سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌ » نوێنەران ئامادەكاریی بۆ متمانەبەخشین بە كابینەی نوێ دەكات

نوێنەران ئامادەكاریی بۆ متمانەبەخشین بە كابینەی نوێ دەكات

ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئامادەكاریی دەكات بۆ متمانەبەخشین بە كابینەی نوێ، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە پەرلەمانتارانی كورد بگەڕێنەوە بەغدا.

حەسەن ئاڵی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بە PUKmediaی راگەیاند: ئەمڕۆ پەرلەمانتارانی سەرجەم فراكسیۆنەكان بە فراكسیۆنە كوردستانییەكانیشەوە دەگەڕێنەوە بەغدا بۆ ئامادەكاریی بەمەبەستی دەنگدان بەكابینەكەی مستەفا كازمی، وتیشی: پێدەچێت ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەكی لێكتێگەیشتن لەنێوان فراكسیۆنەكاندا بكرێت و پاشان كاتێك دابنرێت بۆ كۆبوونەوەی نوێنەران و متمانەبەخشین بە كابینەی نوێ.

״تائێستا كاتی كۆبوونەوەی نوێنەران دیارینەكراوە״
لەلایەكی دیكەوە، حەسەن ئاڵی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: دوای پێشكەشكردنی كارنامەی كابینەی داهاتووی حكومەتی عیراق بە سەرۆكایەتیی مستەفا كازمی، تائێستا كاتی بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ متمانەبەخشین بە كابینەی نوێ دیارینەكراوە. وتیشی: بۆ هەڵسەنگاندنی كارنامەی كابینەی نوێ، ئەنجومەنی نوێنەران لیژنەیەكی بە سەرۆكایەتیی جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەن پێكهێناوە بۆ ئەوەی سەرجەم پەرلەمانتاران گفتوگۆ لەسەر ئەو بەرنامەیە بكەن و خاڵە لاواز و بەهێزەكانی دەستنیشان بكرێت.

״هێشتا رێكەوتنی كۆتایی لەسەر ناوی سەرجەم كاندیدەكان نەكراوە״
هەروەها ئەڵماس فازل ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: پێویستە 48 سەعات پێش دەستپێكردنی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران ناوی وەزیرەكانی كابینەی نوێ بە سەرۆكایەتیی مستەفا كازمی پێشكەش بە ئەنجومەنی نوێنەران بكرێت، وتیشی: پێویستە ئەم هەفتەیە كاتی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ متمانەبەخشین بە كابینەی نوێ، یەكلابكرێتەوە،

راشیگەیاند: بەهۆی ناكۆكیی لەسەر ناوی هەندێك لە كاندیدەكانی حكومەتی داهاتوو، چاوەڕوان دەكرێت دەنگدان لەسەر بەشێك لە وەزیرەكانی كابینەی نوێ بخرێتە دوای پەسەندكردنی كابینەی حكومەتەوە، چونكە تائێستا قسەو باسی زۆر لەسەر ناوی كاندیدەكان هەیە و بەگوێرەی زانیارییەكان هێشتا رێكەوتنی كۆتایی لەسەر ناوی سەرجەم كاندیدەكان نەكراوە.

print

 181 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*