سەرەکی » دۆسێ » دەنگۆی راسپاردنەوەی عەبدولمەهدی لەئارادایەپەڕە 3

حكومەتی كاربەڕیكەر تا كاتی هەڵبژاردن

دەنگۆی راسپاردنەوەی عەبدولمەهدی لەئارادایە

رەوتەكان-

كەناڵێكی ئەمریكایی نزیك لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، ئاماژ بە بوونی دەستەواژەكانی ڕاسپاردنەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوەی عیراق دەكات بۆ پۆستەكەی، ئەمەش لەڕێی پێكهێنانی هاوپەیمانییەكی شیعە و كورد و سوننەوە.
بەپێی ڕاپۆرتێك كە لە 7ی ئاداری 2020، لەلایەن كەناڵی (الحرە)ی ئەمریكایی بڵاوكرایەوە”هاوپەیمانییە نوێیەكە، هەریەك لە هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆكایەتی هادی عامری و هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆكایەتی نوری مالیكی و پارتی دیموكراتی كوردستان بەسەرۆكایەتی مەسود بارزانی و هاوپەیمانی هێزە عیراقیەكان بەسەرۆكایەتی محەمەد حەلبوسی، لەخۆدەگرێت”.
لەڕاپۆرتەكەدا هاتووە”ئەو لایەنانە دەستدەكەن بە وتوێژی ڕاستەقینە لەپێناو سەرلەنوێ‌ ڕاسپاردنەوەی عەبدولمەهدی بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، ئەم هەنگاوەش لەلایەن هەندێك هێزی سیاسییەوە ڕەتدەكرێتەوە، بە تایبەت لەلایەن هاوپەیمانی نەسر بەسەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی و ڕەوتی حیكمە بەسەرۆكایەتی عەممار حەكیم و هاوپەیمانی وەتەنیە بەسەرۆكایەتی ئەیاد عەللاوی و چەند هێزێكی كوردی و هاوپەیمانی سائیرون بەسەرۆكایەتی موقتەدا سەدر”.
ڕاپۆرتەكەی كەناڵی (الحرە) پێیوایە”ئەو ڕەتكردنەوەیە هەڵقوڵاوی دیدی ئەو هێزانەیە كە بڕوایان وایە مەرجەعیەتی ئاینی سەرلەنوێ‌ پشتیوانی لە عەبدولمەهدی ناكات بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران، وێڕای ئەوەی مانەوەی عەبدولمەهدی لە پۆستەكەیدا خواستی زۆرینەی هێزە سیاسییەكان بوو بە جیاوازی پاشخانی مەزهەبی و نەتەوەیی و ئاراستەی سیاسییەكانیان”.
لەلایەكی تر و هەر لەبارەی كاندیدكردنی كەسێتییەك بۆ سەرۆكایەتی وەزیرانی عیراق، حەنین قەدۆ پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح ئاماژەی بە بوونی ناكۆكی زۆر كردبوو لەنێوان هێزە سیاسییە شیعییەكان و نوێنەرانی «كورد و سوننە» كە بە وتەی ئەو ناكۆكییەكان گەورەن و وادەكەن پرۆسەی هەڵبژاردنی كاندیدێك «هەروا ئاسان نەبێت».
قەدۆ لە 7ی ئاداری 2020 لە لێدوانێكیدا بۆ میدیاكانی عیراق رایگەیاندبوو»كەلێن و ناكۆكییەكان تائێستاش گەورەن لەنێوان حزبە شیعییەكان لەلایەك و نوێنەرانی پێكهاتەكانی تر لەلایەكی ترەوە، سەبارەت بە پرسی راسپاردنی كەسێتییەك بۆ سەرۆكایەتی حكومەتی داهاتوو، بیركردنەوەش لە داواكاریی و داخوازیی خۆپیشاندەران و دۆزینەوەی رێگەچارەی خوازراو، لەبەرانبەر بوونی گوشاری ناوخۆی و دەرەكیدا دەوەستێت كە كاروبارەكان هێندەی تر ئاڵۆزدەكەن، لە سایەی ئەو ناكۆكی و گوشار و فەرە لایەنانە».
حەنین قەدۆ پێیوایە»شكستی هێزە سیاسییەكان بۆ دەنگدان لەسەر حكومەتەكەی محەمەد تۆفیق عەللاوی، وامان لێدەكات لەمڕۆدا بكەوینە بەردەم بەرپرسیارێتییەكی گەورەتر لە هەڵبژاردنی كاندیدێك كە زیاتر پەسەندكراو بێت بۆ زامنكردنی دووبارەنەبوونەوەی ئەو شكستە، لەئێستاشدا كەوتووینەتە بەردەم دووڕێیانێك كە دەمانبات بەرەو رێكەوتن لەسەر كەسێتییەكی دیاریكراو، یان هێشتنەوەی حكومەتی كاربەڕێكەر، تا كاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتوو».
ئەو پەرلەمانتارەی هاوپەیمانی فەتح دەڵێت»ناوەكان سات بە سات دەگۆڕێن و ئێمە رێز لە هەموویان دەگرین، خواست و ویستی جیاوازیش هەیە، بۆیە پرۆسەكە هەروا ئاسان نییە و نابێت پشت بە یەك ناوی دیاریكراو ببەسترێت، لە حاڵەتی رانەسپاردنی ناوێكیش لەماوەی 15 رۆژدا كە لە دەستوردا دیاریی كراوە، ئەوا حكومەتی كاربەڕێكەر دەمێنێتەوە، تا ئەو كاتەی كەسێتییەكی نوێ‌ دەدۆزرێتەوە».
پێشتر سەرچاوەیەكی ئاگادار ڕایگەیاندبوو، بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عیراق چاوەڕوانی پێكهاتنی نێوان كوتلە سیاسییەكانە سەبارەت بە كاندیدێك بۆ سەرۆكایەتی وەزیران، بەبێ‌ ڕەچاوكردنی ئەوەی دەستوور مافی ئەوەی پێداوە، كێ‌ بە گونجاو دابنێت كاندیدی بكات.
سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار لە 4ی ئاداری 2020 بە میدیاكانی عیراقی ڕاگەیاندبوو، “بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عیراق چاوەڕوانی پێكهاتنی نێوان كوتلە سیاسییەكان و هێزە سیاسییەكانە لەسەر كاندیدێكی جێگرەوە بۆ محەمەد تۆفیق عەللاوی، تا پۆستی حكومەتی كاتی وەربگرێت، بەبێ‌ ڕەچاوكردنی ئەوەی دەستوور بەپێی ماددەی (76) لە بڕگەی سێیەمدا مافی ئەوەی پێداوە هەركەسێك بە گونجاو ببینێت بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ فراكسیۆنە گەورەكانی پەڕلەمان یان هێزە سیاسییەكان، لەلایەن خۆیەوە كاندیدی بكات”.
بە وتەی سەرچاوەكە، “بەرهەم ساڵح، مامەڵە لەگەڵ هەركەسێك دەكات، كە لەلایەن كوتلە سیاسییەكانەوە بە گونجاو دابنرێت، بە تایبەت دوای ئەوەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەر جێگرێكی بۆ ڕایی كردنی كارەكانی سەرۆكی حكومەت ڕاسپارد و بەچاوپۆشین لە ماددەی (81)ی دەستوور، كە باس لە پڕكردنەوەی بۆشایی دەستووری دەكات لەلایەن خۆیەوە، لەحاڵەتی پڕنەكردنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران”.
لە1ی ئاداری 2020 محەمەد تۆفیق عەللاوی، سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو، داوای لێبوردنی لە سەرۆك كۆمار كرد سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەتی كاتی و پاشەكشەكردنی خۆی ڕاگەیاند.
هەر لەو چوارچێوەیەدا بەرپرسێكی ئاگادار لە وردەكاری گفتووگۆكان بۆ ڕاسپاردنی جێگرەوەی محەمەد تۆفیق عەللاوی، كە پاشەكشەی كرد لە ئەركی پێكهێنانی حكومەتی كاتی، باسی ئاستەنگەكانی دەرچوون لە تەنگژەی ڕاسپاردن و پێشكەشكردنی كاندیدێكی تر دەكات، كە جێگەی ڕەزامەندی هەمووان بێت و لەلایەن پەڕلەمانەوە متمانەی پێ ببەخشرێت.
بەرپرسێكی ئاگادار لە وردەكاری گفتووگۆكانی تایبەت بە ڕاسپاردنی كەسێتییەك بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو، لە 3ی ئاداری 2020 بە ماڵپەڕی (الاخباریە)ی عیراقی ڕاگەیاندبوو، “بەرهەم ساڵح هەوڵیدا لەڕێی گفتووگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان، ڕاوبۆچوونەكان گەڵاڵە بكات، بە تایبەتیش ڕاوبۆچوونی ئەو هاوپەیمانیانەی پشتیوانیان لە عەللاوی دەكرد، لە ئاكامدا بۆی دەركەوت ئەوان ڕووە و ڕەتكردنەوەی هەر كاندیدێك دەچن، كە لەلایەن هێزە سیاسییەكانی ترەوە، كە عەللاوییان ڕەتكردبۆوە پێشكەش دەكرێت، ئەمەش بە كەسێتی كردنێكی ئاشكرای دۆسێی پێكهێنانی حكومەتە”.
بە وتەی ئەو بەرپرسە، كە نەیویستبوو ناوی خۆی ئاشكرا بكات، “یەكێك لە ڕێگەچارەكانی هەردوو هاوپەیمانی سائیرون (سەدر سیاسەتەكانی ئاڕاستە دەكات) و فەتح (بەسەرۆكایەتی هادی عامری) كە دەركەوتووترین پاڵپشتی عەللاوی بوون، هێشتنەوەی حكومەتی كاربەڕێكەرە، واتا (سیناریۆی نەبوونی كاندیدی ئارەزوومەندانە) و ڕێگرتن لە هەڵبژاردنی هەر كاندیدێكی جێگرەوە، بە واتای مانەوەی ڕەوشەكە وەك خۆی تا كاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت، ئەمەش لەلایەن زۆرێك لە فراكسیۆنە سیاسییەكانەوە ڕەتدەكرێتەوە، كە پێیانوایە لە بەرژەوەندی بەردەوامبوونی گەندەڵی و دەستباڵایی چەكی دەرەوەی دەوڵەت و لاوازیی شكۆی یاسایە”.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*