سەرەکی » راپۆرت » ئاماده‌کردنی : ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا » ڤایرۆسی کۆرنا و توندڕەرویی ئایینی

ڤایرۆسی کۆرنا و توندڕەرویی ئایینی

لە پاش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، تەواوی وڵاتانی جیهان، ناچاربوون هانا بۆ کۆمەڵێک رێوشوێنی تایبەت ببەن بۆ خۆپاراستن لەم ڤایرۆسە کوشندەیە، وەکو داخستنی دامودەزگا حکومییەکان و شوێنە گشتییەکان، هەروەها داخستنی مزگەوت و کڵێساکان بۆ ماوەیەکی کورت، ئەمەش بە دڵی هەندێک کەس نەبوو، بەتایبەتی توندڕەوەکان لە ئاینە جیاجیاکان.
کەناڵی ” الحرة” ی ئەمریکایی راپۆرتێکی گرنگی لەوبارەیەوە بڵاوکردۆتەوە، تێیدا باسی تێڕوانینی زۆرێک لە بزووتنەوە توندڕەوەکان دەکات لە جیهاندا.
مەلایەکی سەلەفی توندڕەویی مەغریبی داخستنی مزگەوتەکان بە کوفر دادەنێت و قەشەیەکی توندڕەوی مەسیحیی ئەمریکاییش داخستنی کڵێساکان بەکاری شەیتان دادەنێت و پێی وایە کڵێساکان پاکترین شوێنی جیهانن و هیچ ڤایرۆسێک زاتی نییە زەفەریان پێ بەرێت.

داخستنی مزگەوت کارێکی ناشەرعییە
لە مەغریب لە پاش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، حکومەت بڕیاڕیدا تەواوی شوێنە گشتییەکان و دامودەزگا حکومییەکان و مزگەوتەکانیش دابخات، لە پاش ئەمە، مەلایەکی سەلەفی توندڕەو بە ناوی ” أبو النعيم” گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕی تویتەر بڵاوکردۆتەوە، تێیدا دەڵێت: ئەم کارەی حکومەت کوفرە و دژی ئاینی ئیسلامە، موسڵمانان ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریان تێناکات.
جگە لەوەش هەوادارانی ئەم مەلایە لە دژی بڕیارەکەی حکومەت، چوونە بەردەم مزگەوتێک کە دەرگاکەی داخرابوو، نوێژی بەکۆمەڵ (جەماعەت) یان کرد.

کوێت
لە کوێتیش مەلایەکی توندڕەو لە دژی داخستنی دەرگای مزگەوتەکان بوو، ” حاكم المطيري” سەرۆکی بزووتنەوەی سەلەفی توندڕەو لە کوێت، لە تویتێکیدا دژی داخستنی مزگەوتەکان وەستایەوە و دژی فەتوای پیاوانی ئاینی سعودیەش وەستایەوە، کە فەتوایان دابوو، کارێکی شەرعییە موسڵمانان خۆیان لە نەخۆشی بپارێزن. ئەو بە پێچەوانەوە داوای کردنەوەی دەرگای مزگەوتەکانی کردووە.
ئێران
لە ئێرانیش لە پاش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەشێوەیەکی بەربڵاو، حکومەت بڕیاری داخستنی مزگەوت و مەزارگەکانی دا، هەروەها داوای لە هاووڵاتیان کردووە لە ماڵەکانی خۆیان بمێننەوە و نەچنە شوێنە قەرەباڵغەکان، بەڵام هەندێک توندڕەوی ئاینی لە مەزارگەی ” مەعسومە” لە شاری قوم ، کۆبوونەوە و دژی بڕیارەکەی حکومەت ناڕەزاییان دەربڕیی و ویستیان بە زۆر دەرگاکە بکەنەوە.
لە شاری مەشهەدیش بەهەمان شێوەی قوم، کۆمەڵێک مەلای توندڕەو دژی بڕیاری داخستنی مەزارگەکان وەستانەوە.

ئەمریکا
لە ئەمریکاش توندڕەوی ئایینی دژی بڕیاری حکومەت وەستانەوە، کاتێک خاتوو جینا ریموند حاکمی ولایەتی رۆد ئایلاند، داوای لە خەڵکی کرد، ئەم ماوەیە نەچنە شوێنی قەرەباڵخییەوە و لە ماڵەکانی خۆیان بمێننەوە. بەڵام ئادەم یونگ ، قەشەی کڵێسای قەدیس پۆلس، لە تویتێکیدا داوای لە گەنجەکان کرد، کە رۆژی یەکشەممە بێنە کڵێسا بۆ نوێژکردن. دەشڵێت، کڵێسا پاکترین شوێنە و هیچ ڤایرۆسێک کاری تێناکات.
رۆژ لە دوای رۆژیش ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا زیاتر بڵاودەبێتەوە، تا ئێستاش هیچ دەرمانێک لە دژی نەدۆزراوەتەوە و هەنوکە جیهان لە جەنگێکی گەورەدایە لەگەڵ ئەم ڤایرۆسە، ئەگەرچی توندڕەوەکان هێشتا باوەڕ بەم رەوشە ترسناکە ناکەن.

سەرچاوە:
١-رجال الدين يرفضون إجراءات الوقاية من كورونا، سایتی کەناڵی الحرة. www.alhurra.com

 634 جار بینراوە