سەرەکی » راپۆرت » ئاماده‌کردنی : ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا » کۆرۆنا جگە لە نەخۆشی، هەژاریی و بێکاریش لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت

کۆرۆنا جگە لە نەخۆشی، هەژاریی و بێکاریش لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت

ڤایرۆسی کۆرۆنا کە ئێستا تەواوی جیهانی خستۆتە لەرزین، جگە لە نەخۆشییەکە، هەژاریی و بێکاریش لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. بەهۆی ئەوەی هێشتا مرۆڤایەتی نەیتوانییوە دەرمانێک دژی ئەم ڤایرۆسە کوشندەیە بدۆزێتەوە، تاکە دەرمان بۆ رووبەروبوونەوەی، خۆ زیندانیکردنە لە ماڵەوە و تێکەڵنەبوونی خەڵکە. ئەمەش مانای لاوازبوون و هەندێکجاریش ئیفلیجبوونی کەرتێکی زۆری ئابووریی بەتایبەتی “بیناسازیی، گەشتیاریی، رێگەوبان دروستکردن و بەشێکی زۆری پیشەشازیی” لەمەشدا یەکەمین چین کە زەرەمەند دەبێت، چینی هەژار و کرێکارانی جیهانن، بەتایبەتی ئەوانەی کە دەبێت رۆژانە کار بکەن، دەنا هیچ بۆ بژێویی شک نابەن.
ئێستاش تەواوی کارگە و کەرتە ئابوورییەکان یان بەتەواوەتی داخراون یان چالاکییان سنووردار کراوە، ئەمەش ژیانی ئەوانی خستۆتە بەردەم مەترسییەکی گەورەوە کە هیچی لە ڤایرۆسەکە کەمتر نییە.
بە پێی راپۆرتێکی رێکخراوی ” کاری نیودەوڵەتی” بێت، بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، رەوشی کرێکاران و بێکاران زۆر ناڕەحەتتر دەبێت و پێدەچێت بەهۆی ئەم کارەساتەوە، نزیکەی 25 ملیۆن کەس لە جیهاندا بێکار ببن. ئەمەش هێندەی تر ژمارەی بێکارانی جیهان زیاتر دەکات.

ساڵی 2019 ژمارەی بێکارانی جیهان 188 ملیۆن کەس بووە، ئەمساڵ سەرو 25 ملیۆن کەسی تری بۆ زیاد دەبێت.
هەر لەو راپۆرتەدا هاتووە، کە ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەریی ئێجگار خراپی دەبێت لەسەر ژیانی کرێکاران، بەهۆی کەمبوونەوەی هەلی کارو زەرەری کارگەکان، ئەمەش وادەکات کە داهاتی کرێکارانیش کەم ببێتەوەو پێدەچێت زیانی زۆر لەداهاتی کرێکاران بکەوێت کە وامەزندە دەکرێت لەنێوان 860 ملیار دۆلار بۆ 3.4 ترلیۆن دۆلار، زەرەر بەر داهاتی کرێکارانی جیهان بکەوێت. ئەمەش وادەکات کە 8 بۆ 35 ملیۆن کرێکاری جیهان، بەرەو هێڵی هەژاریی بچن. هەرچەندە لەسەرەتای ئەمساڵدا وا پێشبینی دەکرا، کە رێژەی هەژاریی لە جیهاندا کەمتر ببێتەوە، بەڵام ئێستا هەموو هیواکان بۆ کەمکردنەوەی هەژاریی لە جیهاندا لەناوچوون.
هەر لە راپۆرتەکەی رێکخراوی کاردا هاتووە، ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تەنگەژەی دارایی ساڵی 2008 و 2009 خراپترە، چونکە ئەو تەنگەژەیە بووە هۆی بێکاربوونی 22 ملیۆن کەس لە جیهاندا، بەڵام ئەم ڤایرۆسە دەبێتە هۆی بێکاربوونی خەڵکێکی زیاتر.

لەماوەی پێشوودا کەناڵی BBC بریتانی، راپۆرتێکی لە بارەی رەوشی هەژارانی هیندوستانەوە بڵاوکردەوە کە بەراستی تراژیدیاییەکی گەورە بوو. بە هەزاران کەس لە شاری نیودەلهییەوە بە کۆمەڵ کۆچیان دەکرد بۆ گوندەکانیان، ئەمجارەیان نەک لە ترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بگرە لەترسی ڤایرۆسی ” برسێتی و بێکاریی”. بەشێکی زۆری ئەو کرێکارانەی کە رۆژانە کار دەکەن، ئێستا بەهۆی پەککەوتنی بەشێکی زۆری کەرتی ئابووریی و کەرەنتینەکردنی خەڵکەوە، هیچیان دەست ناکەوێت و ناچار دەبێت بگەڕێنەوە بۆ گوندەکانیان.

کرێکارێکی هەژار بە کەناڵەکەی راگەیاندووە: لێرە ئەگەر ڤایرۆسی کۆرۆناش نەمانکوژێت، ئەوا برسێتی دەمانکوژێت.
بەداخەوە چ جەنگەکان و چ کارەساتە سروشتییەکان و چ نەخۆشییەکان، یەکەمین گورزی خۆیان لە جەستەی هەژاران دەدەن، لەکاتێکدا ئەوانیش هێندە لاوازن کە بەرگەی ئەم هێرشە دڕندانەیەی سروشت و مرۆڤ ناگرن و ئەم ڤایرۆسەش بە پلەی یەکەم پەلاماری جەستەی ئەوان دەدات، ئەگەر لە رێگەی خۆشییەوە نەیانکوژێت، ئەوا بەشێوەیەکی تر دەیانکوژێت.

سەرچاوەکان: ILO: 25 Millionen Arbeitsplätze weltweit durch COVID-19 bedroht. www.ilo.org

print

 23 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*