سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » “پێویسته‌ دواى ته‌واوبوونى قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆش هاووڵاتیان زیاتر پابه‌ندى رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌کان بن و خۆیان بپارێزن”

“پێویسته‌ دواى ته‌واوبوونى قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆش هاووڵاتیان زیاتر پابه‌ندى رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌کان بن و خۆیان بپارێزن”

دکتۆر کاشما سۆران پزیشکى نیشته‌جێى خولاو له‌ نه‌خۆشخانه‌ى پسپۆڕییه‌کانى دڵ له‌ سلێمانی بۆ کوردستانى نوێ: پێویسته‌ هاووڵاتییان به‌رده‌وام پابه‌ندبن به‌ رێنماییه‌کانه‌وه‌ و به‌هیچ شێوه‌یه‌ک نه‌ڕۆنه‌ شوێنى قه‌ره‌باڵغ

دیداری، عه‌لی فه‌ره‌ج کاشان

دکتۆر کاشما سۆران پزیشکى نیشته‌جێى خولاو له‌ نه‌خۆشخانه‌ى پسپۆڕییه‌کانى دڵ له‌ سلێمانی له‌ دیدارێکدا له‌گه‌ڵ کوردستانى نوێ، رایگه‌یاند: پێویسته‌ هاووڵاتییان به‌رده‌وام پابه‌ندبن به‌ رێنماییه‌کانه‌وه‌ و به‌هیچ شێوه‌یه‌ک نه‌ڕۆنه‌ شوێنى قه‌ره‌باڵغ، وتیشی: پێویسته‌ دواى ته‌واوبوونى قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆش هاووڵاتیان زیاتر پابه‌ندى رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌کان بن و خۆیان بپارێزن.

کاریگه‌ریی قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆ

دکتۆر کاشما سۆران پزیشکى نیشته‌جێى خولاو له‌ نه‌خۆشخانه‌ى پسپۆڕییه‌کانى دڵ له‌ سلێمانی له‌ دیداره‌که‌یدا له‌گه‌ڵ کوردستانى نوێ، له‌باره‌ى کاریگه‌ریی قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆ و شێوازى خۆپارێزیى هاووڵاتیان، ده‌ڵێت: ئه‌م خۆپارێزییه‌ى ئێستا له‌ ئاستێکى زۆرباشدایه‌ و دڵخۆشکه‌ره‌، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ رێوشوێنى زۆرباش په‌یڕه‌وکرا وه‌ک ئه‌وه‌ى به‌شێکى سنووره‌کان داخران و هاووڵاتیان که‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى وڵات گه‌ڕانه‌وه‌ که‌ره‌نتین کران، دواتر وه‌ستاندنى پرۆسه‌ى خوێندن و داخستنى شوێنه‌ گشتییه‌کان و له‌ کۆتاییشدا قه‌ده‌غه‌کردنى هاتوچۆ به‌شێوه‌یه‌کى به‌رچاو رێگری کرد له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسه‌که‌.

رۆڵی راگه‌یاندن

هه‌روه‌ها رۆڵى راگه‌یاندن به‌رز ده‌نرخێنێت و ده‌ڵێت: ئه‌و هه‌وڵه‌ى میدیاکان که‌ به‌به‌رده‌وامى هۆشیاریى بڵاوده‌که‌نه‌وه‌و گرنگیى زیاتر به‌ به‌رنامه‌ ته‌ندروستییه‌کان ده‌ده‌ن، یاخود ئه‌و چاوپێکه‌وتنانه‌ى له‌گه‌ڵ پزیشکه‌ پسپۆڕه‌کان ده‌کرێن، خزمه‌تێکى زۆرى کردووه‌ و ئاستى هۆشیاریى هاووڵاتیانى به‌شێوه‌یه‌کى به‌رچاو به‌رزکردۆته‌وه‌.

رێکاره‌کانى خۆپارێزیى

له‌ باسى رێکاره‌کانى خۆپارێزیشدا، ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو “پێویسته‌ هاووڵاتییان به‌رده‌وام پابه‌ندبن به‌ رێنماییه‌کان و به‌هیچ شێوه‌یه‌ک نه‌ڕۆنه‌ شوێنى قه‌ره‌باڵغ و تا بتوانن له‌یه‌کتر نزیکنه‌بنه‌وه‌، چونکه‌ وه‌ک ئاشکرایه‌ ڤایرۆسه‌که‌ چه‌ند رۆژێکى پێویسته‌ بۆ ده‌رکه‌وتنى نیشانه‌کانى و له‌و کاته‌شدا که‌ نیشانه‌کان له‌سه‌ر که‌سى تووشبوو دیارنییه‌، ڤایرۆسه‌که‌ تواناى گواستنه‌وه‌ى هه‌یه‌.بۆیه‌ پێویسته‌ هاووڵاتیان به‌ ته‌واوی پابه‌ندبن به‌ رێنماییه‌کانه‌وه‌ و له‌ ماڵه‌کانى خۆیاندا بمێننه‌وه‌.

داواش له‌ هاووڵاتیان ده‌کات ته‌نها له‌کاتى زۆر پێویستدا سه‌ردانى نه‌خۆشخانه‌کان بکه‌ن، له‌وکاته‌شدا ده‌ستکێش و ده‌مامک به‌کاربهێنن و به‌هیچ جۆرێک ده‌ست له‌ هیچ شتێک نه‌ده‌ن، وتیشی: نه‌خۆشخانه‌کان به‌ شێوه‌یه‌کى زۆر زانستى به‌رده‌وام پاکده‌کرێنه‌وه‌.

دکتۆر کاشما سۆران ده‌شڵێت: ته‌واوبوونى قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆ به‌ ماناى ته‌واوبوونى مه‌ترسییه‌کانی ڤایرۆسى کۆرۆنا نایه‌ت، بۆیه‌ پێویسته‌ دواى ته‌واوبوونى قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆش، هاووڵاتیان زیاتر پابه‌ندى رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌کان بن و زیاتر خۆیان بپارێزن.

  

print

 145 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*