سەرەکی » وەرزش » كۆرۆنا وەرزش پەك دەخات

كۆرۆنا وەرزش پەك دەخات

بەهۆی كاریگەری ڤایرۆسی كۆرۆنا كە بەشێوەیەكی فراوان لەسەرتاسەری جیهان بڵاوبۆتەوە وەرزش پەكدەكەوێت كە زۆرێك لە وڵاتان بەهۆی مەترسییەكانی ئەو ڤایرۆسەو وەكو هەنگاو بۆ خۆپاراستن چالاكیە وەرزشییەكان دوادەخەن یاخود بەبێ بەڕێوەچوونی هاندەرانی ئەنجامی دەدەن.

پاڵاوتنی مۆندیال دواخرا
یەكێتی نێودەوڵەتی تۆپی پێ بڕیاری دا جەولەی داهاتووی پاڵاوتنی هەڵبژاردەكانی ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2022 و جامی ئاسیای 2023 دوابخرێت.
فیفاش لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردۆتەوە دوای گفتوگۆكردن لەگەڵ زۆرینەی یەكێتیە ناوخۆییەكانی تۆپی پێ لە ئاسیا فیفا و یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا بڕیاریاندا یارییەكانی داهاتووی پاڵاوتن دوابخرێن.
فیفا رونیكردۆتەوە كە یارییەكانی رۆژانی 23 و 31ی ئەم مانگە لەگەڵ یارییەكانی مانگی 6ی ئەمساڵ دوادەخرێن بۆ كاتێكی تر.

ئەمڕۆ پاریسییەكان لە هاندەرانیان بێ بەش دەبن
ڤایرۆسی كۆرۆنا بەردوامە لەسەر كاریگەریەكەی لەسەر تۆپی پێ و ئەمجارە دەبێتە هۆكار بۆ ئەوەی هاندەرانی پاریس سان جێرمان بێ بەش بن لە بینینی یاری یانەكەیان بەرامبەر بە یانەی بروسیا دۆرتمۆند لە چامپیۆنس لیگ.
بەرپرسانی ئەمنی فەرەنسا بڕیاریاندا یاری پاریس سان جێرمان و بروسیا دۆرتمۆند بەبێ ئامادەبوونی هاندەران بەڕێوەبچێت، ئەمەش بەهۆی كاریگەری ڤایرۆسی كۆرۆنا كە بەشێوەیەكی گەورە لە فەرەنسا بڵاوبۆتەوە.
ئەم بڕیارەش دوای ئەوە هات حكومەتی فەرەنسا بڕیاری دا رێگە نەدرێت بە هیچ كۆبوونەوەیەكی خەڵك كە ژمارەیان لە 1000 كەس زیاتر بێت.
لەدوای ئەم بڕیارەش پۆلیسی شاری پاریس لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند كە بە پشت بەستن بەو رێنماییانەی وەزارەتی بەرگری بڵاویكردۆتەوە بڕیاردرا یاری پاریس سان جێرمان و بروسیا دۆرتمۆند بەبێ هاندەران بەڕێوەبچێت.
ئەم بڕیارەش لێدانێكی بەهێزە بۆ هیواكانی پاریس سان جێرمان كە دەیەوێت كۆتایی بە گرێ كوێرەی قۆناغی 16ی چامپیۆنس لیگ بهێنێت كە 3 وەرزی رابردوو لەم قۆناغە ماڵئاوایی كردوە، ئامادەنەبوونی هاندەرانیش دەبێتە هۆی ئەوەی یانە پاریسیەكە چەكێكی بەهێز لەدەست بدات كە پێویستی زۆری پێیەتی بۆ ئەوەی قەرەبووی شكستی یاری چون بكاتەوە كە بە 2 گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێك دۆڕابوون.

خولی ئیتاڵیا تا مانگی داهاتوو رادەگیرێت
لەلایەكی ترەوە سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیا بڕیاری دا سەرجەم چالاكیە وەرزشییەكان لە وڵاتەكەی تا رۆژی 3/4 رابگیرێت لە نێویاندا خولی ئیتاڵیا.
كۆنتی سەرۆك وەزیران لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند كە هیچ هۆكارێك نییە كە وابكات لەم دۆخەدا یارییەكانی خولی ئیتاڵیا و چالاكیە وەرزشیەكان بەردەوام بێت بەتایبەت كە وڵات لە قەیرانێكی گەورە دابێت، پێویستە هەمووان لە ماڵەكانیان بمێننەوە بۆ ئەوەی پارێزراو بن.

خولی فەرەنسا بەبێ ئامادەبوونی هاندەران بەڕێوەدەچێت
رۆكسانا ماراسینیانۆی وەزیری وەرزشی فەرەنسا رایگەیاند كە رێوشێونی توند دەگرنە بۆ رێگری كردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵاتەكەیان.
رۆكسانا رایگەیاند یەكێك لەو رێوشوێنانە بەڕێوەچوونی یارییەكانی خولی فەرەنسایە بەبێ ئامادەبوونی هاندەران یاخود ئامادەبوونی ژمارەیەكی كەمی هاندەر كە لە هەزار كەس زیاتر نەبێت.
رۆكسانا ئاماژەی بەوەدا یاری فەرەنسا و ئیرلەندا لە خولی 6 وڵاتەكە بۆ یاری رەگبی كە بڕیاربوو شەممەی داهاتوو بكرێت دوادەخرێت بۆ كاتێكی نادرێت.
هەر بەهۆی ئەم رێوشوێنانەش حكومەت رێگە نادات هاندەرێكی زۆر ئامادەی بینینی قۆناغی دووەمی پێشبڕكێی پاسكیلسواری پاریس بۆ نیس بن بەتایبەت لە كۆتایی هەر قۆناغێكدا.
فەرەنسا یەكێكە لەو وڵاتانەی لەم چەند رۆژەی رابردوو بەشێوەیەكی بەربڵاو ڤایرۆسی كۆرۆنا تیایدا تەشەنەی كردوە كە ژمارەی توشبووان گەیشتۆتە 1400 كەس و 30 كەسیش گیانیان لەدەستداوە.
رۆكسانا وتی: لە ئێستادا یارییەكانی خولی فەرەنسا بەبێ هاندەران بەڕێوەدەچێت، ناتوانین یارییەكان دوابخەین چونكە كات نییە بۆ ئەوەی لە داهاتوو یارییەكان بكرێت بەهۆی بوونی یۆرۆ لەمساڵدا.

یارییەكانی خولی عێراق رادەگیرێت
یەكێتی تۆپی پێی عێراق رایگەیاند یارییەكانی خولی عێراق لەمڕۆ چوارشەممەوە رادەگیرێت ئەمەش بەهۆی كاریگەری ڤایرۆسی كۆرۆنا كە چەندین حاڵەتی نوێ تۆماركراوە.
یەكێتییەكە رایگەیاندوە بە پشت بەستن بەو دۆخەی چەند پارێزگایەك تێی كەوتووە و بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنا یەكێتییەكە پەیوەندی بە ئەحمەد ریازی وەزیری لاوان و وەرزش كردوە بۆ ئەوەی داهاتووی خولەكە دیاری بكات.
یەكێتیەكە دوپاتی كردۆتەوە كە ئەحمەد ریاز بەڵێنی داوە كە لەگەڵ حكومەت كاردەكەن بۆ دۆزینەوەی باشترین چارەسەر بەڵام لە ئێستا دا بۆ پارێزگاری كردن لە گیانی هاوڵاتیان واباشترە یارییەكان لە رۆژی چوارشەممەوە بوەستێنرێت.
یەكێتییەكە بڕیارەكەی جێ بەجێ كردوە بەڵام ئاماژەی بەوە ناداوە راگرتنی یارییەكان تا چ كاتێك دەبێت و تەنها ئاماژەی بەوەداوە كە لە داهاتوو وردەكاری زیاتر رادەگەیەنن.
بەپێی ئەو بڕیارەش یارییەكانی رۆژی پێنجشەممە دوا دەخرێن كە وابڕیارە مینا بەرامبەر بە زەوراو حدود بەرامبەر بە شورتە یاری بكەن.
خولی عێراق ئەم وەرزە كێشەی زۆری بۆ دروستبووە كە سەرەتا بۆ ماوەیەكی زۆر بەهۆی خۆپیشاندانەكان دواخراو دواتریش بەشێوازێكی نوێ دەستیپێكردەوە بەڵام ئەمجارە بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا رادەگیرێت.

بەشێوەیەكی رەسمی ماستەرزی ئیندیانا وێڵز بەهۆی كۆرۆنا هەڵوەشێندرایەوە
پاڵەوانێتی ماستەرزی ئیندیانا وێڵز بووە یەكەم پاڵەوانێتی تێنسی سەرزەوی بەهۆی كاریگەری ڤایرۆسی كۆرۆنا هەڵبوەشێتەوە.
رێكخەرانی پاڵەوانێتی تێنسی سەرزەوی ئیندیانا وێڵز كە یەكێكە لە پاڵەوانێتیەكانی ماستەرزو لە ریزبەندی یاریزانان 1000 خاڵی لەسەرە بەهۆی كاریگەی نەخۆشی كۆرۆنا بڕیاریانداوە پاڵەوانێتییەكە لەمساڵ بەڕێوەنەچێت.
لەو باریەوە تۆمی هاسی بەڕێوەبەری پاڵەوانێتییەكە وتی: زۆر بێ هیواین چونكە پاڵەوانێتییەكە ئەم وەرزە ناكرێت، بەڵام تەندروستی هاندەران و یاریزانان و سپۆنسەرەكان و كارمەندان لەپێش هەموو شتێكەوەیە، بۆیە بڕیارێكی دروستمان داوە.
ماستەرزی ئینیدیانا وێڵز یەكەم ماستەرزی ئەم وەرزەیە بۆ كوڕان و یەكەم پاڵەوانێتی پریمیەرە بۆ ئاستی كچان كە بۆ ئەوانیش لە ریزبەندی یاریزانان 1000 خاڵی لەسەرە.
رێكخەران ئاماژەیان بەوە داوە كە بڕیارەكە دوای ئەوە هات بەرپرسانی كالیفۆرنیا دۆخی باری نائاساییان راگەیاند بەهۆی گەیشتنی ڤایرۆسەكە بەو ویلایەتە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*