سەرەکی » دۆسێ » چەند دەستەواژەیەكی مژدەبەخش لەبارەی كۆرۆناوە لە عیراقپەڕە 24

وەفدێكی رێكخراوی تەندروستی جیهانی دەگاتە وڵات

چەند دەستەواژەیەكی مژدەبەخش لەبارەی كۆرۆناوە لە عیراق

رەوتەكان-

بۆ تاوتوێكردنی رێوشوێنەكانی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، وەفدێكی گەورەی رێكخراوی تەندروستی جیهانی كە لە ژمارەیەك پسپۆڕی گەورەی رێكخراوە پێكدێت دێتە عیراق، لە هەمان كاتدا كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ پێیوایە 80%ی توشبوان لە وڵاتدا بەبێ‌ وەرگرتنی چارەسەر چاكدەبنەوە، پزیشكێكی پسپۆڕی عیراقیش، وادەی لەناوچوونی ڤایرۆسەكە لە وڵاتدا ئاشكرا دەكات.

وەفدێكی رێكخراوی تەندروستی جیهانی
نوسینگەی ئەدهەم ئیسماعیل بەڕێوەبەری نوسینگەی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاندووە، وەفدێك كە لە گەورە پسپۆڕانی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی پێكدێت، لە 10ی ئاداری 2020 دەگاتە عیراق و ڕێوشوێنەكانی بنبڕكردنی كۆرۆنا تاوتوێ‌ دەكات.
ئەدهەم ئیسماعیل لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا لە 7ی ئاداری 2020 رایگەیاندبوو”لە 8ی ئاداری 2020 ، یەكەم وەجبەی ئامێرە پزیشكییەكان و پێداویستییە تەندروستییەكانی تایبەت بە بنبڕكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا، گەیشتە عیراق”.
بە وتەی بەڕێوەبەری نوسینگەی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی لە عیراق”ئەو وەفدەی لە 10ی ئەم مانگەدا دەگاتە عیراق، لە شەش گەورە پسپۆڕی ڕێكخراوەكە پێكدێت كە لە سویسرا و میسرەوە هاتوون”.
ئەدهەم ئیسماعیل پێیوایە”ڕێكارەكان لە فڕۆكەخانەكانی عیراق هاوتای پێوەرەكانی تەندروستی جیهانیین، ژمارەی ئەوانەی لە ڤایرۆسی كۆرۆناش چاكدەبنەوە، لە عیراقدا ڕوو لە زیادبوونن».

مافی مرۆڤ: رێژەی چاكبوونەوە لەسەدا 80یە
ئەندامێكی كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عیراق ڕایگەیاندبوو، بەپێی ئەو زانیارییانەی بەدەستییان گەیشتووە، ڕێژەی چاكبوونەوە لە ڤایرۆسی كۆرۆنا گەیشتۆتە 80%..
عەلی ئەكرەم بەیاتی، ئەندامی كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عیراق لە پەیجی تایبەتی خۆی لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (فەیسبوك) ڕایگەیاندبوو”بەپێی ئەو زانیارییانەی فەراهەمكراون، ڕێژەی چاكبوونەوە لە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵاتدا گەیشتۆتە 80%”، ئاماژەی بە چەند ڕێنماییەكیش كردبوو كە بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە پێویستە پەیڕەو بكرێن.
بەیاتی داوای لە “بەساڵاچووەكان و نەخۆشانی تەنگەنەفەسی و شەكرە و گوشاری خوێن و دڵ و دەمارەكان و بەكارهێنەرانی ئەو دەرمانای دەبنە مایەی دابەزاندنی بەرگری و ژنانی دوو گیان كرد، بایەخ بە تەندروستی خۆیان بدەن، چونكە زیاتر لەبارن بۆ توشبوون بە ڤایرۆسەكە”.

«بەرزبوونەوەی پلەی گەرما ڤایرۆسەكە لەناودەبات»
پزیشكێكی پسپۆڕی عیراقی پێیوایە، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو، پارەیەكی زۆری بۆ حكومەت گێڕایەوە لەڕووی پاكژكردنەوەی ناوچەكان لە دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا، پێشبینیش دەكات پەتاكە لە مانگی نیسانی داهاتوودا لەناوبچێت.
ئیهاب جابری، پزیشكی پسپۆڕی عیراقی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە”ئەو ڤایرۆسە كۆرۆنایەی گەیشتووەتە عیراق، لاوازە بەراورد بەوەی لە چین و ئێران هەیە، ئەمەش بەهۆی ئەو ڕێكارانەی لەدژی گیراونەتەبەر، پاكژكردنەوەش بە كلۆر و دیتۆڵ شیاوترین چارەسەرە بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە لە شوێنە گشتییەكاندا”.
بە وتەی ئەو پزیشكە عیراقییە پسپۆڕە”بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو، وایكرد ئەگەری گواستنەوەی نەخۆشییەكە لە شوێنە گشتییەكاندا لاوازببێت، بەو پێیەی ناتوانێت جگە لە دوو كاتژمێر لەبەر تیشكی خۆردا خۆی ڕابگرێت، بەراورد بە ناوچە شێدار و ساردەكان كە توانای مانەوەی 48 كاتژمێری هەیە”.
ئیهاب جابری پێیوایە”ئەگەر هەیە لەدوای بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە مانگی نیسانی داهاتوو پەتاكە لە عیراقدا نەمێنێت، لە بواری پاكژكردنەوەی شوێنە گشتییەكانیشدا پارەیەكی زۆر بۆ عیراق گەڕاوەتەوە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوو”.

رێوشوێنێكی تری خۆپارێزی
وەك گرتنەبەری رێوشوێنێكی تری خۆپارێزی لە دژی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵاتدا، ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، بڕیاردا ئاڵوگۆڕی وشكانی لەگەڵ هەریەك لە ئێران و كوێت ڕابگرێت، لە هەمان كاتدا ڕێگەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەڕێی دەریا و ئاسمانەوە بەردەوام بێت.
بەپێی بەڵگەنامەیەك كە لە 5ی ئاداری 2020 لە میدیاكانی عیراقدا بڵاوبۆوە و لەلایەن ئەمینداریی گشتی سەرۆكایەتی وەزیرانی عیراقەوە دەرچوو، و ژمارەیەك بڕیار لەخۆدەگرێت و بەپێی بڕیارەكان”ڕێگە بە عیراقییەكانی دانیشتووی ئێران دەدرێت تا 15ی ئادار بگەڕێنەوە بۆ خاكی نیشتمان، لەدوای ئەو ڕێكەوتەوە تەواوی مەرزە سنورییەكان دادەخرێن و پێشوازیی لە عیراقییەكان ناكەن، جگە لە هەردوو فڕۆكەخانەی بەغدا و بەسرە”.
هەر لە بەڵگە نامەكەدا هاتووە”جوڵەی بازرگانی وشكانی لەگەڵ ئێران و دەوڵەتی كوێت لە 8ی ئەم مانگەوە ڕادەگیرێت و تا ناوەڕاستی مانگ بەردەوام دەبێت، پێداچوونەوە بە بڕیارەكەشدا دەكرێت لەگەڵ هاتنەبەری هەر پێشهاتێكی نوێ‌ و هەڵسەنگاندنی وەزارەتی تەندروستی بۆ ڕەوشەكە، لەگەڵ ئەوەشدا پرۆسەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەڕێی دەریایی و ئاسمانییەوە بەردەوام دەبێت، بەو مەرجەی دەبێت بەڵگەنامەی تەندروستی هەبێت لەسەر سەلامەتی تیم و كاڵاكان و بەدووربونیان لە ڤایرۆس لەو وڵاتانەی لێوەی هاتوون، مەرزەكانی هەرێمی كوردستانیش پابەند دەكرێن بە بڕیارەكەوە”.
هەر لەو ماوەیەدا وەزارەتی تەندروستی عیراق، گیانلەدەستدانی دوو كەسی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە بەغدا ڕاگەیاندبوو، بەوشێوە ژمارەی ئەو كەسانەی تائێستا بەهۆی ڤایرۆسەكەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتونەتە سێ‌ كەس.
حاڵەتەكانی توشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە عیراق، تائێستا بە دەیان كەس دەبن و لە بەغدا و پارێزگەكانی تری عیراق تۆماركراون، یەكەم حاڵەتیش كە لە پارێزگەی نەجەف تۆماركرابوو، كەسێكی ئێرانی بوو كە دواتر بۆ وڵاتەكەی ڕەوانەكرایەوە.

print

 55 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*