لە بەرژەوەندی یەكێك لە ئەندامانی خێزان.

تێچوونی ئازارە دەرونییەكان
شەشەم: تێچوونی ئابووری توندوتیژی دژ بە ژنان‌و كچان:
1 – تێچوونی راستەوخۆ: بریتییە لە تێچوونی خزمەتگوزاری تایبەت بە توندوتیژی دژ بە ژنان‌و كچان كە لەلایەن حكومەت‌و كەسەكان دەكرێت وەك دەستەبەركردنی كاڵاو شوێنی تایبەت بۆ چارەسەركردنی رزگاربووانی دەستی توندوتیژی‌و تێچوونی دان بە دادگا، تێچوونی خزمەتگوزاری سیستمی (الجنائیە) و پۆلیس‌و داواكاری گشتی‌و دادگاكان‌و زیندان‌و قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووان‌و تێچوونی خزمەتگوزاری تەندروستی‌و وەك (چارەسەری سەرەتایی‌و چاودێریكردن‌و چارەسەری جەستەیی‌و دەروونی) و تێچوونی نیشتەجێبوون وەك (نیشتەجێكردن‌و دووبارە نیشتەجێكردن‌و پەناگەكان)، و تێچوونی خزمەتگوزاری كۆمەڵایەتی وەك چاودێریكردنی منداڵان‌و تێچوونی راوێژكاری وەك راوێژكردن لەكاتی هێڵی تەلیفۆنی راستەوخۆ و تێچوونی یاسای شارستانی وەك دورخستنەوەی پیاوە توندوتیژەكان لەماڵەكانیان‌و پابەندكردنیان بەشێوازی جیاواز و تێچوونی نێوانكردنی یاسای خێزانی وەك جیابوونەوە.
2 – تێچوونی ناڕاستەوخۆ: بریتییە لە تێچوونی لە دەستدانی كار و بەرهەمداری‌و كە بریتییە لە دەستدانی كار و مۆڵەت وەرگرتنی زۆر لە كار و كەمبوونەوەی توانای بەرهەمداری كەسی توندوتژی بەرامبەركراو، كە كاریگەری هەیە لەسەر كۆی بەرهەمی نەتەوەیی‌و پەرەپێدانی ئابووری بەشێوەیەكی گشتی‌و خاوبوونەوەی گەشەی ئابووریی وڵات.
3 – تێچوونی ئازارە دەرونییەكان: بریتییە لە تێچوونی ئازار و مەینەتی كە بەسەر كەسەكان دێت لە ئەنجامی توندوتیژی وەك: ئازاری دەروونی ژنان‌و كچان‌و ئازاری دەروونی منداڵی ئەو خێزانانەی كە توندوتیژی تێدایە كە زۆر ئەستەمە ئەم جۆرە تێچوونانە بخەمڵێنرێت، بەڵام كاریگەری زۆری لەسەر ئاستی تێگەیشتن‌و بەرهەمداریان هەیە، كە دەكرێ لەڕێگای ئەم هێڵكارییەی خوارەوە جۆرەكانی تێچوونی ئابووری توندوتیژی دژی ژنان‌و كچان دیاری بكەین:

میكانیزم‌و ڕێگاچارە
حەوتەم: میكانیزم‌و ڕێگاچارەكانی توندوتیژی ئابووری دژ بە ژنان‌و كچان:
1 – زیادكردنی توندوتیژی ئابووری دژی ژنان لە یاسای باری كەسی لەپێناوی پاراستنی مافی ئابووریی ژن.
2 – گرتنەبەری رێكاری رۆشنبیری‌و كۆمەڵایەتی‌و میدیای تایبەت بە توندوتیژی ئابوووری دژ بە ژن لەڕێگای پڕۆگرامی تەلەفزیۆنی‌و سمینار و پڕۆگرامی تایبەت بە توندوتیژی ئابووری دژ بەژنان.
3 – رێكاری ئابووری كە بوار بە ژن بدات بۆ بەشداربوون لەكاركردن وەك تایبەتمەندكردنی هەندێك بواری كار تایبەت بە ژنان وەك (مۆڵەتی نووسینگەی شوفێری، شوێنی فرۆشتنی جلوبەرگ‌و پێداویستەكانی ژنان، وینەگری ناو كۆلێژەكان، پەڕاوگەكان، خواردنگەی زانكۆكان.. تد).
4 – رێكاری ئاینی لەڕێگای وتاری ئاینی لەلایەن مامۆستایانی ئاینی بە دیاریكراوی تیشك بخرێتە سەر توندوتیژی ئابووری دژ بە ژنان‌و روونكردنەوەی مافی ئابووریی ژن بۆ كۆمەڵگا، لەپێناوی پاراستنی مافی ئابووریی ژن.
5 – زیادكردنی توندوتیژی ئابووری دژی ژنان لە پڕۆگرامی خوێندن بە دیاریكراوی لە بابەتی مەدەنی، لە پێناوی پاراستنی مافی ئابووریی ژن.
6 – دامەزراندنی دامەزراوەی تایبەت بەڕاهێنان‌و فێركردنی مامەڵەی ئابووریی گونجاو بۆ خێزانە تازەكان بە دیاریكراوی لە بەڕێوەبەرایەتی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، وەك مەرجێك بۆ مارە بڕین.
هەشتەم: دانانی هێڵی توانا دارایی‌و ئابووری ژنان بۆ پەیوەندی‌و هاوكاری هەر كەسێك كە روبەڕووی توندوتیژی ئابووری دەبنەوە، لەڕێگای كەسێكی شارەزا لەبواری ئابووری‌و مافی ئابووری ژنان.

* مامۆستا لە زانكۆی سەڵاحەددین

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*