سەرەکی » راپۆرت » هۆكاری دەستگیركردنی میرە گەورەكانی سعودیە ئاشكرا دەبێت

هۆكاری دەستگیركردنی میرە گەورەكانی سعودیە ئاشكرا دەبێت

ئامادەكردنی: ئیدریس جەبار

دەنگۆی دەستگیركردنی میرە گەورەكان لەسەر فەرمانی میر محەمەد بن سەلمان-ی شازادەی جێنشینی سعودیە، تەوژمێك پێشبینی جۆراوجۆری بەشوێن خۆیدا هێنا سەبارەت بە هۆكاری لەكەداركردنی لەناكاوی ئەو میرانە.
ئەو پرسیارەی زۆرێك لە شرۆڤەكارانی سیاسی و سەنتەرەكانی لێكۆڵینەوە بۆتەوە ئەوەیە كە بۆچی بن سەلمان بڕیاریداوە ئەمجارە بەم شێوەیە رووبەڕووی ركابەرەكانی ببێتەوە، بەتایبەتی كە بە راستی ئەوان لاوازن و بەهیچ شێوەیەك توانای ئەوەیان نییە رووبەڕووی دەسەڵاتەكەی ئەو ببنەوە؟
لەو رووەشەوە مایكڵ ستیڤنز لە پەیمانگەی سەنتەری توێژینەوەی خزمەتگوزاریی شاهانە ” Rusi” بە (BBC)ی راگەیاندووە:

“دوای ئەوەی بن سەلمان لەو تەوژمە ناڕەزاییە نێودەوڵەتیە قوتاری بوو كە بەهۆی تیرۆركردنی جەمال خاشقچی رۆژنامەنووسی سعودی لەنێو كونسوڵخانەی سعودی لە ئیستەنبوڵ لە ساڵی 2018 رووبەڕووی ببۆوە، ئی تاتر هیچ شتێك نەماوە سڵی لێبكاتەوە و لێی بترسێت”.

بە وتەی ستیڤنز

“كۆشكی سپی، تا تا ئەو شوێنەی كە گونجا پشتیوانیی لە محەمەد بن سەلمان كرد، بەریتانیا و فەرەنساش تائاستێك ناڕازیی بوون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام بوون لە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ریاز، هەرچی روسیا و چینە هیچ بایەخێكیان بەو بابەتە نەدا”.

سیان لە گەورە ئەندامانی خانەوادەی شاهانەی سعودیە دەستگیركراون، بە برای خودی پادشا-شەوە، لەبەر چەند هۆكارێك كە تائێستاش رانەگەیەندراون. بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییە ئەمریكاییەكانیش، هەندێك لەوانە لە دواییدا ئازادكراون.
یەكەمجار ئەو دەستگیركردنانە لەلایەن رۆژنامەی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ”ەوە ئاشكراكرا و نووسیبووی كە لە بەرەبەیانی 6 ی ئاداردا بووە.
رۆژنامە ئەمریكاییەكە دەڵێت: سی دەستگیركراوەكە ئەحمەد بن عەبدولعەزیز، برا بچوكی پاشای سعودیە، محەمەد بن نایف جێنشینی پێشووی سعودیە و میر نەواف بن نایف-ن.
دەسەڵاتدارانی سعودیە، هیچ كۆمێنتێكیان لەسەر ئەو دەستگیركردنانە نەبووە و لەلایەن میدیاكانی ئەو وڵاتەشەوە تا ئێستا باسنەكراوە.

گواستنەوەی دەسەڵات
بە گوێرەی دوو سەرچاوەش كە یەكێكیان پەیوەندیی بە خانەوادەی شاهانەوە هەیە و ئەوی دیكەیان دیپلۆماتكارێكی بیانییە بە (BBC)یان رایگەیاندووە و میر محەمەد-یش بەوپەڕی تواناوە هەوڵ دەدات بە تەواوەتی دەست بەسەر دەسەڵاتدا بگرێت، ترسی ئەوەی هەیە میرە نەیارە ناڕازاییەكان لەدەوری میر ئەحمەد و میر محەمەد بن نایف كۆببنەوە، بەو پێیەی ئەگەر هەیە دوو جێگرەوەبن بۆ وەرگرتنی عەرشی شاهانەی سعودیە.

سەرچاوەیەكیش بە ئاژانسی (رۆیتەرز)ی رایگەیاندووە

“ئەمە ئامادەكارییە بۆ گواستنەوەی دەسەڵات، پەیامێكی روونی خانەوادەكەیە كە كەس ناتوانێت رێگریی بكات، یان جورئەتی روبەڕوبوونەوەی هەبێت”.

سەرچاوەكە دەشڵێت، ئامانجی سەرەكی هەڵمەتەكە، میر ئەحمەد بن عەبدولعەزیزی برای شا سەلمانە كە بە یەكێك لە سی ئەندامەكەی دەستەی بەیعەت و بەرپرسی هەڵبژاردنی پادشا و جێنشین دادەنرێت.
دەستەی بەیعەت كە لە ئەندامانی خانەوادەی كوڕانی شا عەبدولعەزیز پێكدێن و ژمارەیان 34 ئەندامە، ئامانجی زامنكردنی یەكێتیی سەدان میرە كە نەوەی داهاتووی خانەوادەی فەرمانڕەوان و دەبێت لە پشت پادشای نوێوە رابوەستن.

سەرچاوەیەكی نزیك لە خانەوادەی فەرمانڕەوای سعودیە بە (رۆیتەرز)ی رایگەیاندووە:

“میر ئەحمەد كە میوانداریی ژمارەیەك ئەنجومەنی كردبوو، گومانی لەسەر هەڵوێستی جێنشین دروستكردبوو لەسەر كۆمەڵێك پرس، لەوانەش پلانی ئەمریكا بۆ چارەسەكردنی ململانێی ئیسرائیل- فەلەستین”.

سەرچاوەكانی تر لەو بارەیەوە دەڵێن، ئەندامانی خانەوادەی فەرمانڕەوا كە هەوڵ دەدەن گۆڕانكاریی لە رێڕەوی ویلایەتی عەرشدا بكەن، بەو جۆرە تەماشای میر ئەحمەد دەكەن كە دەكرێت لەلایەن ئەندامانی خانەوادەكە و هێزە ئەمنییەكان و هەندێك لە هێزە خۆرئاواییەكانەوە پشتیوانی لێبكرێت.
چوار سەرچاوە كە پەیوەندییان بە خانەوادەی فەرمانڕەواوە هەیە دەڵێن، مەبەست لە هەنگاوی “دەستگیركردنەكە”، زامنكردنی گوێڕایەڵییە لەنیو خانەوادەی ئال سعودی فەرمانڕەوا كە هەندێك لە ئەندامەكانی بەر لەگواستنەوەی دەسەڵات لە حاڵًەتی مردنی پاشادا یان سازشكردنی لەسەر عەرشی شاهانە، ناڕازیین.

ئەو سەرچاوانە دەڵێن: ناڕازاییەكان گومانیان هەیە لە تواناكانی جێنشینی شاهانە لەڕووی بەڕێوەبردنی وڵات كە لە دوای تیرۆركردنی خاشقچی و هێرشكردنە سەر دوو دامەزراوەی نەوتی سعودی لە ساڵی رابردووەوە ئەو گومانانە زیاتر بوون.
میر ئەحمەد لە دوای گەڕانەوەی بۆ ریاز لە تشرینی یەكەمی 2018 پاش ئەوەی زیاتر لە دوو مانگ لە دەرەوەی وڵات بوو، بەشێوەیەكی كەمتر دەردەكەوت، دوای ئەوەی وەها دەركەوت كە رەخنە لە سەركردایەتی سعودیە دەگرێت، لەكاتی وەڵامدانەوەی ناڕەزاییەكان لە دەرەوەی بارەگای نیشتەجێبوونی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا كە دروشمی رووخاندنی دەسەڵاتی ئال سعودییان بەرزكردبۆوە.

دەستگیركردنەكانی ئەم دواییەش گومانی لەسەر تەندروستی شا سەلمان دروستكردووە كە تەمەنی 84 ساڵ دەبێت، لەكاتێكدا سەرچاوەكان دەڵێن، هێشتا تەندروستی و عەقڵێكی باشە، لە 8ی ئاداری 2020 تەلەفزیۆنی سعودی دیمەنێكی پادشای خستەڕوو لەكاتی سوێندخواردنی دوو باڵیۆزی سعودیە.

ستیڤنز بە (BBC) رایگەیاندووە:

“دەركەوتنەكە پەیامێك بوو لە سەلمان و محەمەد بن سەلمان و ئەندامانی تری خانەوادەكەوە بۆ پێكهاتن، ئەمەش رێوشوێنێكە كە دەكرێت پاڵپشتییەكان زامن بكات لەگەڵ بیرخستنەوەی هەمووان بەوەی كە كێ سەركردەیە”.

هەروەها دەڵێت

“كەس بەهەڵەدا ناچێت كە محەمەد بن سەلمان فەرمانڕەوای شانشینی عەرەبی سعودیە، ئەمەش هیچ گومانێك هەڵناگرێت”.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*