سەرەکی » مانشێت » راگەیەنراوی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیی (ی.ن.ك)

راگەیەنراوی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیی (ی.ن.ك)

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ (10/5/2020)، ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەئامادەبوونی هاوسەرۆكان، لەشاری سلێمانی كۆبۆوە.

لەكۆبوونەوەكەدا تاوتوێی دۆخی سیاسیی كوردستان و عێراق و بەتایبەتی ژیان و گوزەرانی دژواری هاووڵاتیانی كوردستان، كاروباری ئۆرگانەكان كرا.

لەسەر پرسی پەرلەمانی كوردستان، كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی پێیوابوو كۆبوونەوەی ڕۆژی (٧/٥/٢٠٢٠) لەپەرلەمانی كوردستان پێشهاتێكی مەترسیدارە بۆ تێكدانی یەكڕیزیی نیشتمانی و تەبایی سیاسی نێوان هێزەكانی پێكهێنەری پەرلەمان و پرۆسەی سیاسی كوردستانیشی خستەژێر پرسیارەوە، بەتایبەتی تێوەگلاندنی كۆتای پێكهاتەكان لەپرسی زۆرینە و كەمینەی دیموكراسی دا، كە ئەمە بەتاڵكردنەوەی ناوەڕۆكی مافی پێكهاتەكانە لەجەوهەری بەشداری دیموكراسی و نوێنەرایەتی ڕاستەقینەیان لەدامەزراوەی تەشریعیدا كە (ی.ن.ك) بڕوای پتەو و جێگیری هەیە بەو مافانە و پێداگریان لەسەر دەكات.

لەبەر رۆشنایی ئەو پێشهاتانەدا ئەنجومەنی سەركردایەتی بڕیاریدا بە هەماهەنگی و راوێژ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان هەڵوێستی هاوبەش گەڵاڵە بكرێت بۆ رێگری كردن لە (ئینفیراد) و تاكڕەوی و بەكارهێنانی دامەزراوەیەكی دیموكراسی و نیشتمانی وەك پەرلەمان بۆ بەرژەوەندی تەسكی حزبی.

لەبەشێكی تری كۆبونەوەكەدا، هەڵسەنگاندنی ئیجابی كرا بۆ ڕاپۆرتەكانی: تیمی یەكێتی لە حكومەتی هەرێم و وەفدی دانوستانكاری حكومەتی هەرێم لە بەغدا، هەردوو فراكسیۆنی یەكێتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانی كوردستان و هەروەها راپۆرتی مەكتەبی پەیوەندییەكان لەسەر پەیوەندی كوردستانی و عێراقی و گفتوگۆی تێروتەسەلی لەبارەوە كران، سەركردایەتی راسپاردە و رێنمایی پێویستی پێدان بۆ ئەركەكانی داهاتوویان.

جێگای باسە بەشی زۆری كۆبوونەوە تەرخانكرا بۆ دۆخی بژێوی و گوزەرانی نالەباری هاوڵاتیانی كوردستان بەتایبەت لەهەلومەرجی دواكەوتنی مووچە و دەرهاویشتەكانی دوای پەتای (كۆرۆنا) و قۆناغی كەرەنتینەكردن كە بوونە ئەركی سەربار لەسەر ژیانی مووچەخۆران و توێژی كاسبكارانی كوردستان.

ئەنجومەنی سەركردایەتی وێڕای دەستخۆشی لە ئیدارەی خۆجێیی شارەكان و دەزگا پەیوەندیدارەكانیان و خۆڕاگری هاوڵاتیان و پابەندبوونیان بەرێكارەكانی خۆپارێزی كە بوە هۆی تێپەڕاندنی تا رادەیەكی زۆری مەترسییەكانی پەتای (كۆرۆنا)، دووپاتیكردەوە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان شایستەی ژیانێكی باشترن، كە بارتەقای خۆڕاگری و پابەندبوونەكەیان بێت.

لەتەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا، ئەنجومەنی سەركردایەتی بەبایەخەوە هەڵوەستەی جدی كرد لەسەر پرسی (لامەركەزییەتی ئیداری) هەروەك لەرێكەوتنی سیاسی نێوان یەكێتی و پارتی بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەم و كارنامەی حكومەتی هەرێمیشدا هاتووە و ئێستایش بۆتە خواستێكی میللی و گشتگیر لەسەرانسەری هەرێمی كوردستاندا و پێویستە هەرچی زووە بچێتە بواری جێبەجێ كردنەوە.

ئەنجومەنی سەركردایەتیی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
(10) ی ئایاری 2020

print

 465 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*