سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » یه‌كێتی و شه‌هیده‌كانی‌

لەناو روداوەکاندا

یه‌كێتی و شه‌هیده‌كانی‌

به‌شی هه‌شته‌م

ئه‌گه‌ر بڕیاره‌ چواره‌مین كۆنگره‌ی‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان تائه‌و ئه‌ندازه‌یه‌ كاریگه‌رو شوێنه‌واری‌ كاریگه‌رییه‌كانی‌ به‌جه‌سته‌ی‌ یه‌كێتییه‌وه‌ جێبهێڵیت، ئه‌وا ئه‌م حیزبه‌ حیزبێكی هێنده‌ بچوك و ناكاریگه‌ر نییه‌ كه‌ له‌ وتارێكدا بتوانین كۆی دیوه‌ مێژوویی و مۆدێرنێته‌كه‌ی‌، دیوه‌ سیاسی و دپلۆماتییه‌كه‌ی‌، سه‌ربازی و …. هتد بخه‌ینه‌ چوارچێوه‌یه‌ك و بتوانین له‌ وتارێكدا كۆی بكه‌ینه‌وه‌. مادام چاوه‌كان تا ئاستێكی زۆر له‌سه‌ر ده‌رئه‌نجام و لێكه‌وته‌كانی‌ چواره‌مین كۆنگره‌یه‌ ئه‌وا ئه‌م زنجیره‌ وتاره‌یش تاكو ئاستی چاوه‌ڕوانیی ده‌نگده‌ر و هه‌واداران و دڵسۆزانی‌ یه‌كێتی ده‌ڕوات.
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان پاشخانێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی هه‌یه‌ له‌سه‌روه‌ری‌ و خوێنی شه‌هیده‌كانی‌ و به‌شێكی به‌رچاوی مێژووه‌كه‌یه‌تی، ئه‌م پاشخانه‌ گه‌وره‌یه‌ ئه‌مڕۆ یه‌كێتی له‌سه‌ر وه‌ستاوه‌ و شانازییه‌كی گه‌وره‌ی یه‌كێتییه‌و لاپه‌ڕه‌ی مێژووی ئه‌م حیزبه‌ی‌ به‌ پرشنگداری‌ هێشتۆته‌وه‌، ئه‌و هه‌موو ژماره‌ شه‌هیده‌ كه‌ به‌خوێنی ئه‌وان كوردستان گه‌یشته‌ ئه‌مڕۆو لێره‌یشه‌وه‌ به‌ره‌و قۆناغی نوێ هه‌نگاو ده‌نێت. ئه‌م حیزبه‌ دره‌ختێكه‌ و به‌درێژایی مێژووی‌ خۆی له‌سه‌ر ڕووباری‌ خوێنی شه‌هیده‌كانی‌ گه‌شه‌ی كردووه‌ و ڕه‌گی داگوتاوه‌ به‌ناخی مێژووداو ڕۆیشتووه‌.
له‌پێش كۆنگره‌دا، ئه‌گه‌ر یه‌كێتی سستییه‌كی هه‌بووبێت له‌ خزمه‌تكردنی‌ كه‌سوكاری‌ شه‌هیدان و ئاوڕدانه‌وه‌یان، ئه‌وا دوای‌ كۆنگره‌ ئیدی هیچ بیانوویه‌ك نامێنێته‌وه‌ كه‌ بڵێین ئه‌م ڕووباره‌ خوێنه‌ موڵكی سه‌رده‌مێك بووه‌ و له‌سه‌رده‌مێكیتردا كۆتایی بێت. له‌پێش كۆنگره‌ یه‌كێتی وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ فۆكه‌سێكی تایبه‌تی خۆیی خستبێته‌سه‌ر ئه‌م به‌شه‌ پیرۆز و تایبه‌ته‌ی‌ مێژووی‌ خۆی، یه‌كێك له‌ مه‌كته‌به‌كانی‌ خۆی ناونا مه‌كته‌بی شه‌هیدان، به‌پێوه‌ری ئه‌و گیانفیدایی و قاره‌مانێتییه‌ی‌ كه‌ پێشمه‌رگه‌ و شه‌هیده‌كانی‌ یه‌كێتی بۆ كورد و كوردستانیان كردووه‌، ئه‌م هه‌نگاوه‌ی‌ یه‌كێتی‌ نه‌ك كارێكی باشه‌ به‌ڵكو كارێكی پیرۆز و موقه‌ده‌سه‌ و زۆر زیاتر له‌وه‌شیان پێویسته‌. به‌ڵام مه‌كته‌بێكی شه‌هیدان به‌بێ ئاوڕلێدانه‌وه‌ی‌ جدی له‌ كه‌سوكاری شه‌هیدان و له‌به‌رچاوگرتنی خه‌مه‌كانیان به‌س نییه‌ و پێویسته‌ مه‌كته‌بی شه‌هیدان مه‌كته‌بی به‌ پیرۆزكردنی‌ وانه‌كانی‌ شه‌هاده‌ت و پیرۆزكردنی‌ قوربانیدان بێت، ده‌بێت مه‌كته‌بی شه‌هیدان هه‌مان ئاماژه‌كانی‌ مه‌كته‌بێك بێت كه‌ هه‌مان وانه‌كانی‌ شانازیكردن به‌گیانفیدایی تێدا وه‌ربگیرێت.
له‌به‌ره‌به‌یانی مێژووی‌ دامه‌زراندی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه‌ بۆ ئه‌مڕۆ، ئه‌وه‌ی‌ ئه‌م حیزبه‌ له‌ ته‌واوی‌ حیزبه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ كوردستانی‌ گه‌وره‌ جودا ده‌كاته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ یه‌كێتی هه‌میشه‌ حیزبی قوربانیده‌ر و خوێنبه‌خشین بووه‌ به‌م كوردستانه‌ و ڕێگای‌ ئازادی گه‌ل و وڵات، لێره‌وه‌ وه‌ك چۆن یه‌كێتی به‌وه‌ له‌ حیزبه‌كانی دیكه‌ جودا ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ هه‌میشه‌ حیزبی یه‌كه‌م بووه‌ له‌به‌خشینی گیانی‌ پێشمه‌رگه‌كانی‌ به‌ سه‌روه‌ری‌ خاك و گه‌لی كورد، ئه‌وا ده‌بێت یه‌كێتی خوێنی شه‌هیده‌كانی‌ له‌ سه‌رو هه‌موو پیرۆزییه‌كانی دیكه‌یه‌وه‌ بێت و شه‌هیده‌كانی‌ یه‌كێتی گه‌لێك جوداتر خزمه‌ت بكرێن به‌ شه‌هیدانی‌ هه‌ر هێزو حیزبێكیتر، ئه‌مه‌ش به‌مانای‌ جیاكاری‌ له‌ خوێنی شه‌هیدان و جیاكردنه‌وه‌ی‌ ناسنامه‌ی شه‌هیدان ناڵێم، به‌ڵكو وه‌ك ئه‌وه‌ ده‌ڵێم كه‌ یه‌كێتی ته‌نها قوربانی به‌ تێكۆشه‌ره‌كانی‌ نه‌دات و دواتر به‌ری ئه‌و تێكۆشان و قوربانیدانه‌ بۆ خودی حیزب و كه‌سوكاری‌ شه‌هیده‌كانیش نه‌بێت.
به‌شێكی دیكه‌ی‌ ئه‌م پرسه‌ كه‌ ئه‌مه‌وێت قسه‌ی‌ له‌سه‌ر بكه‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌، سه‌ركردایه‌تی نوێی یه‌كێتی له‌دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ هه‌ڵبژاردنه‌ ناوخۆییه‌كانی‌ ته‌واو ده‌بێت، شار به‌شار و گوند به‌ گوندی كوردستان به‌دوای‌ ماڵی شه‌هیداندا بگه‌ڕێن و په‌یامی ئه‌وه‌یان پێبگه‌یه‌ننه‌وه‌ كه‌ یه‌كێتی موڵكی شه‌هیده‌كانی‌ ئه‌وانه‌ و حیزبی كه‌سوكاری‌ شه‌هیدانه‌ و ناكرێت له‌بیریان بكه‌ن و له‌ڕێباز و خه‌ونی شه‌هیده‌كان لابده‌ن. ده‌بێت جارێكی دیكه‌ سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی بگه‌ڕێته‌وه‌ ماڵه‌ شه‌هیده‌كان و نه‌وه‌ی‌ شه‌هیدان به‌و لۆژیك و بیرو باوه‌ڕو بازووه‌ گۆش بكاته‌وه‌ كه‌ شه‌هیده‌كانی‌ ئه‌وان له‌پێناویدا قوربانیان داوه‌ و خوێنی خۆیانیان له‌پێناودا به‌خشی، ئه‌بێت ئه‌وه‌ له‌به‌رچاو بگیرێت كه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ نه‌وه‌ی‌ شه‌هیدان و كه‌سوكاریان له‌حیزبه‌كه‌یان و بیروباوه‌ڕی شه‌هیده‌كانیان دوورنه‌كه‌ونه‌وه‌ پێویسته‌ جارێكی دیكه‌ یه‌كێتی بكرێته‌وه‌ یه‌كێتی «حیزبی شه‌هیدان».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*