سەرەکی » ئاراستە » منیش حه‌زم له‌ به‌هه‌شته‌ و له ‌دۆزه‌خ ده‌ترسم

منیش حه‌زم له‌ به‌هه‌شته‌ و له ‌دۆزه‌خ ده‌ترسم

سوپـا سـلام

به‌ر له‌ خوێندنه‌وه‌ی‌، ده‌مه‌وێت بزانیت باوه‌ڕم به‌ ئاینی‌ ئیسلام هه‌یه‌ و خۆشم داناوه‌ بۆ ئه‌و به‌هه‌شته‌ی‌ كه‌ تۆ ده‌ته‌وێت به‌ ده‌ستی‌ بهێنیت،به‌ ئه‌ندازه‌ی‌ ترسی‌ تۆش له‌و دۆزه‌خه‌ ده‌ترسم كه‌ رۆژانه‌ یار و نه‌یاری‌ بیركردنه‌وه‌كانتی‌ به‌ ره‌تڵ بۆ ده‌نێریت.
براو خوشكی‌ موسڵمانم له‌ كاتێكدا ناوچه‌كه‌مان به‌گشتی‌ و هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ تایبه‌تی‌ به‌ دۆخێكی‌ مه‌ترسیداردا تێده‌په‌ڕێت به‌هۆی‌ بڵاو بوونه‌وه‌ی‌ ڤایرۆسی‌ كرۆناوه‌، هیچ میرخاسیه‌ك نیه‌ دژی‌ رێنماییه‌ ته‌ندروستیه‌كان بوه‌ستیته‌وه‌ به‌ دروست كردنی‌ قه‌ره‌باڵغی به‌ ناوی‌ (نوێژی‌ جه‌ماعه‌ت و وتاری‌ هه‌ینی‌ و وانه‌ی‌ ئاینی‌ و…هتد).چونكه‌ ئه‌و رێنماییه‌ ته‌ندروستیانه‌ به‌ هه‌موو پێودانگێكی‌ ئاینی‌ (اقامه‌ حجه‌) له‌سه‌رت ماڵه‌،لوتكه‌ی‌ جه‌هاله‌ته‌ وابیر بكه‌یته‌وه‌ كه‌ ئه‌و رێكاره‌ ته‌ندروستیانه‌ بۆ دژایه‌تی‌ دینه‌كه‌ت و قه‌ڵاچۆكردنی‌ مزگه‌وت و نزرگه‌ دینیه‌كانه‌،چونكه‌ نه‌ مه‌غۆل و نه‌ ته‌ته‌ر و نه‌ خه‌باتی‌ زیاتر له‌ نیوسه‌ده‌ی‌ سیكۆلاریزم به‌ هه‌موو ره‌وته‌ جیاوازه‌كانیه‌وه‌ نه‌یتوانیوه‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌تۆ گومانی‌ بۆ ده‌كه‌یت پراكتیزه‌ی‌ بكات،به‌ڵام دڵنیابه‌ ئه‌و په‌تایه‌ به‌ هه‌رێمه‌كه‌ماندا بڵاو ببێته‌وه‌، دیندار و بێ‌ دین،چه‌پ و راست به‌هیلاك ده‌بات و هێز نیه‌ به‌ری‌ پێبگرێت،وه‌لێ‌ بینیمان زلهێزێكی‌ ئابووری‌ و سیاسی‌ و ته‌كنه‌لۆجی‌ وه‌ك چینی‌ به‌ چۆكدا هێنا.به‌ر له‌وه‌ی‌ به‌و ده‌رئه‌نجامه‌ خراپانه‌ بگه‌ین، ده‌قمان هه‌یه‌ كه‌ به‌ ئاشكرا پێمان ده‌ڵێت (ولاتلقوا بأیدیكم الی‌ التهلكه‌)،چونكه‌ پاراستن و ئازار نه‌دانی‌ مرۆڤ وه‌ك رووخانی‌ كه‌عبه‌ی‌ رووگه‌ی‌ موسڵمانان به‌ هه‌ند وه‌رگیراوه‌ (من یذی‌ مسلما بغیر حق، فكأنما هدم بیت الله).
براو خوشكی‌ موسڵمانم، تۆ كه‌ بۆ پرسه‌یه‌ك یان خوانێك دوو شار ده‌بڕی‌ و نوێژه‌كه‌ت (قصر و جمع) ده‌كه‌ی‌،نمه‌ بارانێكی‌ ره‌حمه‌ت ده‌بارێ‌ نوێژی‌ نیوه‌ڕۆ و عه‌سر و ئێواره‌ و خه‌وتنان (جمع و تقدیم) ده‌كه‌ی‌، وتیان ئه‌مڕۆ به‌هاره‌ هه‌ینی‌ لێبه‌ده‌رناكه‌ی‌ له‌ سه‌یران و گه‌شتیت،ئێستا خێره‌ كێرڤی‌ ئیمانت فوول بووه‌ واده‌زانی‌ ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌یه‌كی‌ كاتی‌ كۆبوونه‌وه‌ و قه‌ره‌باڵغی‌ له‌ مزگه‌وت و شوێنه‌ ئاینیه‌كان راگریت دووچاری‌ كوفر و توغیان بووی‌؟
ئه‌رێ‌ هه‌ر ئه‌م جه‌معه‌ موسڵمانه‌ نین له‌ بواری‌ زه‌كات و سه‌رفرتره‌دا سه‌ر به‌ ده‌رگای‌ هه‌زار فتواو حیله‌ شه‌رعیدا ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی‌ كه‌مترین رێژه‌ له‌ ماڵ و سامانمان ببه‌خشین؟ ئه‌رێ‌ هه‌ر ئێمه‌ نین بۆ رۆژووی‌ ره‌مه‌زان به‌ رێنمایی ئه‌گه‌ر فه‌ریكه‌ دكتۆرێكیش بێت خۆمان ده‌بوورین له‌ رۆژو گرتنی‌ ئه‌و مانگه‌ پیرۆزه‌؟ كه‌چی‌ ئێستا هه‌موو دكتۆری‌ جیهان و رێكخراوه‌ ته‌ندروستیه‌ نێوده‌وڵتیه‌كان تكامان لێده‌كه‌ن به‌ شێوه‌یه‌كی‌ كاتی‌ وازبێنین له‌ دروست كردنی‌ قه‌ره‌باڵغی‌ و مه‌راسیمه‌ ئاینییه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كان به‌ڵام به‌ قسه‌یان ناكه‌ین!؟.
خوشك و برای‌ دیندارم: تۆ ده‌زانی‌ مه‌به‌ستی‌ نوێژی‌ (جمع) ته‌نها و ته‌نها بۆ (لا یحرج أمته‌) بووه‌،ئه‌دی‌ به‌ڵایه‌كی‌ وه‌ك ڤایرۆسی‌ كرۆنا گه‌ر خوا نه‌كرده‌ بڵاو ببێته‌وه‌، ده‌زانی‌ چ پشێویه‌كی‌ ته‌ندروستی‌ و ئابووری‌ به‌سه‌ر ئه‌م میلله‌ته‌دا دێت؟ ئایا ره‌وا تر نیه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی‌ كاتی‌ بوه‌ستین؟ ئایا ده‌زانین كه‌عبه‌ی‌ رووگه‌ی‌ موسڵمانان و مزگه‌وتی‌ مه‌دینه‌ی‌ پیرۆز كه‌ هه‌موو دیندار و عارفی‌ كورد خه‌ون به‌ ته‌نها نوێژێكه‌وه‌ ده‌بینێت تیایدا ئێستا بۆ خۆپارێزی‌ له‌ ڤایرۆسی‌ كرۆنا چۆڵكراوه‌، له‌ كاتێكدا ته‌نها یه‌ك حاڵه‌ت له‌و وڵاته‌ ده‌ركه‌وتووه‌؟
ئه‌گه‌ر بابه‌ته‌كه‌ش خۆی‌ له‌په‌رچه‌ كرداری‌ ئه‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ بۆچی‌ (كافێ و دیسكۆ و ریستۆرانت و یانه‌كان…هتد) داناخرێن، ده‌بێت ئه‌مانیش له‌ چالاكی‌ به‌رده‌وامبن،له‌مه‌شدا لوتكه‌ی‌ جه‌هاله‌ت خۆی‌ ده‌رده‌خات كه‌ تۆی‌ موسڵمان به‌راوردی‌ مزگه‌وت و شوێنه‌ پیرۆزه‌كانت به‌ دیسكۆ و مه‌ساج بكه‌ی‌ له‌ كاتێكدا به‌رده‌وام مزگه‌وت و شوێنه‌ ئاینیه‌كان له‌سه‌ر و ئه‌وانه‌وه‌ خۆیان وێنا كردووه‌.
باوه‌ڕداری‌ ئازیز ئه‌گه‌ر بابه‌ته‌كه‌ دینداریه‌ ده‌قی‌ شه‌رعی‌ پێمان ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت سیر و پیازت خوارد توخنی‌ مزگه‌وت و نوێژ نه‌كه‌وی‌ (مَنْ أَكَڵ الْبَصَڵ وَالپُّوم وَالْكُرَّاپ فَلا ێقْرَبَنَّ مسْجِدَنَا، فَإِنَّ المَلائِكَه‌َ تَتَأَژَّی‌ مِمَّا یتأَژَّی‌ مِنْهُ بَنُو ێ‌دمَ) ئه‌دی‌ ئه‌گه‌ر په‌تایه‌كی‌ وه‌ك كرۆنات پێوه‌بێت كه‌ هه‌تا (14 رۆژ) نیشانه‌كانی‌ به‌روونی‌ تیادا ده‌رناكه‌ون، ده‌بێت چ حوكمێكی‌ شه‌رعی له‌سه‌ر بێت؟ئه‌گه‌ر بابه‌ته‌كه‌ش خوانه‌كرده‌ بۆ خۆ ده‌رخستن و ریاكاریه‌ و سبه‌ی‌ كه‌ خۆی‌ كاندید كرد، بڵێ‌ دژی‌ رێنماییه‌كانی‌ حكومه‌ت و كرۆناش وه‌ستامه‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌بێت هه‌موومان بڵێن (اللهم اهد قومی فانهم لا یعلمون)

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*