سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » پێویستە هەموو كەسێك پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەكان بە ئەركێكی گرنگ بزانێت

پێویستە هەموو كەسێك پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەكان بە ئەركێكی گرنگ بزانێت

دكتۆر هارون محەمەد پزیشكی نیشتەجێی خولاو لە كلینیكی عەلی ناجی تایبەت بە نەخۆشی كۆرۆنا، بۆ كوردستانی نوێ: خۆپارێزی لە هەرێم لە ئاستێكی زۆرباشدایە

*پشكنینەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سلێمانی تەواو جێگەی متمانەن

دیداری، عەلی فەرەج كاشان

دكتۆر هارون محەمەد پزیشكی نیشتەجێی خولاو لە كلینیكی عەلی ناجی تایبەت بە نەخۆشی كۆرۆنا، لە دیدارێكدا لەگەڵ كوردستانی نوێ، رایگەیاند: پێویستە هەموو كەسێك پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەكان بە ئەركێكی گرنگ بزانێت، راشیگەیاند: پشكنینەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سلێمانی تەواو جێگەی متمانەن، وتیشی: خۆپارێزی لە هەرێم لە ئاستێكی زۆرباشدایە.

پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەكان ئەركێكی گرنگە

دكتۆر هارون محەمەد پزیشكی نیشتەجێی خولاو لە كلینیكی عەلی ناجی تایبەت بە نەخۆشی كۆرۆنا لە دیدارەكەیدا لەگەڵ كوردستانی نوێ، تیشكی خستە سەر گرنگی و پێویستی پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەكان و رایگەیاند: خۆپارێزی لە هەرێم لە ئاستێكی زۆرباشدایە، پێویستیشە هەمووكەسێك پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەكان بە ئەركێكی گرنگ بزانێت دەشڵێت: بەشێكی زۆری ئەو كەسانەی سەردانی ئێمە دەكەن لە كلینیكی عەلی ناجی، ئەو كەسانەن كە لە دەرەوەی وڵات گەڕاونەتەوە و هەندێكیان بارودۆخی ئەو شوێنەیان لێدەپرسم كە لێوەی گەڕاونەتەوە، لە وەڵامدا دەڵێن “ئەو ڕێكارانەی لێرە گیراونەتەبەر بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە، لە كەرەنتینەكردن و داخستنی شوێنە گشتییەكان و قەدەغەی هاتوچۆ، جێی دەستخۆشییە، چونكە لە وڵاتانی ئەوروپا بەوجۆرە نییە”، دەشڵێت: پشكنینەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سلێمانی تەواو جێگەی متمانەن، هەروەها باس لە توانا تەندروستییەكانی هەرێم دەكات و دەڵێت: ئامادەكارییەكانی حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان لە ئاسێكی زۆر باشدابوو، بەڵام هەموو لایەك ئەو راستییە دەزانن كە توانای تەندروستی سنووردارە.

چەند رێنماییەك بۆ هاووڵاتیان

دكتۆر هارون محەمەد لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا چەند رێنماییەك بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا دەخاتەڕوو، لەوبارەیەوە دەڵێت: پێویستە هاووڵاتیان رەچاوی ئەم خاڵانە بكەن:

*مانەوە لە ماڵەوە و دووركەوتنەوە لە قەرەباڵغی.

*داپۆشینی دەم و لوت لە كاتی پژمە و كۆكەدا.

*بەكارهێنانی ماسك و دەستكێش.

*پێویستە زوو زوو دەستمان بشۆین بە ئاو و سابون، یان هەر پاكژكەرەوەیەك كە كحول لە پێكهاتەكەیدا هەبێت.

*پێویستە خواردنەكان بە باشی بكوڵێنین، چونكە ڤایرۆسەكە لە پلەی گەرمی سەروو ٦۰ پلەی سەدی لەناو دەچێت.

*لەكاتی هەبوونی تا و كۆكە و هەناسەتوندی، بەزووترین كات سەردانی نەخۆشخانە بكە.

print

 445 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*